پرژە ڕزگار، بە هەوڵدان بەربەستەکان تێکدەشکێنێت

ئومێدی بەدەستهێنانی ئامانج وای لە گەنجێک کردووە بەردەوامبێت لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، پێی وایە دەبێت ڕەخنەکانی کۆمەڵگە گەنج پێبگەیەنێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- تا دێت ژنانی گەنجی هەوڵدەر زیاتر دەبن لە کۆمەڵگەیەکدا کە هەمیشە هەوڵی ونکردنی تواناکانی ژن دەدات، ویستی هەموو گەنجێک گەیشتنە بەو خولیایەی لە ناخیدایە، بۆ ئەم مەبەستە تەنها هەوڵدان و شوێنکەوتنی ئامانج، هۆشیارکردنەوەی خودی خۆیان و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگە و خێزان گرنگە.

 

پرژە ڕزگار، تەمەن ٢٠ ساڵە و یاریزانی یانەی وەرزشی سەنحاریبی شاری دهۆکە، یەکێکە لەو ژنە گەنجانەی لە سەرەتایی تەمەنییەوە خولیای وەرزشی هەبووە، لە پاڵ خوێندنەکەیدا بەردەوام وەرزشی کردووە و بووەتە بەشێک لە خۆی، خولیای بۆ وەرزش وایکردبوو پرژە لە خوێندنگە زۆرترین گرنگی بدات بە وانەی وەرزش بە بەراورد بە وانەکانی دیکە، هیچ وانەیەکی وەرزش نەبوو بەشداری نەکات و یاری تێدا ئەنجام نەدات.

 

پرژە لە تەمەنی منداڵییەوە حەزی بە وەرزشکردن هەبووە، بەڵام لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا و لە ساڵی ٢٠١٥ پەیوەندی بە یانەی وەرزشی پێشمەرگەوە بۆ یاری تۆپی پێ کردووە، پاش چەند ساڵێک لە وەرزشکردن لە بواری تۆپی پێدا، وەرزشەکەی گۆڕی بۆ بالە لە هەمان یانەدا بەڵام لە ئیستادا لە یانەی سەنحاریبی دهۆکە.

 

لە منداڵییەوە خولیای وەرزشی هەبووە

ئەو یاریزانە جگە لەوەی خۆی خولیای وەرزشی لە ناخیدا هەبووە و بەردەوام حەزی بە وەرزش هەبووە، هەبوونی خێزانێکی وەرزشیش دووبارە هۆکار بووە بۆ ئەوەی زیاتر خولیای وەرزشی هەبێت، وتی "بە خێزانی لەگەڵ باوکم و دایکم تەماشای وەرزشمان دەکرد بەتایبەت تۆپی پێ ئەمە وایکرد حەزی زیاترم بۆ تۆپی پێ و وەرزش هەبێت، دواجار ڕوومکردە یانەی وەرزشی پێشمەرگە و دەستم بە یاریکردن کرد".

 

پرژە هێندە حەزی بە وەرزش هەبووە لە ناوبەری وانەکانی خوێندنگەیدا نەک تەنها پشووی نەدەدا بەڵکو لەگەڵ تۆپەکەی دەستی یاری دەکرد و کاتەکانی لەگەڵی بەسەردەبرد، لە کاتی ماڵەوەشدا بەردەوام تەماشای یاری دەکرد.

 

باسی لە هۆکاری گۆڕینی تۆپی پێ بۆ وەرزشی بالە ڕوونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە سەرەتا خولیای بۆ تۆپی پێ هەبووە و ئامانجی بووە لە یانەی پێشمەرگە لەو وەرزشەدا یاری بکات بەڵام بەهۆی ئەوەی یانەی پێشمەرگە گروپپی کچانی بۆ تۆپی پێ هەڵوەشاندووەتەوە و ئەمیش وەک یاریزانێک یانەکەی بەجێنەهێشتووە بەڵکو یاریکەی گۆڕیوە.

 

بەشداری چەندین خول و پاڵەوانیەتی کردووە

دەربارەی وەرزشە جیاوازەکان پرژە ڕوونیکردەوە، تەواوی وەرزشەکان چێژی تایبەتی خۆی هەیە بەڵام خودی خۆی زیاتر خولیای تۆپی پێ بووە، بەڵام لە ئێستادا بالە دەکات دەڵێت "پێموابوو لە تۆپی پێدا سەرکەوتوو بم بەڵام کاتێک یاری بالەم ئەنجامدا ئێستا هەستەکەم لەگەڵ بالەدا زیاتر گوونجاوم".

 

پرژە لە یانەی پێشمەرگە بەشداری چەندین خولی کوردووە وەک، کوردستان، عێراق و ژیانەوە کە ساڵانی ڕابردوو لە خولی ژیانەوەدا پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە، بەدەر لەوە لەگەڵ یانەی سلێمانی و یانەی نەجەف بەشداری چەند خولێکی کردووە، کۆتا خولی عێراقیش لەگەڵ یانەی سەنحاریب بوو کە تیایدا پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا، پاشان پرژە یەکێک بوو لەو یاریزانانەی هەڵبژێردرا بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی عێراق و بەشداری پاڵەوانیەتی عەرب ئاسیای کرد و لەگەڵ یانەکەیدا پلەی چوارەمیان بەدەستهێنا.

 

"بەرەوپێشچوون لە خولیاکانی مرۆڤدا هێندەی خوێندن گرنگی هەیە"

وەک گەنجێک پرژە باسی لەوەکرد گرنگە مرۆڤ لە پاڵ خولیاکانیدا گرنگی بە خوێندنەکەشی بدات و پشگوێی نەخات بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە مافی تەواو بداتە هەردووکیان، وتی"هەرچەندە گرنگە مرۆڤ خولیاکانی بەدیبهێنێت بەڵام خوێندنیش گرنگە، من دەخوێنم لە پێناو وەرزشدا و ئامانجمە بەشی وەرزش تەواو بکەم، لەگەڵ ئەوەی تەواو هیلاک دەبم بەڵام هەوڵ دەدەم لە پێناو ئامانجەکەم".

 

ئاماژەی بەوەدا وەک خوێندکارێکی قۆناغی ١٢ کاتی پشوودانی کەمە چونکە پرژە لە ڕۆژێکدا دوو کاتی جیاواز  و ماوەی چوار کاتژمێر ڕاهێنان دەکات، بەیانیان ڕاهێنانی لەشجوانی، دواتر ڕاهێنانی بالە وەک یاریزانی بەرگریکار زیاتر ئەو ڕاهێنانە ئەنجامدەدات کە بەرگریکار لە یاریدا ئەنجامی دەدات.

 

"بوونی کۆمەڵگەیەکی ناهۆشیار بەشداری ژنانی لە وەرزشدا کەمکردووەتەوە"

دەربارەی ڕێگرییەکانی بەردەمی پرژە ڕزگار باسی لەوەکرد، هەمیشە بۆ ئەنجامدانی هەنگاوێکی نوێ ڕێگری دروست دەبێت بەڵام ڕێگرییەکانی پرژە لەلایەن خێزانەکەیەوە نەبووە بەپێچەوانەوە بەردەوام پاڵپشتیان کردووە، بەڵام لەلایەن کۆمەڵگە و ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژی ڕێگری دروست بووە، وتی "هەمیشە کۆمەڵگە قسە لەسەر ژنێک دەکات کە هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بدات، بەڵام من هیچکات بەو قسانە کاریگەر نەبووم و کردوومەتە هەنگاوێک بۆ سەرکەوتنی زیاتر".

 

سووربوونی لەسەر خەونەکانی وایکردووە وەک یاریزانێک بەردەوامبێت، و گوێ بە تەواوی ئەو قسانە نەدات کە دەڵێن "ژن و وەرزشیان نەتووە، یاخود وەرزش بۆ ژنان نابێت"، بە پێچەوانەوە پرژە پێی وایە ژنان باشتر دەتوانن وەرزش بکەن و سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە لە وڵاتانی دەرەوە زیاتر گرنگی بە وەرزش دەدرێت بۆ ژنان بەڵام لە هەرێمی کوردستان هۆشیاری کەمترە هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ کۆمەڵگە و خێزانەکان کە ڕێگە نادەن کچ و ژنەکانیان بەردەوام لە ڕاهێنان و یانەکان بن بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنان، یاخود ئەرکی نەبڕاوەی ژنان هۆکارێکی ترە چونکە ژنان زۆرترین ئەرکیان هەیە لە ماڵەکاندا بۆیە ئاستی بەشداریکردنیان کەمترە.

 

"شوێنکەوتنی ئامانجەکانت دەتگەیەنێت بە مەحاڵەکانی ژیان"

پرژە وەک یاریزانێک ئامانجیەتی لە یاریکردن و ئەنجامدانی وەرزش نەوەستێت بەڵکو زیاتر گەشە بکات، نەک تەنها لە کوردستان و عێراق بەڵکو لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکاندا بەشداری بکات، بە پێویستی دەزانێت گەنجان شوێن خولیاکانی خۆیان بکەون چونکە تیایدا سەرکەوتوو دەبن و دەتوانن بە ئاستە مەحاڵەکانی ژیانیان بگەن.

 

وەک کۆتا قسە پرژەی یاریزان وتی "داوا لە تەواوی گەنجان و ژنان بەتایبەت دەکەن ئەو ئامانج و خولیایەی هەیانە هەوڵی بۆ بدەن، هیوادارم زیاتر بێنە ناو بواری وەرزشییەوە، بیسەلمێنن وەرزش تەنها بۆ پیاوان نییە بە پێچەوانەوە ژنان دەتوانن تیایدا سەرکەتوو بن، خێزانەکان بۆ خۆشیان ڕێگە خۆشکەر بن نەک ببنە بەربەست چونکە لە سود زیاتر وەرزش هیچی دیکەی نییە".