بۆ بەهێزکردنی هێزی پاراستن ژنانی گەنج پەرە بە یاری کاراتی دەدەن

یاری کیۆکۆشینی کاراتی بەواتای کۆتای ڕاستی دێت، خوێندکاران خۆشەویستی خۆیان بۆ یارییەکە دەردەبڕن، دەڵێن: تێکەڵ بووە بە خوێنمان، ناتوانین دەستبەرداری ببین و ئەم یارییە بۆ پاراستنی کچان گرنگە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- بەشداریکردنی ژنان لە وەرزشە جیاوازەکاندا ئاستێکی باش تۆمار دەکات، ژنان بەشداری لە یارییە نێودەوڵەتیەکان دەکەن و لە ئێستادا بەشێکیان وانە بە ژنان و گەنجان دەڵێنەوە، بە گوێرەی خولیاکانیان شێوازی وەرزشەکانیان هەڵدەبژێرن، شنیا بەختیاری تەمەن ١٨ ساڵان وەک ژنێکی گەنج لە شاری سلێمانی وەرزشی کیۆکۆشینی کاراتی هەڵدەبژێرێت، کە لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە دەستی پێکردووە و توانیویەتی ئاستەکانی یارییە ببڕێت تا گەیشتووە بە ڕاهێنەر.

 

شنیا بەشداری چەندین پاڵەوانێتی جیهانی و ناوخۆی کردووە و چەندین ئاستی بەرز و مەدالیای بەدەستهێناوە، لە یاری کیۆکۆشینی کاراتیدا لە ساڵی ٢٠١٩دا دەگاتە ئاستێکی باش و پشتێنی ڕەش بەدەست دەهێنێت، لە ئێستادا لە فێرگەیەکدا لە شاری سلێمانی بە هاوکاری چەن هاوپیشەیەکی وانە بە گەنجان و منداڵان دەڵێتەوە.

 

شنیا ٧ ئاستی بڕیوە و گەشتووە بە پشتێنی ڕەش

شنیا بەختیار، مامۆستا و یاریزانی کیۆکۆشی کاراتی، لە ساڵی ٢٠٠٥دا لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، ماوەی ٨ ساڵە بەشداری یارییەکانی کاراتی کردووە، توانای بڕینی ٧ ئاستی پشتێنی هەبووە، بەشداری چەندین پاڵەوانێتی ناوخۆی و جیهانی کردووە، دەڵێت: بەشداری پاڵەوانێتییەکانی ئاسیا و عێراق و ڕاهێنانی سەربازیم کردووە، لە ١٢ پاڵەوانێتیدا چەندین مەدالیا و ئاستی باشم بەدەستهێناوە.

 

ئاماژەی بەوەکرد، ئاستی پشتینەکان لە سپیەوە دەست پێدەکات و پاشان بە چەندین ساڵ دەتوانیت پشتێنەکان بگۆڕدرێت بگەیت بە پشتێنی ڕەش، گۆرینی ئاستەکان لە حەوت ئاستدا خۆی دەبینێتەوە، وتیشی: قۆناغی یەکەم سپی بۆ پرتەقاڵی دوو مانگ دەخایەنێت، بەرزبوونەوەی ئاستەکان کاتی زیاتری دەوێت، کاتیک دەگەیتە پشتێنی کۆتای کە ڕەنگی ڕەشە دواتر دانەکان دەست پێدەکات، پاشان بەدەستهێنانی دانەکان کاتی زۆری دەوێت بە ساڵێک زیاتر دەتوانیت دانەیەک ببڕیت.

 

"کیۆکۆشینی کاراتی پێویستی بە تەواوی هێز هەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی کەسی بەرامبەر"

شنیا بەختیار، ئاماژەی بەوەکرد، یەکەم بەشداری لە پاڵەوانێتییەکان ٩ ساڵ پێش ئێستا بووە لە سلێمانی، دەشڵێت: فێرخوازان لە پشتێنی پڕتەقاڵیەوە دەتوانن بەشداری پاڵەوانێتییەکان بکەن، بۆ یاری کیۆکۆشی لە ساڵی ٢٠١٩دا بەشداری پاڵەوانێتی ئاسیام کرد لە وڵاتی ئێراندا و توانیم پلەی دووەم بەدەستبهێنم. یاری کیۆکۆشینی کاراتی لە چەند یاریەکی دیکە بە ناوەکانی کۆمیتە، کاتا و کیهۆن پێکدێت، هەرسێکیان تەواوکەری یاری کیۆکۆشی کاراتین.

 

شنیای یاریزان خولیا و خۆشویستنی بۆ ئەنجامدانی کیۆکۆشی دەگەڕێتەوە بۆ واتای یارییەکە، لەو بارەیەوە وتی: کیۆکۆشینی کاراتی بە واتای کۆتای ڕاستی یاخود شەڕکردن بە دەستی بە تاڵ دێت، لە یارییەکاندا هەموو هێزی خۆمان بەکار دەهێنین بۆ شەڕکردن لەگەڵ بەرامبەرەکەماندا.

 

لە کۆتاییدا وتی: فێربوونی یاری کیۆکۆشینی کاراتی بەرگری و هێز دروست دەکات، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرامبەرەکەت، هەروەها لە ژیانی ڕۆژانەی خۆتدا بۆ بەرەنگاربوونەوە دەتوانیت سودی لێ ببینیت، هیوادارم گەنجان سود لەم یارییە ببین و بەشداری وەرزشە جۆراوجۆرەکانی بەرگری بکەن، خێزانەکان بەردەوام هانی منداڵەکانتان بدەن.

 

فێرخوازان چێژ لە یارییەکانی کاراتی دەبینن

لەرێ عومەر، فێرخواز لە فێرگەی کیۆکۆشینی کاراتی، ماوەی چەن مانگێکە بەشداری فێربوونی کیۆکۆشینی کاراتی کردووە، پێش دەستپێکردنی یاری بۆکسێنی ئەنجام داوە، دەڵێت: بەردەوام دەبم لە یارییەکە و خوێندکاری پۆلی هەشتم، هیچکات یارییە وەرزشیەکانم ڕێگری ناکەن لە خوێندنم و هەوڵدەدەم لە هەردوو خوێندنەکەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنم، هیوادارم خێزانەکان پشتگیری منداڵەکانیان بکەن، تا بتوانن بە باشترین شێوە سەرکەوتن بەدەست بهێنن لە یارییەکاندا، هیوادارم هاوتەمەنەکانی خۆم بتوانن بەشداری فێرگەکانی کاراتی بکەن.

 

گوڵیا بەرهەم، فێرخواز لە فێرگەی کیۆکۆشینی کاراتی، لە تەمەنی ١١ ساڵیدا بەشداری کردووە، ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ دەبێت بەشداری لە یارییەکەدا کردووە، ئێستا لە قۆناغی پشتێنی سەوز دایە، دەڵێت: بەشداری چوار پاڵەوانێتیم کردووە، لە دوو یاریدا پلەی سێهەمم بەدەستهێناوە، لە شاری سلێمایشدا پلەی یەکەمم بەدەستهێنا، بەشداریکردن لە یاری کیۆکۆشینی کاراتی یارییەکە پڕ لە ئەزموونە، ژنان دەتوانن لە ڕێگەی یارییەکەوە ڕووبەڕووی بەرامبەرەکانیان ببنەوە، هیوادارم منداڵان و ژنان بەشداری فێربوونی یارییەکان بکەن.  

 

ڕۆز مەجید، فێرخوازی کیۆکۆشینی کاراتی، خوێندکاری قۆناغی هەشتی ناوەندییە، ماوەی چوار ساڵە یاری کیۆکۆشینی کاراتی ئەندام دەدات، بەشداری چەندین پاڵەوانێتی کردووە و تیایدا خەڵاتی پێدراوە، دەڵێت: دڵخۆشم بە بەشداریکردنم لە پاڵەوانێتییەکاندا و چەندین مەدالیام پێبەخشراوە، کیۆکۆشین تێکەڵ بە خوێنم بووە و ناتوانم دەستبەرداری ببم، بەشێک لە هاوڵاتیان پێیان وایە بەس کوڕان دەتوانن بەشداری ئەم جۆرە یاریانە بکەن، بەڵام ئێمەی کچان بۆ بەرگری کردن لە خۆمان دەتوانین بەشداری ئەم یاریانە بکەین، من ئێستا لە قۆناغی پشتێنی زەرددام و هەوڵی زیاتر دەدەم.

 

بەشێک لە دایکان لە وەرزشەکان دەترسن بۆ کچەکانیان"

سومەییە هێمن، ڕاهێنەر لە فێرگەی کیۆکۆشینی کاراتی، ماوەی هەشت ساڵە بەشداری لە یاری کیۆکۆشینی کاراتی دەکات، بە هۆکاری ئەوەی باوکی ڕاهێنەری کیۆکۆشینی کاراتی بووە خولیای ئەم یاریکردنەی بۆ دروست دەبێت، دەڵێت: لێرە یاریەکانمان لە کۆمیتا و کاتا و کیهۆندا خۆی دەبینێنەوە، خێزانەکان بۆ هەبوونی هونەری بەرگری منداڵەکانیان دەهێننە یاریەکەوە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زیاتر کوڕان هان دەدرێن بۆ یاری کردنی کاراتی، خۆشبەختانە لە ئێستادا کچان لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تەواو دەدەن بە یاری کیۆکۆشینی کاراتی.

 

لە کۆتاییدا دەڵێت: بەشێک لە خێزانەکان لە شێوازی هەڵسوکەوتی یاریزانەکان دەترسن، کاتێک کچان یارییەکان تاقی دەکەنەوە بەشێک لە خێزانەکان بە دروستی نابینن، بەڵام یارییەکان لە چوارچێوەی وەرزشێکی تەندروستدا ئەنجام دەدرێت، هیوادارم گەنجان و بە تایبەت ژنان بێنە بوارەکەمانەوە.