منداڵان و ژنان لە هەڵەبجە بەرەو کاراتی و هونەری خۆپاراستن هەنگاو دەنێن
منداڵانی کچ و ژنانی گەنج لە هەڵەبجە بەربەستە دەستکردەکانی عەقڵیەتی پیاوسالاری تێدەپەڕێنن و بەرەو خولیای خۆیان هەنگاو دەنێن، روو لە وەرزشی کاراتی و هونەری خۆپاراستن دەکەن و دەیانەوێت گرنگی زیاتر بە پاڵەوانێتی کچان بدرێت.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-هەڵەبجە ئەو شارەی بە مێژوو و بەرهەمی خەبات ناسراوە، ئەمڕۆش شاهیدی سەرکەوتنی نەوەیەکی نوێی منداکانی کج و ژنانی گەنجە کە بە ئیرادەوە ڕوو لە وەرزشی کاراتی دەکەن، لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەی منداڵانی کچ و ژنانی بەشداربوو لە یانە و ناوەندە وەرزشییەکانی کاراتی لە هەڵەبجە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەوەش نیشانەی گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە تێڕوانینی کۆمەڵگەیە بۆ وەرزشی ژنان.
کاراتی تەنها وەرزشێکی خۆپاراستن نییە، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ بەهێزکردنی کەسایەتی، زیادکردنی متمانە بە خۆ و فێربوونی پابەندبوون بە یاسا و ڕێساکان، زۆرێک لە کچانی هەڵەبجە دەڵێن کە بەهۆی کاراتیەوە توانیویانە ترسەکانیان کەم بکەنەوە و بە ئازایەتی زیاتر لە ژیانی ڕۆژانەدا مامەڵە بکەن.
ڕووکردنی کچانی هەڵەبجە بۆ وەرزشی کاراتی تەنها بابەتێکی وەرزشی نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بەرەو بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەو دروستکردنی داهاتوویەکی پڕ لە دەرفەت و سەرکەوتن بۆ نەوەی داهاتوو.
ئایندە محەمەد، یاریزانی یانەی سیروانی هەڵەبجە ماوەی حەوت ساڵە بەشداری لە هونەری خۆپاراستن کردووەو لە ئیستاشدا خاوەنی پشتوێنی ڕەشە وتی: ماوەی حەوت ساڵە من ئەم وەرزشە دەکەم و لە ئێستادا مەشق و ڕاهێنان بە کچانی یانەی کچانی کاراتی هەڵەبجە دەکەم، رۆژ بە ڕۆژ کچان ڕوو لە وەرزشەکان دەکەن و هەموو کات توانیومانە پلەیەکی ئێجگار باش بەدەستبهێنین و شانازی بۆ هەڵەبجە بێنینیەوە.
"لە کوردستان پاڵەوانێتی تایبەت بە کچان نییە"
ئایندە وەک ڕاهێنەرێک و خەمخۆرێکی وەرزشی کاراتی کچان باسی لەوەش کرد کە لە کوردستان کەمترین پاڵەوانتتی بۆ کچان دەکرێت، ئەمەش وادەکات هاندان کەم بێت و راهێنانیان کەم دەبێت بەڵام ئەگەر پاڵەوانێتی هەبێت راهێنان زیاتر دەبێت.
هەنی کاروان، هەرچندە منداڵە بەڵام خولیای زۆری بۆ کاراتی هەیەو وتی: لە پاڵەوانیەتیەکان بەشداری دەکەم و چەند جارێک نازناوم بەدەستهێناوە، پێویستە دایکان و باوکان هۆشیاربن و کچانیش وەک کوڕان دەتوانن ئەم وەرزشە بکەن، هونەری بەرگری فێر دەبن ودەتوانن پاڵەوانیتی زیاتر بە دەستبهێنن.