لە میسر ژنێکی گەنج سەرکەوتنی لە تۆپی بالە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەدەستهێنا
کۆمەڵگەی ئەمڕۆ زیاتر قبوڵیانە ژنانی گەنجی خاوەن پێداویستی تایبەت بەشداری وەرزش بکەن، ئەم گۆڕانکارییەش یارمەتی زۆر کەسی داوە بەهرەکانیان پیشان بدەن.
ئیمان سەمیر عەلی
میسر- ئەسما سەید محەمەد قەندیل ناسراو بە کاپتن ئەسما قەندیل، ژنێکی گەنجی میسرە، ناخۆشیەکانی خۆی گۆڕی بۆ هێز و کەمئەندامییەکەی بۆ دەروازەیەک بۆ دەستکەوتە چاوەڕواننەکراوەکان.
لە سەرەتایی ژیانیدا ڕووبەڕووی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان بووەتەوە، لە ڕووی ئەکادیمییەوە سەرکەوتوو بووە و لە ڕێگەی شایستەییەوە کارێکی بەدەستهێناوە، پاشان بە ڕێکەوت هاتە ناو جیهانی وەرزشەوە، بووە یەکێک لە یەکەم یاریزانەکانی تیپی نیشتمانی بالەی میسر بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هەروەها بووە نمونەیەک لە ژیانی وەرزشیدا.
ئەسما سەید محەمەد قەندیل، دانیشتووی ئاسیوت، لە بەشی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی گەنجان و وەرزش کاردەکات، ئەو کاتێک لە دایک بووە جەستەیی تەندروست بووە، بەڵام کوتانێکی منداڵی بووەتە هۆی ئەوەی تووشی تایەکی بەرزی بکات، کە وایکردووە باری تەندروستی تێکبچیت و توشی ئیفلیجی منداڵان ببێت.
خێزانەکەی بە درێژایی ژیانی پاڵپشتێکی گەورە بوون بۆی، ئەوان وایان لێ نەکرد هەست بە جیاوازی بکات لەگەڵ خوشک و براکانی تری، هەروەها ژیانی خۆی بە شێوەیەکی ئاسایی ژیاوە و خوێندنی تەواو کردووە و لە خوێندنگەی ناوەندی بازرگانی پێنج ساڵە دەرچووە، پاشان لە کۆلێژی بازرگانی خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بازرگانی بەدەستهێناوە.
وتیشی: "کاتێک کارە حکومییەکان ڕاگەیەندرا، بڕیار بوو لە چوارچێوەی ئەو پشکانەی ٥٪ کە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تەرخانکرابوو دامەزراندن هەبێت، کاتێک بینیم لە چوارچێوەی بەرزترین پۆلی کۆی گشتیدا دامەزراوم ئەویش بەهۆی بەرزی نمرە زانکۆکەمەوە توشی سەر سوڕمان بووم، هەروەها دامەزرام لەبەشی ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتی لاوان و وەرزش".
سەبارەت بە دەستپێکی گەشتەکەی لەگەڵ تۆپی بالە، ڕوونیکردەوە، دوای دەستپێکردنی دەوام لە بەڕێوەبەرایەتی گەنجان و وەرزش، بەشێک هەبوو بە ناوی بەشی وەرزش، بەڕێوەبەرەکەیی منی بینی، لەو کاتەدا وەزارەت خەریکی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بوو لە وەزارەتی گەنجان و وەرزش کە چالاکی وەرزشی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ڕێکدەخست، وەک تێنس، تۆپی بالە و وەرزشەکانی دیکە، دەرفەتی بەشداریکردنم بۆ ڕەخسا، منیش ڕازی بووم و بەشداریم کرد، چوومە یانەی وای کە بارەگای مەشق و ڕاهێنانەکانمان بوو، من بە تەواوی تازە بووم بۆی، هیچم لەبارەی تۆپی بالە نەدەزانی و بە تێپەڕبوونی کات وردە وردە دەستم کرد بە ڕاهێنان، بەڵام ئاستەکەم هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدا بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هاوکارەکانمەوە فێربووم کە تاقیکردنەوەی یاریزانان ئەنجامدەدرێت بۆ پێکهێنانی هەڵبژاردەی میسر بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە تۆپی بالەدا، کە یەکەمجار بوو لە میسر تاقیکردنەوەیەکی وا ئەنجام بدرێت، پەیوەندیم بە بەرپرسانەوە کرد و پێیان وتم گەیشتوونەتە پشکی خۆیان و تاقیکردنەوەکان کۆتاییان هاتووە، بەڵام ئەسما قەندیل وازی لێ نەهێنا، ژمارەی تەلەفۆنی ڕاهێنەری تیپەکەی دەستکەوت و پەیوەندی پێوەکرد، کە ئەویش بەهۆی هەیەجان و ئیرادەیەوە پێشوازی لە بەشداریکردنی کرد.
دواجار چووە یانەکە و تاقیکردنەوەیەکیان پێدا، هەندێک لە هاوڕێکانی پێش ئەو یارییان دەکرد، بۆیە ئاستەکەیان کەمێک بەرزتر بوو لە ئاستی ئەو، چونکە هێشتا یاریزانێکی سەرەتایی بوو، ئەمەش لە ساڵی ٢٠١٥ بوو کاتێک بەڕێوەبەری تەکنیکی هەڵبژاردەی نیشتمانیی بالەی میسر بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پێی ڕاگەیاند، کە تەنها پێویستی بە هەندێک ڕاهێنان هەیە، لە پاڵەوانێتی داهاتووشدا بەشێک دەبێت لە تیپەکە.

وا ڕوویدا ئەو پاڵەوانێتییەی کە خۆیان بۆ ئامادە دەکرد هەڵوەشایەوە، بەشداریکردنی یاریزانە هەڵبژێردراوەکانیش لە پاڵەوانێتی ئەفریقا دواخرا، ئەمەش بۆ ئەو چاک بوو، چونکە دواتر لە هەڵبژاردنی سەرەتاییدا بۆ گروپی سەرەکی هەڵبژێردرا و بەشداری لە یەکەم پاڵەوانێتی و یەکەم کامپی مەشق و ڕاهێنان بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی بالەی میسر بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کرد، کە یەکەم تیپی لەم جۆرەیە لە وڵاتەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ''زیاتر لە شەش مانگ، ڕەنگە تەنانەت ساڵێکیش، لە نێوان کامپەکانی مەشقکردندا بووم، چونکە ونکە تیپەکە لە پرۆسەی دامەزراندنیدا بوو وەک یەکەم تیپی نیشتمانی بالەی میسری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، دوای ئەوە بەشداریم لە یەکەم پاڵەوانێتی ئەفریقا کرد لە ساڵی ٢٠١٦ لە ڕواندا، گەیشتینە پلەی دووەم، ئاستەکەمان زۆر باش بوو، نزیک بووین پلەی یەکەم بەدەستبهێنین، ئەگەر جیاوازییەکی کەم نەبووایە".
ئەسما قەندیل بەردەوام بوو وەک ئەندامێکی ئاسایی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ نزیکەی هەموو پاڵەوانێتییەکان، سەرەڕای گۆڕانی وەرزی لە پێکهاتەی تیپەکەدا، بەڵام هەمیشە لەنێو ئەو یاریزانانە بوو کە هەڵدەبژێردران، ئەمەش بەهۆی کەمی یاریزانە باڵابەرزەکانەوە بوو کە گونجاو بێت بۆ پۆستی لیبێرۆ و ناوەڕاست، بەتایبەتی پۆستی بلۆککردن، بۆیە هەڵبژاردنی زۆر بووە، لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بەشداری پاڵەوانێتی کیشوەری لە چین کردووە.
ڕوونیشیکردەوە، لەو ماوەیەی کە کۆبوونەوەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی ڕاگیرابوون، لە نێوان هەندێک یانەدا بوو تا لە یانەی پترۆ ئاسیوت جێگیر بوو، وتی: ئاستەکەم زۆر باشتر بوو، مەشقە بەردەوامەکان لەگەڵ یانەکە ئاستی منی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بۆ مۆندیال لە پایتەختی کارگێڕی لە ساڵی ٢٠٢٣ هەڵبژێردرێمەوە، ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد و گەیشتینە قۆناغی چارەکی کۆتایی، لەو کاتەوە هەڵبژاردەی نیشتمانی توانیویەتی بەشێوەیەکی بەرچاو بچێتە قۆناغی داهاتوو، هەروەها لە دوایین پاڵەوانێتیدا لە ئاستێکی باشدا دەرکەوتم، بەتایبەتی لە پێگەی خۆمدا، ئێستاش چاوەڕێی پاڵەوانێتییەکانی داهاتوو دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی بالە ساڵانە خولێک بۆ یانەکان لە سەرانسەری وڵاتدا ئەنجامدەدات و لەڕێگەی ئەم خولەشەوە یاریزانەکان بە پشتبەستن بە ئاستی لێهاتوویی خۆیان بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن، بۆیە هەمیشە حەز دەکات بەردەوام بێت لە مەشقەکان، چونکە وەستان دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی کارای و لە ئەنجامدا بێتوانایی لە هەڵبژاردن.
ئەسما قەندیل پشتڕاستی دەکاتەوە، کۆمەڵگەی ئەمڕۆ زیاتر قبوڵیانە ژنانی گەنجی خاوەن پێداویستی تایبەت بەشداری وەرزش بکەن، ئەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە ڕابردوو، وتی: ئەمڕۆ دەبینین ژنانی گەنج لە ناوەند و گوندە دوورەدەستەکانی وەک ئەبنوب، فەتح و غانایمەوە دێن و خێزانەکانیان ڕێگەیان پێدەدەن بەشداری بکەن، کە ئەمەش هۆشیارییەکی زیاتر و گەشەسەندنێکی بەرچاو لە ڕوانگەی کۆمەڵگەدا نیشان دەدات.