کچانی "ئەکادیمیای بڕیار" ناتوانن بەشداری خولەکان بکەن

ئەکادیمیای بڕیار سەرەڕای توانا و لێهاتوویان بەڵام بەهۆی نەبوونی یاریگاوە نەیانتوانیوە بەشداری لە خولەکاندا بکەن.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- "ئەکادیمیای بڕیار" تاکە ئەکادیمیای وەرزشی ژنانی گەنجە بۆ یاری فوتساڵ، بەهۆی هەبوونى چەندین تەنگ و چەڵەمە و دەستنەکەوتنى یاریگای گونجاو نەیانتوانیوە لە هیچ خولێکدا بەشداری بکەن، سەرەڕای ئەوە لە ڕاهێنان بەردەوامن.

 

سیڤانا نزار، دەرچووى کۆلیژی وەرزشی هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری بەشی کچانی ئەکادیمیای بڕیار تایبەت بە ئاژانسی ژنها دوا و وتى: من خاوەنی بیرۆکەکەم و لەساڵی ٢٠٢٠ هەوڵمان یاوە ئەکادیمیایەکى کچان دابمەزرێنین لەبەرئەوەى لە هەڵەبجەدا هیچ فێرگە و ئەکادیمیایەک نەبووە یاریزان پێ بگەیەنێت و یاریزان دروستبکات، بۆیە ئامانجی من ئەوەیە هەر لە تەمەنی منداڵیەوە یاریزان دروستبکەین و بەشداری لە خولەکانى کوردستان بکەن.

سەبارەت بە وەرگرتنی منداڵ لە ئەکادیمیاکەیاندا، سەرپەرشتیاری ئەکادیمیاکە وتى: لە تەمەنى ٨ ساڵ بۆ ١٨ ساڵ فێرخواز وەردەگرین و تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ یاریزان پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە.

 

هاوکاریکردنى دەوروبەر پشگیرییە بۆ من

سیڤانا نزار، سەرپەرشتیاری ئەکادیمیای بڕیار ئاماژەی بەوەدا هەرکەسێک پشتگیریەکى مەعنەوی بکردمایە و دەستخۆشی بکردایە زۆر بەرەوپێش دەچووم،  بەڵام لە هەڵەبجەدا جگە لەوەى کە کەس هاوکاری نەکردم و ڕەخنەشیان لێدەگرتم، هیچ یانەیەکی دەوروبەریش پشتیوانى نەکردم، ئەگەر داواى هاوکاریشم بکردایە دەیانوت ئیوە فیرگەکەتان بەناوبانگ نییە، وتیشی: سەرەتا تەنها خۆم بووم، ڕاهێنەر و سەرپەرشتیار بووم و هەموو کارەکانم کردووە، تا لە دواتردا ڕاهێنەرم بۆ یانەکە هێنا.

ئەو هەڵەیەی بەسەرماندا هاتووە حەزناکەم دووبارە ببیتەوە

شیلان مستەفا، ڕاهێنەری خۆبەخش لە ئەکادیمیای بڕیار، باس لەوە دەکات ٣٠ یاریزانی هەیە و خۆمان خەرجی هاتووچۆ و گۆرەپان و خواردن دەدەین، چەندین یاریزانى باشمان هەیە، بەڵام بەشداری خولیان نەکردووە وەک ئەکادیمیا، بۆیە یاریزانەکان دەنێرین بۆ یانەکانی دیکە یاری بکەن.

سەبارەت بە دابەشکردنى کاتى ڕاهێنان، مامۆستا شیلان ئاماژەى بەوەدا بە کاتى گەرما ئیواران یاری دەکەن و زستانان بە بەیانیان، وە بە حەسرەتەوە باس لەو تەنگ و چەڵەمانە دەکات کە هاتونەتە بەردەمی و وتی: پێداویستى جلوبەرگ و هاتووچۆ و گۆرەپان و تەنانەت هەندێکجار بە بێ جل یاریمان کردووە، هیواخوازم هاوکاری بکرێین بۆ گرتنى مەیدانی یاری کردن، چونکە تاکە ئەکادیمیای کچانین لە هەڵەبجەدا.

 

ئەو ڕاهێنەرە دەشڵێت ئەو هەڵەیەی بەسەر خۆمدا هاتووە نامەوێت دووبارە ببێتەوە بەسەر یاریزانەکانمدا، چونکە پێشتر ٩ ساڵ بۆ یانەى هەڵەبجە کاری کردووە و ئێستا یاریزانى یانەى دوکانە.

 

خۆش حاڵم و سەربەرزم لەم یانەیەدا کاردەکەم

رەندە عوسمان، خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت کە لەگەڵ ئەو یانەدا کاردەکات و دەشڵێت شانازییە بۆ خۆم و خانەوادەکەم کە توانیومە یاری بکەم و بەردەوام دەبم تاوەکوو دەگەمە لوتکە.

"ئەکادیمیای بڕیار"ی کچان لە ساڵی ٢٠٢٠ دامەزراوە و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی بەشداری خولەکانى  یاری تۆپی پێی کچان بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەى تاوەکو ئێستا پاڵپشتی نەکراون هیشتا لە سەرەتادان و داوای هوکاری و بەدەمەوە چونیان دەکەن لە لایەنى پەیوەندیدار.

ت.پ