جێگری پارێزگا ڕێزلێنانی بەخشییە یانەی ئەفرۆدێت

لە مەراسیمێکدا جێگری پارێزگای سلێمانی بەهۆی پاڵەوانبوونیان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەشی یانەی ئەفرۆدێتی کچان کرد، سەرۆکی یانەکەش داوای پاڵپشتی بۆ یانەکەی دەکات.

لە مەراسیمێکدا جێگری پارێزگای سلێمانی بەهۆی پاڵەوانبوونیان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەشی یانەی ئەفرۆدێتی کچان کرد، سەرۆکی یانەکەش داوای پاڵپشتی بۆ یانەکەی دەکات.

سلێمانی

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی پارێزگای سلێمانی لە مەراسیمێکدا لەیلا عومەر، جێگری پارێزگاری سلێمانی، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەشی یانەی بالەی ئەفرۆدێتی کچان کرد.

 

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا لەلایەن کاروان زیرەک، بەڕێوەبەری وەرزشی سلێمانی، پیرۆزبایی ئاڕاستەی یانەی ئەفرۆدێت کرا، دواتریش لەیلا عومەر، جێگری پارێزگای سلێمانی، پیرۆزبای ئاڕاستەی یانەی ئەفرۆدێتی کچان کرد و ڕایگەیاند، ئەو وەک ژنێک و وەک جێگری پارێزگا پاڵپشتی هەمیشەیی وەرزشی کچان دەکات، دڵخۆشە بە سەرکەوتنی کچانی کورد بۆ بوونە پاڵەوانیان لەسەر ئاستی عێراقدا، سوپاسی خێزانەکانیشی کرد کە بەردەوام هانی کچەکانیان دەدەن تا سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنن.

 

دواتریش خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەشی سەرۆکی یانە و یاریزانەکان کرا، هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ خواستن.

 

د. کەژاڵ کاکە حەمە، سەرۆکی یانەی ئەفرۆدێتی کچان لە لێواندێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە پێویستیان بە پاڵپشتی زیاتری کچان هەیە، تا ببێتە هاندەر بۆ سەرکەوتنی زیاتری وەرزشی کچان، ئەنجامدانی ئەم جۆرە مەراسیمانەش دەبێتە دڵخۆشی زیاتری یاریزانەکان.

 

ئەوەشی خستەڕوو، کە یانەکەیان لە ساڵی ٢٠١٤ هیچ بودجەیەکیان بۆ تەرخان نەکراوە و یاریزانەکانیان بەبێ هیچ مووچەیەک یاری دەکەن.

 

١٥ی تەمموزی ٢٠٢١، یارییەکانی کۆتایی پاڵەوانێتی بالەی کچان لەسەر ئاستی عێراق بەڕێوەچوو، تێیدا یانەی ئەفرۆدێت بە دوو بەرامبەر یەک توانی سەرکەوتن بەسەر یانەی ئەکادی هەولێر بەدەستبهێنێت و ببێتە پاڵەوانی بالەی کچانی عێراق.

ت.پ