جگە لەوەی وەرزش خولیام بووە کردوومە بە پیشەی ژیانیشم

نیگار مەحمود، ڕاهێنەر و ئەدیبە ئەحمەد سەمین، سەرپەرشتیار پێکەوە هۆڵێکی وەرزشی لەشجوانی تایبەت بە ژنان لە شارۆچکەی دەبەندیخان بەڕێوەدەبەن.

 

هەوار محەمەد

گەرمیان- ژنیکی سەرکەوتوو لە شارۆچکەی دەربەندیخان نزیکەی ١٤ ساڵە لە بواری وەزشی لەشجوانی بەردەوامە و سەبارەت بە گرنگی و سودی ئەم وەرزشە و بەشداریکردنی ژنان بۆ ژنها دەدوێت.

نیگار مەحمود، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٨ وەک یاریزانیک دەست بە یاریکردن دەکات، دواتر هەوڵ بۆ ڕاهێنەری دەدات و بە شێوازێکی سەرکەوتووانە دەبێت بە ڕاهێنەر، لە ئێستاشدا لە نێو هۆڵی "سمارت جیمی خانمان" کە تایبەتە بە ژنان لە دەربەندیخان ڕاهێنەرە.

نیگار وەک ڕاهێنەرێک توانیوێتی خزمەت بە چەندین ژنی شارۆچکەکە بکات و لەسەر دەستی پێشکەوتنێکی بەرچاو ببینن لەو بارەشەوە دەڵێت: خۆشحاڵم لە ماوەی ئەم چەندین ساڵەی وەرزشکردنم توانیبێتم خزمەتێکی باشم بە ژنانی شارەکەم کردبێت و توانیبێتم پێگەیەکی باشم لە ناو وەرزشی لەشجوانیدا دانابێت.

ئەدیبە ئەحمەد سەمین، میدیاکار و خاوەنی هۆڵی وەرزشی سمارت جیمی خانمان باس لە بیرۆکەی کردنەوەی هۆڵەکە دەکات و دەڵێت: لە ٢٠١٩ هۆڵی سمارت خیمی سەربەخۆمان بۆ ژنان کردەوە، کە لە کاتژمێر ٨ بەیانی بۆ ١٠ شەو کراوەیە، لەم هۆڵەدا ڕاهێنەر و چاودێرەکانمان ژنن وە خۆشم سەرپەرشتی دەکەم.

ئەدیبە دەڵێت زۆر ئاسودەم بەشێکی کەمیشبێت توانیبێتمان هاوکاری ژنان بین کە دێنە ئێرە و کاتی خۆیان بە وەرزشکردن بەسەر دەبەن.

 

"پێویستە لە هەموو شوێنێک هۆڵی تایبەت بە ژنان هەبێت"

نیگار مەحمود سەبارەت بە کردنەوەی هۆڵی لەشجوانی تایبەت بە ژنان دەڵێت: پێویستە هۆڵێکی تایبەت بە ژنان لە هەر شارێکدا هەبێت بتوانن بەردەوام بن لە وەرزشکردن، چونکە ژنان کاتێکی کەمیان هەیە بۆ وەرشکردن بە هۆی ئەرکی ماڵەوە و دەرەوەشیان هەیە، پێویستە کاتەکانیان دیاریکراو نەبێت، وە گرنگە لە هەموو شوێنێک هۆڵێکی تایبەت بە ژنان هەبێت بۆ ئەوەی بتوان بە پێی کات و دەرفەتی خۆیان ورزش ئەنجام بدەن.

 

نیگار باس لەوەش دەکات لە سەرەتای بەشداریکردنی ژنان لە وەرزشی لەشجوانیدا ئامانجێکی دیاریکراویان هەیە بۆ زیادکردن یان کەمکردنی کێشیان بێت یاخود بۆ گەراندنەوەی تەندروستییەکی باش بێت کە لە لایەن پزیشکەکانەوە نێردراون بۆ وەرزشکردن.

 

"یاریکردن دەتوانێت هاوکاری ژنانی دووگیان بکات لەکاتی منداڵبووندا"

هەروەها باس لە ترسی ژنان دەکات لە وەرزشی لەشجوانی و یاری ئاسن: "لە ڕووی بونیادی جەستەییەوە ژنان و پیاوان جیاوازییەکی زۆر لە ماسولکەکانیان لە ڕووی هۆرمۆناتەوە هەیە و ژنان خاوەنی بونیەتیکی ناسکن و ئەگەر هۆرمۆنی دەرەکی بەکارنەهێنن ناتوانن بە شێوەیەکی سروشتی ئەو ماسولکە گەورانە بەدەستبهێنن کە پیاوان بەدەستی دێنن.

 

لە بارەی ڕاهێنانکردنی ژنانی دووگیانەوە دەڵێت: لە سەرەتای سێ مانگی یەکەمەوە ئەگەر پزیشکەکەی ڕێگەی پێدابێت ئەوا تا سێ هەفتە بەر لەدایکبقونی کۆرپەکەی دەتوانێت بەردەوامبێت لە ڕاهێنانکردن بۆ ئەوەی ئاسانکارییەکی باشبێت بۆ کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەی .

سەبارەت بەوەی ئایا وەرزش چارەسەرە وتی: وەرزش چارەسەری زۆرینەی گرفتەکانی ڕۆژانەمانە، چونکە ڕۆژانە فشارێکی زۆر لەسەر لایەنی جەستەیی و دەروونیمانە، جگە لەوەی لە رووی جەستەییەوە سود لەوەرزشکردن دەبینین لە ڕووی دەرونی و تەندروستیشەوە سودمەند دەبین، داواش لە ژنان دەکات بە لایەنی کەم ڕۆژی کاتژمێرێک وەرزش ئەنجامبدەن یان لە هەفتەیەکدا ٣-٤ ڕۆژ وەرزشبکەن تا لەو ڕێگەیەوە بتوانن گرنگی بە جەستە و تەندروستییان بدەن، هەروەها دەشڵێت: من جگە لەوەی وەرزش خولیام بووە، کردومە بە پیشەی ژیانم و تا ئێستاش بەردەوامم لە وەرزش کردن.

 

ئەو ڕاهێنەرە دەڵێت لە ئێستادا بۆ ئەو ژنانەی دەست بە وەرزشکردن دەکەن پێویستە ئامانجیان هەبێت و هانی خۆیان بدەن بەوەی کە وەرزشکردن پێویستییەکی ڕۆژانەیە و هەوڵبدەن ئەنجامی بدەن، هەوڵیش بۆ هەرشتێک بدەین دەتوانین بە دەستی بهێنین.

 

ت.پ