هەڵەبجە، هونەری بەرگری کاراتیی کچان تاکو ئێستا لە پلەی یەکەمدان

هونەری بەرگری کاراتى، هونەرێکە ئیستا خوازیاری فێربوونی زۆر لەسەرە، لە هەڵەبجەش بەهۆی هەبوونی ڕاهێنەری هونەری بەرگرییەوە ژمارەیەکى زۆری کچان ڕووی تێدەکەن.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- هونەری بەرگری یەکێکە لەو یارییە هونەرییانەی لەم چەند ساڵەدا خواستی زۆری لەسەرە و دایک و باوکان بە ڕێژەیەکی زۆر منداڵەکانیان دەنێرنە هۆڵەکانی فێربوونەوە، لەم بارەیەوە ئەیوب ئەحمد، ڕاهێنەری یانەی وەرزشی هەڵەبجە بەشی کاراتى، ئاماژەی بەوەدا کە بەشی کاراتی یانەی وەرزشی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠١٦ کراوەتەوە، لە سەرەتادا یاریزانی کەبووە و کەمترین کچ بەشداری دەکرد، بەڵام لە ئێستادا ١٠٩ خوێندکاری هەیە کە تەمەنیان لە نێوان ١٢-٣٠ ساڵدایە، لە ئاستی پاڵەوانێتی کچانی عێراق تاکە پاڵەوانێتییە بۆ کچان کرابێتەوە.

 

هەروەها یانەی وەرزشی هەڵەبجە پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە و بە ناوی یانەکەوە تۆمارکراون، لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی ماستەر کاپی شاری تاران لەنێوان ١٣ وڵاتی بەشداربوودا بەپلەی سێیەم سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، لە ئێستاشدا پێنج لە یاریزانەکانی کە ژنانی گەنجن ئامادەی بوون بە ڕاهێنەر.

ئاستى یاریزانەکان بەرەوپێش دەچن

ئایندە محمد، خاوەنی پشتێنی رەش و یاریزانى یانەی وەرزشی هەڵەبجە، ماوەى سێ ساڵە لە هونەری بەرگریکردندا ڕاهێنان دەکات، بە ژنهای ڕاگەیاند: ئاستی یاریزانەکان زۆر باشن و ڕۆژ بەرۆژ بەرەو باشتریش دەچن، زیاتر لە ٧٠ فێرخوازمان هەیە و بەشداری پاڵەوانێتى ناوخۆی و نێودەوڵەتیمان کردووە و پلەی زۆر باشمان بەدەستهێناوە.

خوازیارم ببمە یاریزانى هەڵبژێردراو و ئەنجامى باشم هەبێت

سەلار زەینەدین، لە بەشی کاراتی هەڵەبجەو خاوەنی پشتێنی قاوەیی، بە چێژەوە باس لە حەز و ئارەزووەکانى دەکات لە یانەکە و وتى: ماوەى پێنج ساڵە خەریکم و ڕۆژانە ئامادەی ڕاهینان دەبم، پێشم خۆشە کچان زیاتر ڕوو لە بوارەکە بکەن، خوازیارم خپشم ببمە یاریزانى هەڵبژێردراو و ئەنجامى باشم هەبێت.

 

یاری کاراتى تەنها بۆ کوڕان نییە و کچانیش دەتوانن بەشدار بن

دەریا سیروان فێرخوازێکی ترە و ماوەى ساڵێکە لە بەشی کاراتى یاری دەکات، دەریا هونەری بەرگری تەنها بە یارییەک بۆ کوڕان نازانێت، داوا لە دایک و باوکان ئەکات کچەکانیان بنێرن بۆ ڕاهێنان، چونکە یارییەکى تەندروستە، "هەموو هەوڵێکم دەدەم تاوەکو هەموو ڕاهێنانەکانم لەکاتى خۆیدا بێت و بەردەوام دەبم تا دەگەمە پشتێنى ڕەش.

 

ت.پ