تاکە فێرگەکەی شارەزوور پاڵپشتی وەرزشی ژنانە

تاکە فێرگەی تایبەت بە ژنانی گەنج لە دەڤەری شارەزوور ماوەی دوو ساڵە ڕاهێنانی وەرزشی بە ژنانی گەنج دەکات و لەلایەن ئیمان بەرزانەوە بەڕێوەدەبرێت

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- ماوەی دوو ساڵە فێرگەی ڕاهێنانی وەرزشی ژنانی گەنج لە دەڤەری شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی کراوەتەوە و لەلایەن ئیمان بەرزان، دەرچووی بەشی وەرزشی کۆلێژی هەڵەبجە بەڕێوەدەبرێت.

 

ئیمان بەرزان، خاوەن بیرۆکە و دامەزرێنەری فێرگەکەیە، دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی بەشی وەرزشە لە پارێزگای هەڵەبجە، فێرگەکەی تایبەتە بە ڕاهێنان و فێربوونی ژنانی گەنج و گەشەپێدانی تواناکانیانە لە وەرزشدا، ئیمان فێرخوازەکانی زیاتر لە سی ژنی گەنج و منداڵ دەبن و تەمەنیان لە نێوان ٦ بۆ ٢٠ ساڵدایە.

 

ئیمان بەرزان دەڵێت: بەهۆی نەبوونی شوێن و هاندانێک بۆ ژنە ئارەزوومەندانی وەرزش لە شارۆچکەی شارەزوور بە پێویستم زانی بەو شارەزاییەی هەمە بتوانم هانیان بدەم و یارمەتیان بدەم لە خەونەکانیان نزیک ببنەوە.

 

ئیمان چاوەڕێی داهاتوویەکی ڕوون لە فێرخوازەکانی دەکات، دەشڵێت:  مەرج نییە سەرکەوتن و داهاتوویان تەنها لە بواری وەرزشدا بێت، بەڵکو وەرزش گەر داهاتووشیان نەبێت، ئەوا ئاسودەیی  جەستە و دەروونیانە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئیمان داوا لە بەرپرسان و سەندیکای وەرزشی و خێزانەکان دەکات، پاڵپشتی توانا و ئاستی ئەم وەرزشوانە تازە پێگەشتووانە بن و پشتگوێیان نەخەن، لە هەر وەرزشێکدا خۆیان ببیننەوە هاوکاریان بن.

 

ئیمان باس لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی فێرگەکە دەکات و دەڵێت: ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە کاریگەریە ئەرێنیەکانی ئەم فێرگەمانە لەسەر فێرخوازان، کە دایک و باوکیان خۆیان وتوویانە لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە چالاک بوون ودووربوون لە ژیانکردنی ڕۆتین و گۆشەگیری، داواکاریشە، "ئیتر کۆمەڵگە دووربکەوێتەوە لە سارکردنەوەی ژنان لە وەرزش، چونکە ژنانیش خاوەن توانا و هێزی خۆیانن لەو بوارەدا، تا هەمووان پێکەوە بتوانن خزمەت بکەن و پێویستە لەبری ڕێگری پاڵپشتی یەکتر بکەین".

 

ئیمان جیا لەوەی دەرچووی کۆلێژی وەرزشە یاریزانە لە یانەی کچانی سەیدسادق و لە ئێستادا لە خولی کوردستان لەگەڵ یانەی سەیدسادق بە ئاستێکی بەرز یاری دەکات، هەفتانەش لەم ئەکادیمیایە ڕاهێنان بە ژنانی گەنج دەکات، تا لە شارەزوور چەندین ژنە وەرزشوانی بەتوانا دروست ببن.