"وەرزش ڕۆحی خەبات بە ژنان دەبەخشێت"

ژنان توانیویانە لە بواری وەرزشدا هەنگاوی گەورە بنێن و "س. ئ" وەرزشەوان و شاخەوان دەڵێت: هەوڵەکانی ڕۆژ و شەوم، فرمێسک و خۆشیەکانم، شکستەکانم، دەستکەوتەکانم و شەرەفەکانم، خێزانەکەمیان ڕازی کرد کە دەتوانم وەک ژنێک ببمە هێمای سەرکەوتن.  

ئاگرین حسێنی

 

کامیاران- وەرزش گرنگە بۆ هەموو ژنان و دڵنیابوون لە تەندروستییان، بەڵام بە درێژایی مێژوو ژنان لە بواری وەرزشدا ڕووبەڕووی بەربەستێکی زۆر زیاتر بوونەتەوە لە پیاوان، سەبارەت بە لایەنە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی وەرزشی ژنان، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنی لەگەڵ "س. ئ" شاخەوان و وەرزشوانی سەرکەوتوو لە شاری کامیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

 

بۆچی شاخەوانیت هەڵبژاردووە و چەند ساڵە ئەم وەرزشە دەکەن؟

لە ساڵی ١٩٩٨ شاخەوانیم هەڵبژارد و یەکەم بەرنامەی سنوورم بۆ لوتکەی ئارارات لە تورکیا لە بەرزی ۱۳۷.۵ مەتر دەستپێکرد، دوای ئەوە بەشداریم کرد لە بەرنامە و ڕاهێنان و وانەی پەیوەندیدار بە شاخەوانی و سەرکەوتم بۆ لوتکەکانی ناوەوە لەوانە دەماوەند و بەلقیس کە بە چیاکانی ئەلبۆرز دەورە دراوە، سەرکەوتم بۆ لوتکەی پردی بەستەڵەکەکە و تەنانەت لە ساڵی ٢٠٢١ لە نەوروزدا توانیم سەربکەوم بۆ لوتکەی ئاراگاتس لە ئەرمینیا کە بەرزییەکەی ٤٠٩٠ مەترە و لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ سەرکەوتم بۆ چیای کازبیک کە لە بەرزی ٥.٠٥٤ مەتر دایە و بە ئێڤرێستی بچووک ناسراوە و دەکەوێتە جۆرجیا.

 

چ بەربەست و کێشەیەک ڕووبەڕووی ئەم وەرزشە بووەتەوە و چ گۆڕانکارییەکت بینیوە؟

هەندێک جار ژنان ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە لە هەڵبژاردنی وەرزشی دڵخوازیان و ڕەگەزپەرستی وەرزشی کردووەتە هی پیاوان، بۆ نموونە زۆرانبازی تەنها وەرزشێکی پیاوانەیە لە چاوی زۆر کەسدا، خێزانەکەم ناڕازی بوون، ترس لە سزادان و وتنی دەوروبەر بنچینەی مشتومڕ و ناکۆکییەکانی خێزانەکەم بوو، لەبەر ئەوەی ژنان لێرە سنووردارن، من تەنها دەمویست نیشانی بدەم کە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە بەبێ گوێدانە ڕەگەز بژی، بەڵام بەو شێوەیەی کە دەیانەوێت نەک لە ڕوانگەی کۆمەڵگەوە.

 

کاریگەرییە دەروونی و جەستەییەکانی وەرزش لەسەر ژنان چین؟

شەوێک کاتێک لە کار دەگەڕامەوە، کەسێک لەسەر ماتۆرسکیلێک جانتاکەمی دزی، زۆر شۆک بووم کە تەنانەت نەمدەتوانی هاوار بکەم، بەڵام ئێستا کە وەرزش دەکەم، ڕۆحی شەڕکردنم هەیە لە ڕێگەی وەرزشکردن،  چونکە وەرزش بوێری و هێز بە ژنان دەبەخشێت و ڕێگرییان لێدەکات لە خەمۆکی و دڵتەنگی.

 

ڕۆڵی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری ڕەگەزیدا چۆن دەبینیت؟

هێز و پاڵنەری من بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵەکانم شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم و دڵخۆشی و شکستەکانم و دەستکەوتەکانم و شەرەفەکانم خێزانەکەمی قایل کرد کە دەتوانم وەک ژنێک ببم بە هێمای سەرکەوتن و لە کۆتاییدا ئەوان بوون بە گەورەترین پشتیوانم، ئەگەر بتوانین کولتوور و یاسا لە خێزانەکەمان جێبەجێ بکەین، دەتوانین کۆمەڵگە لە زیان ڕزگار بکەین، زەحمەتە پێشبینی داهاتووی وەرزشی ژنانی ئێران بکرێت، چونکە پێشکەوتن و بەرەوپێشبردنی ئەم بوارە بە شێوەیەکی سروشتی پشت بە ویستی سیاسی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستێت وەک هەر کێشەیەکی گەورەی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان هەن کە دەتوانن لە دڵی ئەم کۆمەڵگایەدا سەرکەوتوو بن.