دڵسۆز عوبێد، نمونەی یاریزانێکی سەرکەوتوو خاوەنی چەندین نازناو

خولیا و هەوڵەکانی دڵسۆز وایانکردووە لە ژیانی وەرزشیدا ببێتە نمونەی ژنێکی سەرکەتوو، ئەمەش وایکردووە خاوەنی چەندین نازناو بێت، دڵسۆز نەوەستاوەوە و ئامانجی گەورەتری هەیە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- چەندین ژنە یاریزانی سەرکەتوو لە هەرێمی کوردستاندا هەن بەڵام وەرزشوان و کەسانی هونەری لە هەرێمی کوردستاندا گرنگیان پێنادرێت بۆیە ئەمە وایکردووە تواناکانیان بشاردرێتەوە لە کاتێکدا بەروپێشچوونی هونەر و وەرزش لە هەر کۆمەڵگەیەدا گرنگی خۆی هەیە بەتایبەت ئەگەر لەلایەن ژنانەوە بێت، هەندێکیان لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەوە بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت بەڵام سەرەڕای هەبوونی ئەو بەربەستانەش کەسانی سەرکەوتوویان لێدەردەچێت.

 

دڵسۆز عوبێد، کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، هەروەها ماستەری لە بوارەکەی خۆیدا واتە 'گۆڕەپان و مەیدان و دەرووناسی' بەدەستهێناوە، لە باسی ژیانی خۆی و ژیانی وەرزشی کرد و ڕوونیکردەوە، سەرەتا یاریزانی بالە بووە، دواتر بووەتە یاریزانی تۆپی پێی فوتساڵ بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠وە بەهۆی دوو مامۆستای خوێندنگە ئامادەییەکەیەوە بووەتە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان.

 

بەهۆی بەشداریکردنی دڵسۆز لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان لە سەردەمی خوێندنگەیدا و بەدەستهێنانی پلەی باش مامۆستاکانی پشتگیریان کردووە و هانیان داوە بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان، ئەمە وایکرد دڵسۆز لە پیرەمەگروونەوە بێتە سلێمانی و لە یانەکانی سلێمانی دەست بکات بە یاری گۆڕەپان و مەیدان.

 

ماوەی ١١ ساڵە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانە

یەکەمین یانە کە یاری تێدا کردووە یانەی سەرچنار بووە و وەرزێک لەوێ یاری ئەنجام داوە دواتر ڕوویکردوەتە یانەی پێشمەرگەی هەولێر و وەرزێکیش لەوێ یاری کردووە، لە ساڵی ٢٠١٢وە بەشداری لە یانەی سیروانی نوێ کردووە لە سلێمانی و تا ئێستاش لەو یانەیە بەردەوامە، دەڵێت "من لە قۆناغی چواری ئامادەییەوە یاری دەکەم لە خوێندنگەکەمدا بەڵام یاری گۆڕەپان و مەیدان تەنها لە فێستیڤاڵی خوێندنگەکان دەمکرد، ئەگەر نا یاریزانی فوتساڵ بووم".

 

ڕوونیکردەوە خودی خۆی خولیای یاری فوتساڵ بووە بەڵام بەهۆی پشتگیری مامۆستاکانییەوە بەشداری گۆڕەان و مەیدانی کردووە، لە کاتی دەستپێکردنیدا هەستی بەوە کردووە لەو یارییەدا بەهرەیەکی هەیە و دەستوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

 

"خێزانی دڵسۆز هاوکاری سەرەکی دڵسۆز بوون"

دڵسۆز باسی ژیانی منداڵی خۆی کرد و ڕوونیکردەوە، لە منداڵییەوە حەزی لە هونەر بووە و خولیای بووە ببێتە ژەنیاری کەمانچە و خودی خۆی لە ماڵەوە ئامێری دروست دەکرد بەڵام نەگوونجا لەو بوارەدا خۆی بەرەوپێش ببات، کاتێک لە شەشی ئامادەیی بووە بۆ هەڵبژاردەی عێراق هەڵبژێردراوە لەوەوە دڵسۆز لە بواری وەرزشیدا خۆی بەرەوپێش بردووە هەر بۆیە چووتە کۆلێژی پەروەردەی وەرزش و توانیویەتی ئاستی پێنجەم لە سەر ئاستی کۆلێژەکە بەدەست بهێنێت.

 

خێزانی دڵسۆز یەکێک بوون لە خێزانە هاوکارەکان، بەردەوام پاڵپشتیان کردووە، بەهۆی ئەوەی ڕۆژانە بە بەردەوامی ڕاهێنانی کردووە هیچ کات بەربەستیان بۆ دروست نەکردووە بەڵکو بەردەوام بوونەتە پاڵپشتییەک بۆی بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوتوو بێت وتی "نزیکی ١٣ ساڵە یاریزانم و یاری دەکەم بەڵام هیچ کات بەربەستم لەبەردەمدا نەبووە بە پێچەوانەوە تەواوی خێزان و کۆمەڵگەش پاڵپشتیان کردووم لە کاتێکدا من دانیشتووی پیرەمەگروونم".

 

"خاوەنی نۆ مەدالیایە لە جۆری زیو و بڕۆنز"

هۆکاری سەرکەوتنەکانی دڵسۆز دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەوڵانەی کە لە کاتی ڕاهێنانەکاندا ئەنجامی دەدات جگە لەوەش خولیای بۆ وەرزشەکە، وتی "ڕۆژانە سەرباری ئەوەی سێ ساڵ پێش ئێستا توشی پێکانێکی قورس بووم بەڵام لە ڕاهێنانەکانم ناوەستم و لە کاتی خۆیدا ئەنجامیان دەدەم و ڕۆژانە نزیکی دوو کاتژمێر و نیو ڕاهێنان دەکەم".

 

دڵسۆز بەشداری پاڵەوانییەتی ئاسیا و عەرەبی کردووە جگە لەوە بەشداری ئۆڵۆمپیاتی ئاسیای کردووە و خاوەنی ٩ مەدالیایە، لە کوردستان و عێراقیش ماوەی حەوت ساڵ خاوەنی هەردوو ڕیکۆردی ٦٠ مەتر بەربەست و ١٠٠ مەتر بەربەست بووە، لە پێناو بەدەستهێنانی ئەو دەرەنجامانە تەواو ئاگاداری تەندروستی خۆی بووە و لە کاتی خۆیدا ڕاهێنانەکانی کردووە، وتی "خاوەنی ٩مەدالیام لە بڕۆنز و زیو بەڵام تا ئێستا خاوەنی مەدالیای ئاڵتوون نیم، ئامانجمە ببمە خاوەنی ئەو مەدالیایە".

 

"پێویستە چیتر ژنان ڕێگرییان لێنەکرێت بۆ بەشداریکردن لە وەرزشدا"

دەربارەی ئەو بیرکردنەوەیەی کە وەرزش موڵکی پیاوانە و ژنان دەبێت کەمتر بەشداربن، ئەو یاریزانە ڕوونیکردەوە وەرزش تەنها موڵکی پیاوان نییە بە پێچەوانەوە چەندین ژنی بەتوانا هەن لە بواری وەرزشیدا توانیویانە ئاستی بەرز بەدەست بهێنن بەتایبەت لە یاری گۆڕەپان و مەیداندا چەندین ژنی کورد هەن توانیویانە لە ئاستی وڵاتانی دەرەوەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

 

دەڵێت "لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تەنها ژنان بۆ وەرزش ڕێگریان لێناکرێت بەڵکو پیاوانیش ڕێگریان لێدەکرێت لەلایەن خێزانەکانیانەوە و دەڵێن کە داهاتوویەکی نییە، پێویستە لەوە تێبگەن وەرزش بەهرەیە و ناکرێت ڕێگە لەو کەسانە بگیرێت کە ئەو بەهرەیەیان هەیە"، هیوا دەخوازێت خێزانەکان ببنە پاڵپشت بۆ هەر خولیایەک کە منداڵەکانیان هەیانە و کۆمەڵگە چیتر قسە لەسەر خولیای یەکتر نەکەن بەڵکو ببنە پاڵپشت تا کەسی سەرکەوتوو دروس ببێت.