بەرهەمەکانی شیرەمەنی مەترسی توشبوونی شێرپەنجە زیاد دەکات

لە لێکۆڵینەوەکاندا ئەوە دەرکەوتووە خواردنی بەرهەمەکانی شیرەمەنی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی جگەر و مەمک زیاد دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە لێکۆڵینەوەکاندا ئەوە دەرکەوتووە کە گەنجانی پێگەشتووی وڵاتی چین بەهۆی خواردنی بەرهەمەکانی شیرەمەنی مەترسی توشبوونیان بە شێرپەنجەی جگەر و مەمک زیاد دەکات.

 

بە گشتی بەڵگەکان و ئەنجامی توێژینەوەکان تا ئێستا لەسەر ئەوەی کە ئایا خواردنی بەرهەمی شیرەمەنی کاریگەری لەسەر زیادبوونی مەترسی شێرپەنجە هەیە ناتەواوە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر دانیشتوانی ڕۆژئاوا ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرهەمی شیرەمەنی کەمتر کاریگەری لەسەر توشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن هەیە و زیاتر مەترسی لە توشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات هەیە.

 

بەڵام ئەم ئەنجامانە ڕەنگە بۆ دانیشتوانی ناڕۆژئاوایی وەک یەک نەبێت، کە بڕ و جۆری بەکارهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان زۆر جیاوازن، بۆ نمونە لە چین بەکارهێنانی پەنیر و کەرە زۆر کەمە و بەکارهێنانی شیر و ماستیش زۆر کەمترە لە دانیشتوانی ڕۆژئاوا، سەرەڕای ئەوەش، زۆربەی کەسە بەتەمەنەکانی چین ناتوانن بە شێوەیەکی گونجاو بەرهەمە شیرەمەنییەکان شیبکەنەوە بەهۆی نەبوونی لاکتۆزەوە، کە ئەنزیمێکی سەرەکیە بۆ شکاندنی لاکتۆزی شەکری شیر.

 

توێژەرانی زانکۆی ئۆکسفۆرد، چەندین توێژینەوەی زانستی ئەنجامدەدەن

لە ئێستادا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئایا بەرهەمی شیرەمەنی کاریگەری لەسەر مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە هەیە لە چینییەکاندا، توێژەرانی تەندروستی ئۆکسفۆرد، زانکۆی پەکین و ئەکادیمیای زانستی پزیشکی چین، چەندین توێژینەوەی زانستیان ئەنجامداوە لەسەر زیاتر لە ٥١٠،٠٠٠ دانیشتوانی چینی.

 

بەشداربووان ٥٩٪  ژن و ٤١٪ پیاوبوون، لە ١٠ ناوچەی جوگرافی جۆراوجۆرەوە لە سەرانسەری چین بەشداربوون و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ - ٢٠٠٨ چوونەتە ناو توێژینەوەکە، کە هیچ مێژوویەکی پێشینەی شێرپەنجەیان نەبووە، هەر بەشداربوویەک کە تەمەنی لە نێوان ٣٠ - ٧٩ ساڵی بوو ڕاپرسیەکی تەواو کرد، دەربارەی ئەوەی کە چۆن بە بەردەوامی بەرهەمی خۆراکی جیاوازیان خواردووە لەوانە: بەرهەمەکانی شیرەمەنی.

 

توێژەرەکان بەشداربووانیان بۆ سێ گرووپ پۆلێن کرد: بەکارهێنەری ئاسایی شیرەمەنی " بەلایەنی کەمەوە هەفتەی جارێک"، بەکاربەرانی شیرەمەنی مانگانە، هەروەها ئەو کەسانەش کە هەرگیز یان بە دەگمەن بەرهەمی شیرەمەنییان خواردووە.

 

بەشداربووان بۆ ماوەی نزیکەی ١١ ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کراوە و توێژەران داتای شێرپەنجەی نەتەوەیی و تۆماری مردن و هەروەها تۆماری دڵنیایی تەندروستیان بەکارهێناوە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجەی نوێ.

 

شیکردنەوەی داتاکان کۆمەڵێک هۆکاری تریان لەبەرچاو گرتبوو کە دەتوانن کاریگەریان هەبێت لەسەر مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە، لەوانە تەمەن، ڕەگەز، ناوچەی نیشتەجێبوون، مێژووی خێزانی شێرپەنجە، باری ئابووری و کۆمەڵایەتی، هۆکارەکانی تری وەک: وەرگرتنی کحول، جگەرەکێشان، ئەنجامدانی وەرزش و چالاکی.

 

توێژینەوەکە چەند دەرەنجامێکی هەبوو:

بە گشتی، نزیکەی ٢٠٪ بەشداربووان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەرهەمی شیرەمەنی دەخۆن "بە شێوەیەکی سەرەکی شیر"، ١١٪ بەرهەمی شیرەمەنی مانگانە دەخۆن و ٦٩٪ بەرهەمی شیرەمەنی ناخۆن یاخود بە دەگمەن دەیخۆن.

 

تێکڕای بەکارهێنانەکە ٣٨ گرام بوو لە رۆژێکدا بە گشتی لە هەموو ئەو کەسانەی توێژینەوەکەیان لەسەر کراوە،  ٨١ گرام لە ڕۆژێکدا لە نێوان بەکاربەرە ئاساییەکانی شیرەمەنی بە بەراورد لەگەڵ تێکڕای بەکارهێنانی نزیکەی ٣٠٠ گرام لە ڕۆژێکدا لە بەشداربووانی بەریتانیا.

 

لەماوەی توێژینەوەکەدا  ٢٩،٢٧٧ حاڵەتی شێرپەنجەی نوێ تۆمارکراون، زۆرترین ڕێژەی شێرپەنجەی سییەکان بووە بە ٦،٢٨٢ حاڵەت، شێرپەنجەی مەمک لە ژناندا ٢،٥٨٢ حاڵەت، شیرپەنجەی گەدە ٣،٥٧٧ حاڵەت و شێرپەنجەی جگەر ٣،١٩١ حاڵەت.

 

ئەو کەسانەی کە بەرهەمی شیرەمەنیان خواردووە بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسی زیاتریان هەیە بۆ پەرەسەندنی شێرپەنجەی جگەرە و مەمک، بۆ خواردنی هەر ٥٠ گرام لە ڕۆژێکدا، مەترسییەکە بە ڕێژەی ١٢٪ -١٧٪ زیادی کردووە، بەڵام لە توێژینەوەکەدا هیچ پەیوەندیەک لە نێوان شیرەمەنی و شێرپەنجەی پرۆستات و هەر جۆرە شێرپەنجەیەکی تر نەدۆزرایەوە.