خواردنی شووتی گورچیلە پاک دەکاتەوە و چالاکی دەکات

خواردنی شووتی جەستە پاک دەکاتەوە و چەندین سوودی تریشی هەیە، بەڵام زیادەڕەوی کردن لە خواردنیادا زیان بە جەستە دەگەیەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

شووتی، یەکێکە لە بەناوبانگترین میوەکانی وەرزی هاوین، لە کۆتاییەکانی وەرزی زستان یان سەرەتاکانی وەرزی بەهار دەچێنرێت، لە هاویندا پێ دەگات، وڵاتی چین بە پێشەنگ دادەنرێت لە بەرهەمهێنانی شووتیدا و ٪٥٢ی شووتی جیهان بەرهەم دەهێنن، نزیکەی ١٢٠٠ جۆری شووتی هەیە، شووتی ٪٨٥ ئاوە و ٪١٠ شەکرە، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە خۆراکییەکانی وەک، کالسیۆم، سۆدیۆم، مەگنسیۆم، فسفۆر و پتاسیۆم و ڤیتامینA ، C، B6ی تێدایە و ماددەی لایکۆپینی تێدایە کە دژە ئۆکسانە.

 

 سوودەکانی شووتی

خواردنی شووتی چەندین سوودی هەیە وەک، هەستکردن بە تینوێتی ناهێڵێت لە هاویندا، چونکە ڕێژەیەکی زۆر ئاوی تێدایە، گورچیلە پاک دەکاتەوە و چالاکییەکانی زیاد دەکات، توشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات و قۆڵۆن کەم دەکاتەوە، مرۆڤ لە نەخۆشیەکانی دڵ دەپارێزێت، پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە، خوێنهێنەرەکان لە ڕەقبوون دەپارێزێت، پارێزگاری لە تۆڕەی چاو دەکات.

یارمەتی دابەزاندنی کێشی لەش دەدات، سوودی زۆرە بۆ ژنانی دووگیان و کۆرپەلەکەی، بۆ نەخۆشی شەکرە بەسوودە، چونکە یارمەتی دەردانی ئەنسۆلین دەدات، بەڵام نابێت زیادەڕۆیی بکرێت لە خواردنیدا، توێکڵەکەشی بۆ پێست باشە.

 

زیانەکانی زۆر خواردنی شووتی

خواردنی شووتی سوودێکی زۆر هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر زیادەڕەوی بکرێت لە خواردنیدا زیان بە جەستە دەگەیەنێت وەک، کەمبوونەوەی ڤیتامین C لە لەشدا، دەبێتە هۆی ناڕێکی لە ڕێژەی پۆتاسیۆمدا بەمەش زیان بە دڵ دەگەنێت، دروستبوونی هەستیاری ناو دەم، بەهۆی زۆری ڕێژەی کاربۆهیدرات تیایدا هەرسکردنی ئاسان نییە، دەبێتە هۆی سکچوون.