شەهێن عومەر: پێویستە دەروون وەک جەستە تەندروست بێت

دەروون دروستی کە بەشێکی گرنگە لە ژیانی مرۆڤ زۆربەی کات پشتگوێ دەخرێت و کەسەکان بەرەو ژیانێکی نائارام دەبات، شەهێن عومەر هەڵەبجەیی، توێژەری دەروونی دەڵێت: پێویستە دەروون وەک جەستە تەندروست بێت و دەروون دروستی بۆ ژنان گرنگە.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-لە ژیانێکدا کە خێرایی و فشاری ڕۆژانە زۆرتر دەبن، دەروون‌ دروستی بووەتە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی تەندروستی، ئەگەرچی زۆرجار باس لە نەخۆشییە جەستەییەکان دەکرێت، بەڵام تەندروستی دەروونی هەمان گرنگی هەیە، چونکە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بیرکردنەوە، هەست، و ڕەفتارەکانی مرۆڤ هەیە.

 

"دەروون دروستی بۆ ژنان گرنگە"

شەهێن عومەر هەڵەبجەیی، تویژەری دەروونی سەبارەت بەدەرون دروستی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: دەروون دروستی کاریگەری لەسەر هەستمان هەیە، بۆیە گرنگە ئاگاداری لایەنی دەروونی خۆمان بین، گرنگی بە تەندروست هیشتنەوەی بدەین چونکە کاریگەری دەبێت لەسەر بیرکردنەوەمان، کاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی رەفتار کردنمان لەکۆمەڵگەدا بەرامبەر بەتاکەکان، دەروون دروستی بۆ هەردوولا گرنگە بەتایبەت ژنان، چونکە بەرکەوتن  و پەروەردەی لەگەڵ منداڵدا هەیە، بۆیە دەبیت ئاگای لەخۆی بێت بۆ ئەوەی پەروەردەیەکی دروستی هەبیت بەرامبەر بە منداڵەکەی و لەکۆمەڵگەدا دروست بێت تاوەکو ڕەفتار کردن لەگەل منداڵەکانی دەوروبەریشی هەبیت و کاری رۆژانە بەشێوەیەکی دروست دەکات.

 

"تەکنەلۆژیا هۆکاری سەرەکی نەخۆش کەوتنی دەروونە"

پسپۆڕان دەڵێن فشاری دەروونی، نیگەرانی، و خەمۆکی ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێن، دەتوانن ببنە هۆی کێشەی گەورەتر و کاریگەری بخەنە سەر کار، خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. هەر بۆیە گرنگە کە قسەکردن لەسەر کێشە دەروونییەکان نەبێتە شەرم و تابوو، شەهێن عومەر ئاماژەی بەوەکرد، شەپۆلی گەورەی تەکنەلۆژیا کاریگەری گەورەی لەسەر دەروون کردووە، لەوانە خەوتنی تێک یاوە کە خەوت ریک نەبوو ڕاستەوخۆ دەروونت دەشێوێت وکاریگەری خەمۆکی دروست دەکات، ڕاستەوخۆ نازانیت دەرونێکی پڕ لەخەم و کیشەو ئازار بۆ خۆی دروست دەکات و ئەم قسانە بۆ گەنج  و مندال و گەورە دەبێت و پێویستە بە هۆشیارانە هەلسوکەوتی لەگەل بکەین، تەنکنەلۆجیا راستەوخۆ پەیوەستە بەدەروونەوە، دێتە کوچە بەکوچەی ماڵەکانمان بۆیە پێویستە هۆشیار بین، پلان و بەرنامە دابنێین، لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە کاریگەری لەسەر دەروون هەیە ، ئەگەر پێویستی رۆژانەت دەبێت نەتوانی پڕی بکەیتەوە ئەوە بۆشایی دەروونی دروست دەبێت.

 

"کاریگەرییە خراپەکانی ئابووری وکۆمەڵایەتی دەروون خراپ دەکات"

شە‌هێن عومەر ئەوەشی خستەڕوو کە نەبوونی موچە هۆکارێکی سەرەکی دۆخی ناتەندروستی دەروونیە، پیویستە ژنان و پیاوان پێکەوە بە بەرنامە کار لەسەر خۆیان بکەن، پێویست ناکات لۆمەی یەکتر بکەین لۆمەکردن دەروون هیلاک دەکات، ژنان گرنگە بە پلان بن و لە هەر کێشەیەک  کەسەردانی پزیشک دەکەن بۆ ئەوەی  دەست و قاچ ژان دەکات ئاوا سەردانی پزیشکی پسپۆر یان پسپۆڕی دەروونی بکەن بۆئەوەی چارەسەر وەربگرن چونکە کیشەی کەكەکەبووی دەروونی پاشەرۆژی ناڕوون دەبێت، خەمی سەرەکی ئێمەی توێژەران و پسپۆڕانی دەروونی ئەوەیە ڕۆژانە ڕوو لەزیاد بوونە ئەگەر دایکی خەمۆک هەبوو ئەوا کۆرپەیەکی خەمۆک دروست دەبیت و لەدەرکەوتنی هەر حاڵەتیک پێویستە سەردانی پزیشکان بکرێت بۆ ئەوەی نەگاتە هیج حاڵەتیکی ترسناک.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شەهێن عومەر هەڵەبجەیی وتی: دەروون دروستی تەنها نەبوونی نەخۆشی نییە، بەڵکو هەستکردن بە ئارامی، هیوایەکی باش بۆ داهاتوو و توانای بەڕێوەبردنی ژیانە، بۆیە گرنگە وەک هەمان جەستە، گرنگی بە دەروونیش بدرێت.