قەیرانی بێدەنگی تەندروستی لە ئەفغانستان: نەبوونی دەرمان ژنانی بێبەش کرد لە چارەسەر

سیستەمی تەندروستی ئەفغانستان بە خێرایی بەرەو تێکچوون دەچێت، داخستنی ڕێڕەوی بازرگانی لەگەڵ پاکستان، گرژییە ناوچەییەکان و سنووردارکردنی خوێندنی ژنان هەموویان بەشداربوون لە کەمیی دەرمان و دابەزینی کارمەندانی چاودێری تەندروستی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی گیان لەدەست

بەهاران لەهیب

ئەفغانستان-ساڵانێک ئەفغانستان پشتی بە هاوردەکردنی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی لە پاکستان و ئێرانەوە بەستبوو، کە نزیکترین دراوسێی ئەو وڵاتەن، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان حکومەتی پاکستان و تاڵیبان و داخستنی دەروازە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هاوڵاتیانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی بە کەمیی  دەرمان بوونەوە.

 

جگە لەوەش، شەڕە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە ئێران، لەگەڵ کاردانەوەی ئابوورییان، قەیرانی کەمی دەرمانی لە ناوخۆی ئەفغانستاندا گەورەتر کردووە.

 

کەمیی کارمەندانی پزیشکی

جگە لە قەیرانی دەرمان کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا خراپتر بووە، کەمیی کارمەندانی پزیشکیش توندتر بووە، دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، زۆرێک لە پزیشکان و کارمەندانی چاودێری تەندروستی وڵاتەکەیان بەجێهێشت، هەروەک زۆربەی ئەو ڕۆشنبیرانەی کە بۆ گیانیان هەڵهاتن، لە هەمان کاتدا ڕێگری لە ژنان کرا کە لە بوارەکانی جۆراوجۆردا بخوێنن، لەوانە پزیشکی.

 

تەنها چەند دامەزراوەیەکی تەندروستی کەم ماوە، کە سنووردارە بە مەشقی پەرستار و دایەن و ئەمانەش ڕۆژانە ڕووبەڕووی زیادبوونی سنووردارکردن و سەرکوت دەبنەوە.

 

لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەو خێزانانەی بارودۆخی ئابوورییان باشترە، بۆ چارەسەری پزیشکی گەشتیان بۆ هیندستان، پاکستان یان ئێران دەکرد، بەتایبەتی ئەوانەی بەدەست نەخۆشییە سەختەکانی وەک شێرپەنجەوە دەناڵێنن، بەڵام ئەمڕۆ جگە لە قەیرانی کەمی دەرمان، تەنانەت ئەوانەی توانای داراییان هەیە ئێستا ناتوانن ڤیزەی چوونە ناو ئێران یان پاکستان وەربگرن، لە ڕێگەی بازاڕی ڕەشیشەوە.

 

 

ڕێژەی مردنی دایکان بەرز دەبێتەوە

لە گەڕەک و شەقامەکانی شارە گەورەکانی ئەفغانستان، بەتایبەتی کابول، کلینیک و نەخۆشخانە تایبەتەکان زۆرن، بەڵام تێچووی ڕاوێژکاری پزیشکی و دەرمانەکان بە شێوەیەکی قەدەغەکراو زۆرە، ئەمەش وایکردووە کە زۆربەی هاوڵاتیان دەستیان پێ نەگات، جگە لەوەش زۆرێک لە پزیشکانی ئەم نەخۆشخانەیانە دەرمانی گرانبەها و بەهێز دەنووسن کە تەنها لە دەرمانخانەکانی نەخۆشخانەکەدا بەردەستن، ئەمەش ئازاری نەخۆشەکان زیاتر دەکات و ڕێژەی مردن زیاد دەکات.

 

یونیسێف لە ڕاپۆرتێکدا، کە لە ٢٩ی نیسان بڵاویکردەوە، ڕایگەیاندووە، ئەگەر دۆخی ئەفغانستان وەک خۆی بەردەوام بێت، ئەوا وڵاتەکە تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕووبەڕووی کەمیی ٢٥ هەزار کارمەند دەبێتەوە لە کەرتی تەندروستی و پەروەردە.

 

ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەفغانستان تا ساڵی ٢٠٣٠ نزیکەی ٥٤٠٠ کارمەندی تەندروستی لەدەست دەدات، هەروەها ڕێژەی ئەو ژنانەی کە لە دامەزراوە مەدەنییەکان کاردەکەن لە ٢١٪ لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥ بۆ ١٧٪ کەمیکردووە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ٦ی ئایار ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و هۆشداریدا، لە زیادبوونی بەرچاوی مردنی دایکان لەکاتی منداڵبوون لە ئەفغانستان، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە هەر کاتژمێرێکدا دوو ژنی ئەفغانی لەکاتی منداڵبووندا گیان لەدەستدەدەن، ڕێژەی مردنی دایکان لە هەر ١٠٠ هەزار منداڵی زیندوودا دەگاتە ٥٢١ حاڵەت.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆکاری سەرەکی ئەم زیادبوونەی گەڕاندەوە بۆ کەمیی توندی کارمەندان و پسپۆڕانی چاودێری تەندروستی، کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ڕێگرییان لێکراوە بەردەوام بن لە خوێندن یان ئەنجامدانی پشکنینی تایبەتمەند.

 

 

گێڕانەوەی دوو پزیشک لەبارەی بارودۆخی تەندروستی

نوریە واحید، پزیشکی منداڵبوون و ژنان لە نەخۆشخانەی کابول وتی: بەو پێیەی من لە نەخۆشخانەیەکی حکومی لە کابول کار دەکەم، ڕێژەی مردنی دایکان بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە کەمترە، چونکە سەرچاوەی باشترمان هەیە.

 

هەرچەندە کابول پایتەختە، بەڵام تەنها دوو نەخۆشخانەی حکومی لە تەواوی شارەکەدا هەیە، نەخۆشەکان تەنها هاوڵاتیانی شارەکە نین، بەڵکو لە پارێزگاکانی دراوسێشەوە دێن، زۆرجار، سێ نەخۆش یەک جێگەی نوستنیان هەیە، ئێمەش بە سەرچاوەیەکی زۆر سنووردار نەشتەرگەری دەکەین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، تاکە لایەنی ئەرێنی بوونی هەندێک پزیشکی پسپۆڕە، جگە لە پارێزگاکان، بەتایبەتی ناوچە دوورەکان، هاوڵاتیانی بە نزیکەی دەستیان بە چاودێری تەندروستی ناگات نە قەرەوێڵە، نە دەرمان، نە ئامێری پزیشکی، بۆیە ڕێژەی مردن ساڵ لە دوای ساڵ زیاد دەکات.

 

سەبارەت بە شکۆفە وەفا، پزیشکی ناوخۆی مەزار شەریف، وتی: لەماوەی ساڵی ڕابردوودا جگە لە کەمی کەلوپەل و کارمەندی پزیشکی، ڕووبەڕووی کەمی دەرمانیش بووینەوە، زۆرجار دەرمانم بۆ نەخۆشەکانم دەنووسی، بەڵام ئەوان بۆ چەند ڕۆژێک لە ناوەندەکانی پارێزگاکان و لە کابول بۆیان دەگەڕان بەبێ ئەوەی بتوانین بیاندۆزینەوە، ئەم دۆخە وایکرد ئێمە وەک پزیشکەکان نەتوانین چارەسەری گونجاو بۆ نەخۆشەکان دابینی بکەین.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر کەمێک لە ناوەندە گەورەکانی ئەفغانستانەوە دوور بکەویتەوە، هیچ کەسێکی پسپۆڕی چاودێری تەندروستی و کلینیک و خزمەتگوزاری پزیشکی نادۆزیتەوە، هەندێکجار خەڵک پەنا بۆ چارەسەرکردن دەبەن لەسەر بنەمای ئامۆژگاری ناپزیشکی، زۆربەی ژنانیش بە یارمەتی مامانە ناشایستەکان منداڵیان دەبێت، کە هەندێکجار دەبێتە هۆی مردنی دایک یان منداڵەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک دڵنەوایی خۆیان دەدەن بە وتنی ئەوە ویستی خودایە.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر ئەو سنووردارکردنانەی بەسەر ژناندا سەپێنراوە، بەتایبەتی لە کەرتی تەندروستیدا بەردەوام بن، ئەوا دۆخی تەندروستی وڵات زیاتر تێکدەچێت، هەروەها ڕێژەی مردن بەهۆی نەخۆشییە جیاوازەکانەوە زیاددەکات.

 

هەرچەندە ئەو دوو پزیشکە نیگەرانی خۆیان لە دۆخی تەندروستی ئەفغانستان دەربڕی و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەی نەخۆشی و گیانلەدەستدان دەکەن، بەڵام وەزیری تەندروستی تاڵیبان لە وتارێکدا ڕایگەیاند، ئێمە سیستمی تەندروستی لە ئەفغانستان والێ دەکەین نەک تەنها هاوڵاتیانی وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو هاوڵاتیانی سەرتاسەری جیهان بێنە ئەفغانستان بۆ وەرگرتنی چارەسەر، ئەم لێدوانانە بە گاڵتەجاڕی و ڕەخنەی بەرفراوان لەلایەن هاوڵاتیانوە بەرەوڕوو بووەوە.