پیاوان دوورینەوەی پەردەی کچێنی بۆ مەرامەکانی خۆیان بەکاردەهێنن

پیاوان بۆ گەشتن بە مەرامەکانی خۆیان چەندین ڕێگە بۆ خستەداوی ژنان بەکاردەهێنن، پاشان دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەریان، بەوە دڵیان دەدەنەوە ڕێگەچارەیەک هەیە ئەویش "دوورینەوەی پەردەی کچێنییە"، لە کوردستاندا ئەم حاڵەتە زیادی کردووە و بە بڕێک پارە لەلایەن مامانەوە بە نایاسایی پەردەی کچێنی دەدورێتەوە لەکاتێکدا هیچ زانیارییەکیان لەسەری نییە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لە جیهاندا و بەتایبەت کۆمەڵگای کوردی شەرەفی ژن بە هەبوونی پەردەی کچینییەوە گرێدراوە، خۆ ئەگەر کچێک بە هۆکارێک پەردەی کچێنی لەدەست بدات ڕووبەڕووی چی دەبێتەوە؟

لەناو کۆمەڵگەدا جیاوازی نێوان ژن و کچ تەنها هەبوونی پەردەیەکە، واتە تەنها بوونی پەردەیەک بیرکردنەوەی کۆمەڵگایەک بەرامبەر بە ژنێک دەگۆڕێت، لە کاتێکدا ئەگەری هەیە نەبوونی ئەو پەردەیە لەبنەڕەتەوە بێت، یاخود بەهۆی زەبرێکی توندەوە لەدەست بدرێت، یان بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێک یاخود کچێکە لەلایەن پیاوەوە، وەک منداڵە ٨ ساڵانەکەی شاری هەولێر لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئاشکرا بوو لەلایەن چەند پیاوێکەوە دەستدرێکی سێکسی کراوەتە سەر و چەندان نمونەی دیکە.

 

بوونی ئەو پەردەیە بۆ خێزان هێندە گرنگە لە نەبوونیدا ڕاستەوخۆ دەچنە لای پزیشکی پسپۆڕ و ڕاپۆرتی پزیشکی بۆ ئامادە دەکەن، پاڵنەری ئەمەش کۆمەڵگەی پیاوسالار و ئەقڵیەتی موڵکایەتی پیاوانە بەرامبەر ژنان، نەمانی پەردەی کچێنی ئەگەر بەهۆی پیاوێکەوە بێت ئەگەر هەیە بە کوشتنی کچەکە کۆتای بێت، هەندێک کاتیش پیاوان بۆ شاردنەوەی کارەکەیان پەنا دەبەنەبەر دوورینەوە کە کارێکی نائینسانی، نایاسایی، نا تەندروستییە.

 

ناهۆشیاری خێزان بۆ بابەتێکی لەم شێوەیە، کوشتنی چەندەها ژنی لێکەتووەتەوە

ژنان لەژێر ناوی شەرەفدا دەکوژرێن، توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، چەندین ژنیش بەهۆی ئەوەی هاوژینەکانیان لە یەکەم شەوی ژیانیاندا گومانی نەبوونی پەردەی کچێنیان لێدەکەن، لێیان دەدرێت یاخود بە زۆرەملێ بەرەوە لای پزیشک دەبردرێن.

 

لە کوردستان دوورینەوەی پەردەی کچێنی لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە

پزیشک دیلمان ئازاد، پزیشکی دادوەری بۆ ئاژانسی ژنها باس لە هۆکارەکانی زۆربوونی دورینەوەی پەردەی کچێنی دەکات: ئەنجامدانی ئەو کارە بە شێوەیەکی نایاسای لە کۆڵان و خانوویەکدا دەکرێت لەلایەن مامانەوە، بە دەگمەن پزیشکی تایبەت ئەنجامی دەدات لە نەخۆشخانەکاندا، چونکە کارێکی نایاسای و نامرۆڤانەیە.

 

ئەو پزیشکە دەشڵێت دوورینەوەی پەردەی کچێنی ڕاست نییە، چونکە شوێنێک خوێنی کەمبێت برینەکانی یەک ناگرنەوە، ئەو دوورینەوەیەش کە ئەنجام دەدرێت تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی ڕەگەزی بەرامبەرە، زۆر کات ئەو کچانەش کە ئەنجامی دەدەن خۆیان هەڵخەڵەتێنراون، پێیان دەوترێت بەدڵنیای چاکبووەتەوە بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نییە، باوترین جۆری دورینەوەی پەردەی کچێنی ٢٤ کاتژمێر پێش هاوسەرگیرییە کە بە دەزووی نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێت، لەوکاتەی جوتبوون ئەنجام دەدرێت دیواری ناوەوەی زێ بریندار دەکات و بەو هۆیەوە کەمێک خوێنی لێدێت.

 

"تەنانەت پزیشکەکانیش زانیاریان نەخوێندووە لەسەر دوورینەوەی پەردەی کچێنی"

دکتۆر دیلمان ڕایگەیاند لە بەشە پزیشکییەکانی دەوڵەتانی ئیسلامییدا گرنگی بە خوێندنی ئەو بابەتەنەدراوە، بەڵام لە وڵاتانی دەرەوە و بە تەکنیکی تایبەت ئەنجام دەدرێت، ئەم دوورینەوەیەش هەندێکجار چارەسەرە، بەڵام پێویستە کچان و خێزانەکانیان پەنا نەبەنەبەر ئەنجامدانی، هەروەها باسی لەوەشکرد بە هۆی نەشارەزاییەوە، ئەو کەسانەی ئەنجامی دەدەن زۆر کات توشی دۆخی نەگونجاو دەبن وەک هەوکردن یاخود ئیلتیهاباتی بەردەوام.

 

"لە کوردستان وەک بازرگانی لێهاتووە بە جەستەی ژنانەوە دەکرێت"

هەر لەو بارەیەوە دیلمان ئازاد ئەوەی خستەڕوو لە ئێستادا پیاوان بە هۆی دەسەڵات و پارەوە کچان هەڵدەخەڵەتێنن و دواجار دەستدرێژیان دەکەنەسەر، لە کۆتایشدا بۆ دەربازبوون لەو کێشەیە کچەکان دەخەنەبەر دوورینەوەی پەردەی کچێنی، ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەنجامدانی کاری خراپە، لە هەندێک حاڵەتیشدا پیاوان بۆ گەشتن بە مەرامی خۆیان دووبارە دەستدرێژی دەکەنەوە سەر ژنان، هەروەها کۆمەڵگاکەمان بە هۆی ئەوەی گرنگیەکی زۆر بە بوونی پەردەی کچێنی دەدات، وا لە کچەکانمان دەکات بترسن و پەنا ببەنەبەر ئەو کارە نایاساییە.

دەشڵێت "لە کۆمەڵگەدا مەرجی سەرەکی پیاوەکانمان بینینی چەند دڵۆپە خوێنێکە، دەڵێن کە بوونی ئەو خوێنە نیشانەی پاکیزەییە، بەڵام لە ڕاستیدا پاکیزەی و نەبوونی پەردەی کچێنی زۆر جیاوازن لەیەک، چونکە دەکرێت ئەوکەسە بە هۆکارێکی دیکە پەردەی نەمابێت بەڵام هەر بە پاکیزەیی ماوەتەوە".

وەزارەتی تەندروستییش حكومەتی هەرێم وەک لایەنی بەرپرسیاری ئەم بابەتە نایشارێتەوە كە ئاگاداری هەبوونی ئەو شوێنانەن.

 

"دۆخی دەروونی کچان لە کۆمەڵگەی کوردیدا باش نییە"

زۆر کات کۆمەڵگا و بەتایبەت پیاوان دەبنە هۆی تێکدانی باری دەروونی کچان و ژنان، بەوەی دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر منداڵ و بەهۆیەوە هەمیشە باری دەروونی ئەو منداڵە و تا گەورەبوونیشی تێکدەچێت، لە گەورە بوونیشدا کاریگەری نەرێنی لەسەر بیری ئەو کەسە دروست دەکات.

 

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەدا، زۆر کات کچان و منداڵان، بە هۆی زەبرێکەوە یاخود یاریکردنێکی هەڵەوە پەردەیان نامێنێت، لەبەر ئەوە پەنادەبەنە بەر ئەو دوورینەوەی تا قسەی کۆمەڵگایان لەسەر نەمێنێت، هەورەها لە ترسی کوشتن ئەو کارە ئەنجام دەدرێت، وتیشی ڕۆژانە خەڵکانێکی زۆر کچەکانیان دەهێنن بۆ پشکنین.

 

بەپێی وتەکانی دیلمان ئازاد، پزیشکی دادوەری، ڕۆژانە چەندین کچ دەبرێنە پزیشکی دادوەری تا پشکنینی هەبوونی پەردەی بۆ بكرێت، چونکە پێیان وایە هەبوونی شەرەفیان گرێدراوە بە هەبوونی پەردەی کچێنییەوە، لەکاتێکدا پەردەی کچێنی تەنها به‌شێكی له‌ له‌شه‌ و هەبوون و نەبوونی واتای شەرەفی ژن، پیاو و خێزانێک ناگەیەنێت.

 

ت.پ