نەشمیل ڕەسوڵ: مەرج نییە هەموو لەبیرچوونەوەیەک زەهایمەر بێت

بەهۆی خراپی دۆخی ژیان هاوڵاتیان بە پیر و گەنجەوە ڕۆژانە توشی لەبیرکردنی یادەوەرییەکانیان دەبن، لە گەنجدا هۆکاری دیکە هەن بەڵام لە کەسانی بەتەمەندا دەبێتە نەخۆشی زەهایمەر، ئەم نەخۆشیە نە چارەسەری هەیە و نە سەنتەری تایبەتی هەیە لە هەرێمی کوردستاندا، ژنان زیاتر ڕووبەڕووی ئەم نەخۆشیە دەبنەوە.

بەهۆی خراپی دۆخی ژیان هاوڵاتیان بە پیر و گەنجەوە ڕۆژانە توشی لەبیرکردنی یادەوەرییەکانیان دەبن، لە گەنجدا هۆکاری دیکە هەن بەڵام لە کەسانی بەتەمەندا دەبێتە نەخۆشی زەهایمەر، ئەم نەخۆشیە نە چارەسەری هەیە و نە سەنتەری تایبەتی هەیە لە هەرێمی کوردستاندا، ژنان زیاتر ڕووبەڕووی ئەم نەخۆشیە دەبنەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- زەهایمەر- یەکێکە لە نەخۆشیە ترسناکەکان، کەسی توشبوو تێکچوون لە بیر و هۆشیدا ڕوودەدات، توانای وردەکارییان بۆ شتەکانی چواردەوریان نامێنێت تەنانەت کەسانی نزیکی چواردەوریان لەبیر دەکەن، هەروەها هەڵسوکەوتی نامۆ لەو کەسانەدا بەدی دەکرێت.

 

پزیشک نەشمیل ڕەسوڵ، پزیشکی شارەزا لە نەخۆشییە دەروونیەکان وردەکاری تەواو لەسەر  نەخۆشی زەهایمەر ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: "حاڵەتێکە بە هۆیەوە گرفت لە مێشک و بیرەوەریدا دروست دەبێت، خۆی بەتەنها نەخۆشیەک نییە بەڵام نیشانەیەکە لە زۆر نەخۆشیدا هەیە وەک خەمۆکی، لە تەمەنێکدا بیرچوونەوە دەبێتە هۆی "خڵەفان" بە شێوەیەکی گشتی لە دوای ٦٥ ساڵەوە کەسانی بەتەمەن تووشی دەبن، هەروەها لە ٪٥٠ بۆ ٧٠ی ئەو کەسانەی توشی خڵەفان دەبن زەهایمەریان هەیە".

 

"زەهایمەر لە پاش تەمەنی ٦٠ بۆ  ٦٥ ساڵەوە دەستپێدەکات"

بە شێوەیەکی گشتی ئەو کەسانەی بیرچوونەوەیان هەیە لە تەمەنێکی زۆردان واتە کەسانی گەنج نین، جگە لە نەخۆشیەکانی داون سندروم کەلە تەمەنێکی گەنجدا تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن.

پزیشک نەشمیل ئاماژە بەوە دەکات، لەناو خەڵکیدا وشەی زەهایمەر زۆر بەکاردەهێنن بۆ هەر کاتێک کە شتێکیان بیربچێتەوە بێ ئەوەی ئاگاداربن لەوەی زەهایمەر چییە، لە کەسانی گەنجدا هۆکاری بیرچوونەوەی چالاکییەکانی ڕۆژانە خەمۆکییە یاخود فشاری دەروونی و دڵەڕاوکێیە کە لە ئێستادا بە هۆی سەختی ژیانەوە زۆرینەی هاوڵاتیان بە گەنج و پیرەوە بە دەستییەوە دەناڵێنن، بۆیە پێویستە ئەم نەخۆشیە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بناسرێتەوە.

 

بیرچوونەوە ٪٥٠ بۆ ٧٠ هۆکارە بۆ خڵەفان، بەڵام لە ٪٣٠ گیرانی بۆرییەکانی خوێنە لە کۆتایدا دەبێتە هۆی سەکتەی دەماخ و دەبێتە هۆی بیرچوونەوە.

 

"مەرج نییە ئەو کەسانەی زەهایمەریان هەیە درک بە نەخۆشییەکەی خۆیان بکەن، دەووروبەیان هەست بە نیشانەکانی دەکەن"

کەسی توشبوو بە زەهایمەر سەرەتا توانای خەزنکردنی زانیاری نوێی نییە، واتە چالاکی و یادەوەرییەکانی ڕۆژانەی لە بیر نییە، بەڵام ساڵانی پێشووی لە بیرە بەجۆرێک هەڵسوکەوت دەکات لە ساڵانی پێشوودا  بژی، دواتر دەڕوات بۆ لەبیرچوونەوەی یادەوەرییەکانی ساڵانی پێشووی.

 

هۆکارەکانی توشبوون بە زەهایمەر چین؟

پزیشک نەشمیل باسی لەوە کرد، بۆماوەیی مرۆڤ هۆکارە بۆ توشبوون بە بیرچوونەوە، واتە کەسێک لە باوانیدا نەخۆشی بیرچوونەوەی هەبووبێت لە داهاتوودا لە منداڵەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، جیا لەمە هەر کات کێشە لەسەر کڕۆمۆسۆمی ١،٢،١٩ و ٢١ هەبوو ئەو کەسە بە ئەگەری زۆرەوە تووشی بیرچوونەوە دەبێت.

 

نەخۆشیەکانی دڵ، شەکرە بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر چارەسەر نەکرێن دەبنە هۆی توشبوون بە زەهایمەر و لەبیرچوونەوە، یاخود هەندێک کات ڕوودانی ڕووداوێکی قورس کە زەبر بگاتە سەری کەسەکە دەبێت هۆی لەبیرچوونەوە.

 

"ژنان زیاتر ڕووبەڕووی زەهایمەر دەبنەوە"

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەدا بەراورد بە پیاوان ژنان زیاتر توشی بیرچوونەوە دەبن، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێت کە ژنان تەمەنیان درێژترە لە پیاوان ئەوەش تا ئێستا بە دڵنیای نەسەلمێنراوە، هەروەها پیاوان لە ڕووی چاکبوونەوەوە ڕێژەیان کەمترە بە بەراورد بە ژنان، هەرچەندە تا ئێستا چارەسەری بنەبڕ بۆ زەهایمەر نەدۆزراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام بەرەو خراپبوون دەچێت ئەو هەوڵانەی دەدرێن تەنها بۆ وەستاندیەتی بە شێوەیەکی کاتی.

 

"چارەسەری پێویست نییە بۆ نەخۆشی زەهایمەر"

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەدا زیاد لە ٥٠ هۆکار هەن بۆ توشبوون بە خڵەفان و زەهایمەر کە هەندێکیان چارەسەریان هەیە، بۆ نمونە ئەو کەسانەی ڤیتامینی B12 لە جەستەیاندا کەمە توشی بیرچوونەوە دەبن یاخود ئەوانەی بڕێک ئاوی زۆر لە سەریاندا هەیە بە هەمان شێوە توشی لەبیرچوونەوە دەبن، بەڵام دواتر بە کەمکردنەوەی ئاوی سەری دۆخی باش دەبێت.

 

هەروەها ئەو کەسانەی زەخت و بەرزی فشاری خوێنیان هەیە ئەگەر زوو چارەسەری خۆیان بکەن، کێشەی لەبیرچوونەوەیان ئەگەر بنبڕیش نەکرێت کەم دەبێتەوە، جیا لەمانە وەک خۆپارێزیەک بەردەوام ئەو کەسانە هەوڵی فێربوونی شتی نوێ بن یارمەتیان دەدات بۆ باشتربوونیان.

 

پزیشک نەشمیل باسی لەوەشکرد ئەو نەخۆشانە دەبێت لە ژێر چاودێریدا بن، چونکە زۆرکات ڕێگاکانی ژیانیان ون دەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نە خێزانەکان ئەوەندە هۆشیارن نە سەنتەری تایبەتیش هەیە بۆ نەخۆشانی زەهایمەر کە پێویست دەکات ئەو سەنتەرانە وەک ماڵ بن نەک نەخۆشخانە.

 

نەشمیل ڕەسوڵ، وتیشی: بە شێوەیەکی گشتی چاودێری ئەو نەخۆشانە ژنانن بە هۆی ئەوەی زیاتر کۆمەڵایەتین و هەست بەوە دەکەن دەتوانن هاوکاری نەخۆشەکان بکەن و خزمەتیان بکەن، ئەمە جگە لە سەنتەرەکان لە ژیانی ڕۆژانەشدا ڕەنگی داوەتەوە بۆ نمونە "کاتێک دایک و باوک دەچنە تەمەنێکەوە ژن زیاتر خزمەتی دەکات بە بەراورد بە پیاوان".

ت.پ