لە قامیشلۆ سیمینارێک بۆ هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمک بەرێوەچوو

بەشداربووانی سیمینارەکە کە لە قامیشلۆ بۆ مانگی هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمک (مانگی پەمەیی) بەڕێوەچوو، جەختیان لەوە کردەوە کە دەستنیشانکردنی زوو بۆ چارەسەرکردن زۆر گرنگە و بانگەوازیان لە ژنان کرد کە «بە شێوەیەکی بەردەوام بچن بۆ پشکنین».

قامیشلۆ

 

 لە مانگی تشرینی یەکەم کە بە مانگی هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمک (مانگی پەمەیی) ناسراوە، بۆ گرنگیدان بە هۆشیاریی کۆمەڵگا، هاندانی ژنان بۆ پشکنینی تەندروستی و دەستنیشانکردنی زووی ئەم نەخۆشییە، چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن. دەستنیشانکردنی زوو دەتوانێت دەرفەتی چارەسەرکردن زیاد بکات، لە هەمان کاتدا بڵاوکردنەوەی زانیاریی دروست و هۆشیاری ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی تەندروستی مەمکی ژناندا دەبینێت.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوی ژنانی ئازاد لە شاری قامیشلۆی ڕۆژاوای کوردستان، سیمینارێکی لەسەر گرنگی هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەبرد. سیمینارەکە لە ناوەندی ڕێکخراوی ژنانی ئازاد لە گەڕەکی هەلیلەیی، بە بەشداری دەیان ژن بەڕێوەچوو.

 

«پێویستە ژنان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک پشکنینی تەندروستی زیاتر بکەن»

شەهناز یوسف، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کۆمیتەی تەندروستیی ڕێکخراوی ژنانی ئازاد، جەختی لە گرنگی هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی ژنان لەبارەی شێرپەنجەی مەمک کردەوە و وتی: «شێرپەنجەی مەمک نەخۆشییەکە کە دەتوانێت هەم ژن و هەم پیاو بکاتە ئامانج. گرنگی ئەم سیمینارانەی هۆشیارییە ئەوەیە کە ژنان لە سەرەتادا نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بناسن و گۆڕانکارییەکانی مەمکیان ببینن. پێویستە ژنان زیاتر گرنگی بە تەندروستیی خۆیان بدەن، بە شێوەیەکی ڕێک و پێک پشکنینی تەندروستی بکەن و لە کاتی بینینی هەر گۆڕانکارییەک سەردانی پزیشک بکەن. چونکە دۆزینەوەی زووی شێرپەنجەی مەمک دەتوانێت دەرفەتی چارەسەرکردن زیاد بکات و ببێتە هۆی ئەنجامی باشتر. ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم سیمینارانەوە ئاستی هۆشیاریی ژنان بەرز بکەینەوە و لە هەمان کاتدا ژنان هان بدەین گرنگی بە پاراستنی تەندروستیی خۆیان بدەن.»

 

«کاتێک وشەی شێرپەنجە دەگوترێت، لە کۆمەڵگادا ترس و نیگەرانی دروست دەبێت»

نسرین حەسەن،ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی زاوزێ، جەختی لە گرنگی پشکنین و دۆزینەوەی زووی شێرپەنجەی مەمک کردەوە و وتی: «دۆزینەوەی زوو هیواگەلێکی زۆر بۆ چارەسەرکردنە. هەرچەندە نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەستنیشان بکرێت، هێندە دەرفەتی چارەسەرکردن زیاتر دەبێت. کاتێک ناوی شێرپەنجە دەگوترێت، لە کۆمەڵگادا ترس و نیگەرانی دروست دەبێت. بەڵام پێویستە زیاتر لە ترس، گرنگی بە پاراستنی تەندروستیی خۆمان بدەین. بۆیە پێویستە ژنان بەردەوام سەردانی پزیشک بکەن، پشکنینی تەندروستی ئەنجام بدەن و بۆ دۆزینەوەی زوو هەنگاوی جددی بنێن.»

 

دەست بە کەمپەینی هۆشیاری دەکەن

مەلیکە حەسەف، ئەندامی کۆمیتەی تەندروستیی ڕێکخراوی ژنانی ئازاد، بۆ ئاژانسی ئێمە قسەی کرد و ڕایگەیاند کە کەمپەینی هۆشیاری و سیمینارە تەندروستییەکان هەموو ساڵێک لە مانگی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچن. مەلیکە حەسەف وتی: «هەموو ساڵێک لە مانگی تشرینی یەکەمدا، سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک دەست بە کەمپەینی هۆشیاری دەکەین. لەو چوارچێوەیەدا، لە شار و گوندەکان سیمیناری هۆشیاری بۆ ژنان و خێزانەکان دەدەین، بۆ ئەوەی ئاستی زانیاری و هۆشیاریی کۆمەڵگا لەسەر ئەم نەخۆشییە زیاد بکەین. ئامانجی سەرەکیی ئەم کەمپەین و سیمینارانە ئەوەیە کە ژنان ئاگاداری تەندروستیی جەستەی خۆیان بن و نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی مەمک بناسن. چونکە دۆزینەوەی زووی نەخۆشییەکە دەرفەتی چاکبوونەوە زیاد دەکات.»

 

«پێویستە ژنان بەردەوام سەردانی پزیشک بکەن»

ئیلهام شەکیر  بەشداربوو جەختی لە گرنگیی سیمینارەکان کردەوە و وتی: «گرنگیی ئەم سیمینارانە ئەوەیە کە ژنان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک بناسن و بە زوویی هەنگاوی پێویست بنێن. بۆیە پێویستە ژنان نەترسن، بە پێچەوانەوە بەهێز و دڵنیابن، گرنگی بە تەندروستیی خۆیان بدەن و بەردەوام سەردانی پزیشک بکەن بۆ گۆڕانکارییەکانی جەستەیان.»