"لە هەڵەبجە دەستنیشانکردنی شیرپەنجەی مەمک زۆربەی کات دەکەوێتە قۆناغی دووەمەوە"
بەهۆی زۆر بوونی شێرپەنجەو شێرپەنجەی مەمک بەتایبەتی، پسپۆڕان و پزیشکانی نەخۆشییەکانی ژنان داوا دەکەن کە ژنان پێشتر هەستیان بە هەر شتێکی نامۆ یان گرێیەک کرد ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکەن تاوەکو چارەسەری خێرایان بۆ بکرێت.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-هەرچەندە ساڵانە مانگێک داندراوە بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان لە زوو پشکنین و دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، بەڵام بەهۆی ئەوەی شێرپەنجە و بە تایبەتی شێرپەنجەی مەمک ڕۆژ بەڕۆژ ڕێژەکەی لە زیادبوونە، پزیشکان و پسپۆڕان هەمیشە ژنان هۆشیار دەکەنەوەو داوا دەکەن کە سەردانی نەخۆشخانە بکەن بۆ پشکنین و چارەسەرکردن.
هەردوو پزیشک ئەژین حەمە تۆفیق عەبدولقدرو مریەم عەبدولقادر، پزیشکانی پسپۆری نەخۆشیەکانی مەمک بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.
"نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بەربڵاوە"
پزیشک ئەژین حەمەتۆفیق وتی: بە گوێرەی ئەوەی چەند ساڵێکە لە پارێزگای هەلەبجە کار دەکەم جاری واهەبووە لە مانگێکدا نەخۆشێک یان دوونەخۆشی مەمکمان هەبووەو هەندیکجار خۆیان هەستیان پێکردووەو دەرکەوتووە شێرپەنجە بووە، لەبەر ئەوەی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کە پارێزگایەکی بچوکە حاڵەتیکی بەربڵاوەو دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە زۆربەی کات دەکەویتە قۆناغی دووەمەوە، هەرچەندە زووتر پێی نازانن، بەڵام ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاو ئامێرەکانی پشکنینی مەمک لە پارێزگاکە حاڵەتەکان کەمی کردوەو ئامیری مامۆگرافیمان بۆ هاتووەو سۆنەرمان هەیە، دەتوانین پشکنینی شانەیی کە هەمانە بیکەین و زووتر حالەتەکە دیاری بکرێت.
پزیشک ئەژین حەمە تۆفیق داوای ئاڕاستەی ژنان کردو وتی: پێویستە ژنان هۆشیار بن کە نیشانەیەک دەبینن گوماناوییە بێن بەدەم خۆیانەوە تاوەکو زووتر نیشانەکان بنبڕ بن و چارەسەر ببن.
"نیشانەکان روون و ئاشکران"
پزیشک مەریەم عەبدولقادر، پسپۆری نەخۆشییەکانی مەمک ئاماژە بەوەدا کە لە سەرەتای تەمەنی بیستەکان پێویستە پشکنین بکەن و لەسەرەتادا لەبەردەم ئاوێنە یان بە پاڵکەوتنەوە پشکنین بکەن، هەروەها ئەوانەشی کە تەمەنیان سەروو ٤٠ ساڵین پێویستە مامۆگرافی بکەن و پیش ئەوەی ئاشکرا ببن پیویستە پێی بزانین و بەدواداچوون بکەین، نیشانەکان هەبوونی گرێیە لە بنباڵ یان مەمک، نیشانەکانیان گرێی ڕەقەو ناجوڵێت، گۆڕان لە پێستی مەمک و هەبوونی برین و سوور بوونەوە، هەروەها هەبوونی دەردراوو وەک خوێن، ئەمانە کۆمەڵێک نیشانەی ئاشکران و پێویستە ژنان لە بوونی ئەم حالەتانە سەردانی پزیشک بکەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا پزیشک مەریەم عەبدولقادر ئاماژە بەوەکرد، لە کوردستان بەگشتی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک ڕوو لە زیاد بوونە.