هاوڵاتیان دوودڵن لە بەکارهێنانی پێکوتەی کۆڤید-١٩

لە ئێستادا ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەردەستە، بەڵام هێستا بەشیک لە هاوڵاتیان متمانەیان بە بەکارهێنانی پێکوتەکە نییە، پزیشکێکیش دڵنیای لە پێکوتەکە دەدات. شنیار بایز

لە ئێستادا پێکوتەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەردەستە، بەڵام هێشتا بەشێک لە هاوڵاتیان متمانەیان بە بەکارهێنانی پێکوتەکە نییە، پزیشکێکیش دڵنیای لە پێکوتەکە دەدات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- پەیدابوونی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا "دەلتا"، هاوڵاتیانی گەیاندە ئەو بارودۆخەی بەکارهێنانی پێکوتەی تایبەت بە کۆڤید ١٩ بە چارەسەر بزانن.

سەرەتا بەکارهێنانی پێکوتەی پەتایی کۆرۆنا لە جیهان بەگشتی گومانی لەسەر بوو، هەروەها چەندین قسە و باسی لەسەر دەکرا، کە لە داهاتوودا هاوڵاتی ڕووبەڕووی نەخۆشی جیاواز بکاتەوە، بەڵام لە ئێستادا هاوڵاتیانی جیهان و کوردستانیش بە کۆتا چەک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆڤید ١٩ دەزانن.

دکتۆر محەمد عبدولوهاب، پزیشکی پسپۆڕ لە بواری تەندروستی و کۆمەڵ هەموو ئەو دەنگۆیانەی سەر پێکوتەکە ڕەتدەکاتەوە، بە ژنهای ڕاگەیاند "ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن ڤاکسینەکە لە دواڕۆژدا توشی نەخۆشی دیکەت دەکات دوورن لە ڕاستیەوە".

 

"جۆرە جیاوازەکانی پێکوتە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە سەلامەتیان سەلمێنراوە"

دکتۆر محەمەد، ئاماژەی بەوەدا ئەو سێ جۆرە پێکوتەیەی لە عێراق و کوردستاندا هەیە هیچ جیاوازییەکی نیە لەگەڵ ڤاکسینی وڵاتانی دیکەدا، دەشڵێت "توێژینەوەکان سەلماندویانە ڤاکسینێکی سەرکەوتووە و باشترە بەکاربهێنرێت، بەڵام ئەوەی کە بزانرێ چەند دژە تەن دروست دەکات دەکەوێتەوە سەر لەشی هاوڵاتییەکە"

لەبارە کاریگەرییە لاوەکیەکانیشیەوە، ڕوونیکردووە،کاتێک ئەم پێکوتەیە دەچێتە لەشی کەسێکەوە دوو نیشانە هەن نیشانە گشتیەکان "تا ئازاری جومگەکان و بێ هێزییە کە ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێر زیاتر ناخایەنێت"، هەروەها نیشانەی دیکە هەیە بە تایبەت لە شوێنی کوتانەکە وەک ئازار، هەڵئاوسان و سوربوونەوە.

لە دوای بەکارهێنانی ئەگەری توشبوونی کەسەکە بە پەتای کۆرۆنا کەمدەکات، لە ئەگەری تووشبونی کەسەکەشدا زۆر بە ئاسانی تووشی پەتای کۆرۆنا دەبێت، لە ئێستاشدا سێ جۆر ڤاکسین هەیە سینی، بەریتانی و ئەمریکی.

 

هاوڵاتیان بۆچی ترسیان لە بەکارهێنانی پێکوتە هەیە؟

بەهۆی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە نوێ بوو بۆ هەموو جیهان، سەرەتا هاوڵاتیان ترسیان لە بەکارهێنانی پێکوتە  دەکردەووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بڵاونەکردنەوەی زانیاری تەواو لەبارەی پێکوتەکە، هەروەها شکاندنەوەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی پێکوتە لە نێو خۆیاندا بۆ مەبەستی دەستکەوتنی لایەنی ئابووری زیاتر، کە هۆکارنوو باوەڕ بە بەکارهێنانی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ کەم بێت.

بەڵام لە کۆتایدا بووەتە کۆتا چەک بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کۆڤید ١٩، لەبەر ئەوەش د.محەمەد جەخت لەوەدەکاتەوە بەکارهێنانی ئەو پێکوتەیە بۆ هەموو کەسێک دەبێت، بە مەرجێک تەمەنی لە ١٨ ساڵ بەرەو سەر بێت، تەنانەت بۆ ئەوانەی نەخۆشی درێژ خایەنیشیان هەیە، هەروەها تەنها یەک جۆر ڤاکسین هەیە لە ١٢ ساڵییەوە بەکاربهێنرێت ئەویش تەنها لە ئەمریکا بوونی هەیە.

ئەو پزیشکە داوا لە هاوڵاتیانیش دەکات بەدەم بەکارهێنانی پێکوتەی کۆڤید١٩  بچن، تا مەترسی لەسەر ژیانیان کەمتر ببێتەوە.

 

"کەس نەمابێ بەکاریبهێنێت، ئەوکات بەکاری دەهێنم"

سەرباری ڕێنمایی بەردەوامی هاوڵاتیان لەلایەن پزیشکەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، بەڵام هێشتا هاوڵاتیان ڕای جیاوازیان هەیە، بەشێکیان هەر زوو هەوڵ بۆ بەکارهێنانی پێکوتەکە دەدەن، لەبەرامبەریشدا بەشێک لە هاوڵاتیان هێشتا گومانیان هەیە.

 

شادان فارس، هاوڵاتییەکی شاری سلێمانییە و دەربارەی بەکارهێنانی ڤاکسین و بوونی کۆرۆنا دەڵێت "بڕوای تەواوم بە نەخۆشی کۆرۆنا هەیە، خۆم دەپارێزم بەڵام بە شێوەیەکی توندیش نا، بەڵام ڤاکسین بەکارناهێنم تا کەسێک مابێت، ئەوکاتەی هەموو جیهان بەکاری هێنا دواتر منیش دەبم بە یەکێک لەوان"ڕوونیشی کردەوە ترسی لە بەکارێهنانی نییە بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو بڕوایەی پێکوتە کۆتا چارەسەر بێت.

ترێ جەعفەر، هاوڵاتییەکی دیکەی شاری سلێمانییە و بەکارهێنانی پێکوتەکە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە بە کارێکی دروست دەزانێت.

مونا فایەق، دەربارەی بەکارهێنانی پێکوتە بەم جۆرە بۆ ژنها دوا: تا ئێستا لەلایەنی عیلمیەوە بۆمان یەکلا نەبۆتەوە کە ئایا ڤاکسینەکە چارەسەری بنەڕەتییە یاخود نا، بەڵام هەندێک کەس لەوکاتەی بەکاری هێناوە دەروونیەن دۆخی باشتر بووە و بەرگری جەستەی بەرزبووەتەوە.

سۆنیا ئەنوەر، وەک هاوڵاتیەک باوەڕی بە بەکارهێنانی پێکوتە هەیە، بەڵام دەڵێت "لە زۆر جێگە بڵاو دەکرێتەوە گوایە ڤاکسینەکە دەتوانرێ لە سەلاجەی ئاساییدا هەڵبگیرێت، بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نییە و دەبێت شوێنێکی گونجاو هەبێت دەنا سودی لێنابینیت".

یەکێکی دیکە لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی پێی وایە بەکار بهێنرێت باشترە چونکە ڤایرۆسەکەیە بە لاواز کراوی، وتیشی "هەرچەندە لە ٪١٠٠ چارەسەری بنەڕەتی نییە بەڵام بەکارهێنانی باشترە لە کاتێکدا توشی کۆرۆناش ببیت بە ئاسانتر توشدەبیت".

هەر لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا هەندێک حاڵەت هەبووە لەدوای بەکارهێنانی ڤاکسینەکە کەسەکە توشی خوێن مەین بووە ئەویش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر کەمە بەبەراورد بە توشبوونی ڤایرۆسەکە.

"پێم باشە بەکارنەهێنرێت"

چۆڤان مەحمود، وەک گەنجێکی ئەم شارە پێی وایە بەکارنەهێنانی پێکوتە باشترە لەوەی بەکاربهێنرێت، ئەمەش دەگەڕینێتەوە بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن لە داهاتوودا نەخۆشی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

بیروبۆچوونی هاوڵاتیان دەربارەی بەکارهێنانی پێکوتەی پەتای کۆرۆنا جیاوازە، بۆ یەکلابوونەوە لە بەکارهێنانی، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی تەندروستی زانیاری زیاتر لەبارەی پێکوتەکەوە بڵاوبکەنەوە، تا هاوڵاتیان وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی لێی بڕوانن.