پەرستارانی کرماشان: گۆڕانی بنەڕەتیمان دەوێت

پەرستارێک سەبارەت بە ناڕەزایەتی پەرستارەکان دەڵێت: سەبرمان تەواو بووە، ئەم سیستەمە توانای چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و سیاسی و ڕەگەزی نییە، ئامانجمان تەنها زیادکردنی مووچە و باشترکردنی بارودۆخی کارکردن نییە.

هێلین ئەمینی

 

کرماشان- لە سەردەمی ئێستادا پەرستاران و بە تایبەت پەرستارانی ژن لە ئێران بە هۆی نایەکسانی دامەزراندن، بژێوی ژیان و هەلومەرجی یاسایی بوونەتە یەکێک لە دەنگە ناڕازییەکانی کۆمەڵگە. ئەم توێژە  لە کۆمەڵگە به تایبەت ژنانی پەرستاری کوردی ڕووبەڕووی دوو چەوساندنەوە به هۆی نایەکسانی ڕەگەزی و نەتەوەییەوه دروستکردووە. لەم ڕاپۆرتەدا بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی ناڕەزایەتی پەرستارەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر بارودۆخی ژنانی پەرستاری کورد و پێویستی گرنگیدان بەم گروپە دەکەین.

 

دۆخی پیشەیی و بژێوی پەرستاران

پەرستاران وەک پایە سەرەکییەکانی سیستەمی چاودێری تەندروستی، لەژێر فشاری توندی کار و ئابووریدان، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تێکڕای مووچەی پەرستاران لە ئێران مانگانە لە دەوروبەری ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن تمەنە، لە کاتێکدا کەمترین خەرجی ژیانی ڕۆژانەی شاری تاران و شارەکانی دیکەی وەک کرماشان لەو بڕە زیاترە، هاوکات بەپێی زانیارییەکان، لە ٪٦٠ی پەرستارانی وڵات بەهۆی کەمی مووچە و فشارەکانی کارەوە بڕیاریان داوە پیشەکەیان جێبهێڵن.

 

ئامارە بەردەستەکان دەریدەخەن کە خۆکوشتن لە نێوان پەرستاران لەم ساڵانەی دواییدا زیادی کردووە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان، نزیکەی ٪١٨ی پەرستاران لەم ساڵانەی دواییدا بیریان لە خۆکوشتن کردووەتەوە، ئەمەش ئامارێکی نیگەرانکەرە بۆ کۆمەڵگەی پزیشکی و بەتایبەتی بۆ پەرستاران. هەروەها ناڕەزایەتی پەرستاران لە ساڵانی ڕابردوودا بە تایبەت لە ساڵی ٢٠١٩ەوە توندتر بووە و بە پێی ئامارەکان زیاتر لە ١٠٠ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران بەڕێوەچووە، ئەم ناڕەزایەتیانە بە شێوەیەکی سەرەکی بە هۆی ناڕازیبوون لە ماف و بارودۆخی کارکردن، کەمی توانای مرۆیی و نەبوونی پێداویستی گونجاو بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەڕێوەچووە.

 

ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی وڵات

ناڕەزایەتییەکانی پەرستاران لە دژی دامەزراندن و بەتایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، پێگەی یاساییان توندتر بووە، ئەم قەیرانە نیشانەی بێتوانایی سیستەمی تەندروستی لە وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ئەم گروپە و هەروەها دابیننەکردنی سەرچاوەی پێویستە بۆیان. لەم ناڕەزایەتیانەدا پەرستاران داوای مووچەیەکی دادپەروەرانە و باشترکردنی بارودۆخی کارکردن و ڕێزگرتن لە کەرامەتی ئینسانی خۆیان دەکەن.

 

دۆخی ژنانی پەرستار لە کرماشان

ژنانی پەرستار لە کرماشان بە هۆی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە تایبەتەکانەوە زیاتر لە ژنانی دیکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. لە ڕاستیدا ژنانی پەرستارانی کورد لە کۆمەڵگەیەکدا کە تا ئێستاش لە ژێر کاریگەری کولتوورە تەقلیدییەکاندا لەگەڵ نایەکسانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا خەبات دەکەن. ئەم دۆخە نەک تەنها کاریگەری لەسەر ژیانی پیشەیی ئەوان هەیە، بەڵکو کاریگەری لەسەر پرۆسەی خەباتی ئازادیخوازانەی ئەم گروپە هەیە،

 

بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە دۆخی پەرستارانی ژن و ئاستەنگەکانیان، لەگەڵ یەکێک لە پەرستارە ژنە ناڕازییەکان بە ناوی "م.ب" " قسەمان کرد، کە لە نەخۆشخانەکانی کرماشان کار دەکات، چاوپێکەوتنێکمان ئەنجامدا.

 

کار و دۆخی ژیانت وەک پەرستارێکی ژنی کورد چۆنە؟

دۆخی ئێمە لە ڕادەبەدەر نیگەرانکەرە، مووچەکەمان بەشی ئەوە ناکات تەنانەت خەرجییە سەرەتاییەکانی ژیانیشمان دابین بکات، وەک ژنێکی کورد فشارەکان دوو هێندەن، ئێمە لە شوێنی کار و هەروەها لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی تەحەدای زیاتر دەبینەوە، هاوکارە پیاوەکانمان پشتگیری زیاتریان هەیە و لە هەمان کاتدائێمەش دەبێت بارگرانییەکی قورس لە بەرپرسیارێتی خێزانیش بخەینە ئەستۆ. ئەم سیستەمە نەک هەر چارەسەری کێشە ئابوورییەکان ناکات، بەڵکو ک ژن و پەرستارگرنگی بە پێداویستییەکانمان نادات.

 

ئایا لە شوێنی کاردا تووشی ئازاردانی زارەکی و جەستەیی و سێکسی بوویت؟

بەڵێ بەداخەوە لە ژینگەی کارەکەماندا ڕووبەڕووی ئازاردانی زارەکی و هەندێکجار تەنانەت جەستەیی و سێکسی دەبینەوە. زۆرێک لە هاوکارە پیاوەکانمان لەبری ئەوەی پشتیوان بن، گاڵتەمان پێدەکەن و سووکایەتی دەکەن، ئەم هەراسانکردنانە باری دەروونیمان تێکدەدەن و دەمانخەنە ژێر فشارێکی زۆرەوە، ئەم ڕەفتارانە نیشانەی ئەو سیستەمە پیاوسالارییە نایەکسان و سەرکوتگەرەیە کە حوکمڕانی کۆمەڵگە دەکات، کە ڕێگەمان پێنادات وەک پەرستار و وەک ژن مافە سەرەتاییەکانمان بەدەست بهێنین.

 

بەشداری ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە دەکەن؟ ئەگەر بەڵێ ئامانجت چییە؟

بەڵێ بەدڵنیاییەوە بەشداری ناڕەزایەتییەکان دەبم و پێشتریش بەشداریم کردووە. ئەم ناڕەزایەتیانە دەرفەتێکە بۆ ئێمە کە دەنگی خۆمان بگەیەنین و بڵێین سەبرمان کۆتایی هاتووە، ئەم سیستەمە توانای چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و سیاسی و ڕەگەزی نییە، ئێمە گۆڕانکاری بنەڕەتیمان دەوێت، ئامانجمان تەنها زیادکردنی مووچە و باشترکردنی بارودۆخی کارکردن نییە، بەڵکو خەباتکردنە بۆ مافەکانی ژنان و یەکسانی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی هەموو کۆمەڵگە.

 

ئێمە وەک ژنی کورد دەبێت خەبات بۆ مافەکانمان بکەین و هیچی کەمتر لە ئازادی و یەکسانی قبوڵ ناکەین.

 

پێت وایە چۆن دەتوانرێت ئەم گۆڕانکاریانە بکرێت؟

گۆڕانکاری تەنیا بە یەکڕیزی و تێکۆشان دەستەبەر دەبن؛ پێویستە هاوکاری یەکتر بکەین و ئەزموونەکانمان بەیەکەوە باس بکەین و پشتگیری یەکتر بکەین، هەروەها پێویستە وەک گروپێکی گەورە هێزی خۆمان بەکاربهێنین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان، پێویستە ئەم سیستەمە بزانێت کە ئێمە کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین لە خەبات تا مافەکانمان دەستەبەر دەکرێت.

 

ناڕەزایی سەرتاسەری پەرستاران و بەتایبەت ژنانی کورد، نیشاندەری ناڕەزایی ئەوانە لە دامەزراندن و بژێوی ژیان و پێگەی یاسایان. ئەم توێژەی کۆمەڵگە، وەک هێمای بەرەنگاربوونەوەی دوو چەوساندنەوە، پێویستە پاڵپشتی بکرێت و گرنگی پێبدرێت. خەباتی ئەو ژنانە نەک لە باشترکردنی بارودۆخی کارکردنیان، بەڵکو دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر هەموو کۆمەڵگە هەبێت، پاڵپشتیکردنی پەرستاران و بەتایبەت ژنانی کورد تەنها کارێکی پێویست نییە، بەڵکو پێویستییەکی ئینسانییە کە دەبێت بخرێتە بەرنامەی کار بۆ ئەوەی دادپەروەری و یەکسانی بە تایبەتی بۆ ئەم گرووپە بەدی بهێنرێت.