گەشەی ناڕێکی خانە و توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک

ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن توشبووی شێرپەنجەی مەمک هەیە، لە یەک ملیۆنەش بەشی زۆری ژنانن، بە جۆرێک تەنها لە ٢٠٠ توشبوودا یەکێکیان پیاوە، شێرپەنجەی مەمکیش یەکێکە لەو نەخۆشیانەی بەهۆی گەشەی ناڕێکی خانەوە دروست دەبێت.

 

هەنار کازم

سلێمانی - شێر پەنجەی مەمک باو ترین جۆری شێر پەنجەی ژنانە لە خانەکانی مەمکدا ڕوودەدات، وە دووەم باوترین هۆکاری مردنی ژنانە بە شێرپەنجە لە دوای شێرپەنجەی سیەکان، بە پێی‌ ئاماری تەندروستی جیهانیش لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە هەر هەشت ژنێک یەکێک تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێت، شێرپەنجەی مەمک لە ژنان و پیاوانیشدا ڕوودەدات، بەڵام ڕێژەی توشبوون لە پیاواندا کەمە و باو نییە، بە گشتی لە هەموو جیهاندا ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن.

 

لە نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک دروستبوونی گرێیە
١- دروستبوونی گرێ لە مەمک یان لە ژێر باڵ: ژێر باڵ بەشێک لە مەمکی تێدایە کە پێی دەڵێن (Tail of Spence)، وە گرێ لیمفاویەکانیشی تێدایە. بۆیە ئەگەر گرێیەک لە ژێر باڵ هەبێت، لەوانەیە شێرپەنجەی ئەو بەشەی مەمک بێت کە کەوتۆتە ژێر باڵ، یان لەوانەیە گرێیەکی لیمفاوی بێت کە بە هۆی چوونە ناوەوەی خانە شێرپەنجەییەکان گەورە بووبێت.
٢-  گۆڕانی پێست: بۆ نموونە سوور بوونەوەی پێست، گەورەبوونی کونەکانی پێست کە هەندێکجار بە پەلکە پرتەقاڵ وەسف دەکرێت، یان چوونە ژوورەوەی شوێنێک لە پێست، وەکو ئەوەی شتێک لە ناوەوە ڕایبکێشێت، بەڵام هەموو سوور بوونەوەیەکی پێستی مەمک شێرپەنجە نییە، زۆربەی جار هۆکارەکەی هەوکردنە.
٣- گۆڕانی گۆی مەمک گۆی مەمک ڕووی لە دەرەوەیە، ئەگەر ژنێک هەستی کرد گۆی مەمکی لە ماوەی چەند هەفتەیەک بەرەو ناوەوە دەچێت، ئەوە لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت گرێیەک لە ناوەوە ڕایدەکێشێت.
٤- دەرچوونی خوێن یان شلەیەک لە گۆی مەمک.
٥- خوران یان هەستیاربوونی گۆی مەمک یان دەوروبەری گۆی مەمک.
٦- ئازاری مەمک: زۆربەی کات ئازاری مەمک بە هۆی هۆکارە حەمیدەکانە، بەڵام هەندێک جار لەوانەیە شێرپەنجەی مەمک لە سەرەتا تەنها وەکو ئازار خۆی دەربخات، لەبەر ئەوە گرنگە لەکاتی بوونی ئازار بە تایبەتی ئەگەر بەردەوام بێت پشکنینی بۆ بکرێت.
 

لە ٢٠٠ توشبوو یەک دانەیان پیاوە
پیاوانیش دووچاری نەخۆشیەکە دەبن کە بە گوێرەی ئامارەکان لە ٢٠٠ توشبووی شێرپەنجەی مەمک تەنها یەک پیاو تووش دەبێت و ئەوانی تر ژنانن، بەڵام لە پیاوان مەترسیدارترە چونکە بەهۆی ئەوەی قەبارەی مەمکیان بچوکە خێراتر گەشەدەکات و کاریگەری دەبێت لەسەر تەندروستیان، مەرجیش نییە هەموو گرێیەک ببێتە شێرپەنجە، هەر گرێیەک جیاوازی خۆی هەیە، بەڵام پێویستە لەگەڵ هەستکردن بە گرێ سەردانی پزیشک بکرێت بۆ چارەسەر.

دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک لە ڕێی پشکنینی مەمکەوە لە لایەن پزیشکی پسپۆرەوە ئەنجام دەدرێت، سۆنەری مەمک بەکاردێت بۆ جیاکردنەوەی گرێی ڕەق یان کیسی شل لە مەمکدا و مامۆگرافیش بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە. وەرگرتنی زەرعەش لە خانە گومان لێکراوەکان تاکە ڕێگان بۆ دڵنیابوون لەوەی خانەیەک شێرپەنجەییە یاخود نا. دواتریش لە ڕێی کۆمەڵێک پشکنینەوە وەک پشکنینی خوێن، مامۆگرافی، تیشکی MRI و CT scan و PET scan  وە قۆناغی شێرپەنجەکە دیاری دەکرێت و لەسەر ئەم بنەمایەش باشترین و گونجاوترین ڕێگای چارەسەر دیاری دەکرێت.

 

بە چارەسەری گشتگیر یان ناوچەیی چارەسەری شێرپەنجەی مەمک دەکرێت

چەندین ڕێگە هەیە بۆ چارەسەری شێرپەنجەی مەمک، بەڵام بە پێی جۆر و قۆناغی شێرپەنجەکە بڕیار دەدرێت کام جۆر چارەسەر باشترینە بۆ کەسی توشبوو.
بە گشتی چارەسەرەکان دەکرێن بە دوو کۆمەڵەوە:
چارەسەری ناوچەیی: واتە چارەسەری وەرەم دەکات بە بێ هەبوونی کاریگەری لەسەر تەواوی لەش، کە بریتین لە نەشتەرگەری و چارەسەر بە تیشک، ئەم شێوازانە زیاتر بۆ ئەو جۆرە شێرپەنجانە بەکاردێن کە لە قۆناغی سەرەتاییدان و ڕەنگە لە چەند حاڵەتیکی تریشدا بەکار بێن.
چارەسەری گشتگیر: شێرپەنجەی مەمک دەکرێت چارەسەر بکرێت بە پێدانی دەرمان لە ڕێگەی دەم یاخود ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی خوێنەوە، کە دەگوازرێتەوە بۆ تەواوی لەش و دەگات بە هەر خانەیەکی شێرپەنجەیی کە بوونی هەبێت، دەرمانەکانیش بریتین لە  چارەسەری کیمیایی، چارەسەری هۆرمۆنی، چارەسەری ئامانجدار .
زیاد لە جۆرێک چارەسەر بەکار دێت لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، بەشێوەیەکی گشتی نەشتەرگەریی ئەنجام دەدرێت بۆ لابردنی وەرەمەکە و جۆرە چارەسەری تر بەکار دێت لە پێش یاخود لە پاش نەشتەرگەرییەکە بە پشت بەستن بە جۆر و ئاستی تەشەنەی وەرەمەکە، بەڵام نەشتەرگەری بە چارەسەری سەرەکی دانانرێت لە شێرپەنجەیەکدا کە لە قۆناغێکی پێشکەوتوودا بێت.

 

ت.پ