نەشۆردنی ددان لە شەودا تووشبوون بە نەخۆشی دڵ زیاد دەکات

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، نەشۆردنی ددانەکانت پێش خەوتن ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاد دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

زاناکان توێژینەوەیان لەسەر هەزار و ٦٧٥ نەخۆش کردووە، کە تەمەنیان ٢٠ ساڵ و سەرووترە و لە نێوان مانگی نیسانی ٢٠١٣ تا ئازاری ٢٠١٦ سەردانی نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆساکایان لە ژاپۆن بۆ پشکنین، نەشتەرگەری یان چارەسەر کردووە.

 

توێژەران بە پشتبەستن بە خووی پاکوخاوێنی دەم و ددانیان بەسەر چوار گروپدا نەخۆشەکانیان دابەش کرد، هەروەها تەمەن، ڕەگەز، مێژووی جگەرەکێشان، تۆماری ددان و پزیشکی هەڵسەنگێندرا، بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی شەوانە ددانیان دەشۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمترە.

 

نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێن: "ئەنجامەکان بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن کە فڵچەکردن تەنها لە بەیانیاندا دوای لە خەو هەڵسان بەس نییە و فڵچەکردن لە شەودا باشە بۆ پاراستنی تەندروستییەکی باش"، ئاماژەیان بەوەشکردووە، بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زۆر گرنگە پێش نانی بەیانی ددانەکانت بشۆیت، بەڵام لەوەش گرنگتر شۆردنی ددانە لە شەوانەدا پێش خەوتن.

 

توێژەران پێیان وایە بەکتریاکانی دەم و ددان بەرپرسن لە هەوکردن لە سەرتاسەری لەشدا، کە دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی جددی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.