ژنانی گەنجی پەرستار خۆبەخشانە لە فێستیڤاڵی هەناردا بەشدارن
لە هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، جگە لە نمایشکردنی هەنار و بەرهەمی خۆماڵی و کوردەواری، ژنانی گەنجی پەرستاریش خۆبەخشانە پشکنینی نەخۆشییەکان بۆ هاوڵاتیان دەکەن.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، لە ماوەی سێ ڕۆژدا هەزاران کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە و نزیکەی ٤٠٠ کۆشکی فرۆشتنی بەرهەمی هەنار و بەروبومی خۆماڵی و کوردەواری، جلوبەرگی کوردی و کاری دەستی و هونەری ژنان نمایشکراوە.
لەناو فێستیڤاڵەکەدا سێ ژنی گەنجی پەرستار بە جلوبەرگی سپی پەرستارییەوە خۆبەخشانە پشکنینی پەستانی خوێن، شەکرە و چاودێری تەندروستی هاوڵاتیان دەکەن و بەڕووی میواناندا پێدەکەنن.
بوشرا کەمال، یەکێک لە ژنە گەنجە پەرستارەکانە و بۆ نوژنها دوا و وتی ئەمڕۆ لەلایەن نەخۆشخانەکەمانەوە هاتووین خۆبەخشانە و بێ بەرامبەر خزمەت بە هاوڵاتیان بکەین، ئەگەر حاڵەتێکی لەناکاو هەبێت ئەوا فریاگوزاری خێرامان هێناوە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیشمان ئامادەکردووە.
نیگا ئیبراهیم، یەکێکی دیکەیە لە پەرستارەکان و ئاماژەی بەوەدا مەبەستیانە خزمەتەکانیان بهێننە دەرەوەی نەخۆشخانەکە، لە پشکنینەکانیشدا لێدانی دڵ و ئۆکسجین چەندین شیکاری تر بۆ هاوڵاتیان بێ بەرامبەر ئەنجامدەدەن.
نیگا ئیبراهیمی پەرستار وتی: گرنگە لەم جۆرە چالاکییانەدا کە ڕێژەیەکی زۆری هاوڵاتی ڕووی تێدەکات کەسانی خۆبەخشی تەندروستی هەبن تا هاوکاری هاوڵاتیان بکرێت.