"دەبێت ژنانی سەروو تەمەن ٤٠ ساڵ ساڵانە پشكنینی مامۆگرافی ئەنجام بدەن"

پزیشک سەناریا شوان، ئاماژەی بەوەکرد ئەگەری دروستبوونی شێرپەنجەی مەمك لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا زیاد دەكات و پێویستە هەموو ژنێکی سەروو تەمەن ٤٠ ساڵ ساڵانە پشكنینی مامۆگرافی ئەنجام بدات.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە زاری سەناریا شوان، پزیشكی پسپۆڕی چارەسەری نەخۆشیەكانی مەمك بڵاویکردەوە، هەر ژنێك هەستی بە گۆڕانكاریی كرد لە مەمكیدا، ئازار بێت یاخود گرێ بێت یان هەر دەردراوێك لە گۆی مەمك، یان شتێكی نامۆ ببینێت، دەبێت پشکنین بکات.

 

وتوشیەتی: "ئەگەر نەخۆش ئازارێكی بەردەوامی هەبوو و بە دەرمانی ئازار شكێن چارەسەر نەبوو، دەبێت بەدواداچوونی بۆ بكرێت و مەرج نیە شێرپەنجە بێت، لەوانەیە هەوكردنێكی درێژخایەنی هەبێت، لەوانەیە گۆڕانكاری لە بۆری شیردەرەكانی هەبێت یاخود گۆڕانكاری هۆرمۆناتی هەبێت، واتە هەرشتێك بەردەوام بوو لە مەمكیدا و زۆری خایاند پێویستە پشت گوێ نەخرێت".

 

دەربارەی ئەوەی کە هەموو گرێیەكی مەمك دەکرێت شیرپەنجە بێت، پزیشک سەناریا شوان ئەوەی خستووەتەڕوو، کە ژن لە گرێ زۆر دەترسێت، بەڵام زۆربەی گرێكانی مەمك پاك دەردەچن، بە تایبەت لە،گەنجەكاندا و مەرج نییە هەر ئاوساوییەك لە مەمكدا هەبێت، مانای بوونی گرێ بێت و شتێكی خراپ بێت، زۆرجار لەوانەیە كیس بێت یان گرێیەكی چەوری بێت یان گرێیەكی ڕیشاڵی بێت و زیانی نییە، وتیشی: "پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات، دەبێت پشكنینی بۆ ئەنجام بدرێت بە سۆنەر یان بە تیشك و هەندێكجار پێویست دەكات زەرعی بۆ بكەن و ئەو كاتە پێی دەوترێت ڕێگەی چارەسەرەكەشی چیە، ئەگەر شێرپەنجە بێت و لە قۆناغەكانی سەرەتادا بێت چارەسەرەكەی ئاسانتر دەبێت، لەوانەیە پێویست بە بڕینەوەی مەمكەكە نەكات، تەنیا پێویست دەكات گرێیەكە و دەوروبەری پاك بكرێتەوە و هەندێك چارەسەری تیشكی و لەوانەیە چارەسەری كیمیایی پێویست بێت.

 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەری دروستبوونی شێرپەنجە لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا زیاد دەكات، بەڵام حاڵەت هەیە لە گەنجیشدا ڕووی داوە و هەندێك ژن لە كاتی دووگیانیدا یان ژنی شیردەر تووشی گرێی شێرپەنجە بووە، لەبەرئەوە نابێت ژن لەوە دڵنیا بێت کە لە كاتی دووگیانیدا یان لەكاتی شیردان دا گرێ دروست نابێت، پێویستە هەر گۆڕانكارییەكی هەستپێكرد پشكنین ئەنجام بدات.

 

سەبارەت بە هۆکارەنی دروستبوونی شێرپەنجەی مەمک، پزیشک سەناریا شوان ئەوەیخستووەتەڕوو، "هۆكارەكان زۆرن، لەوانە زیادبوونی تەمەن و گۆڕانكاری هۆرمۆنات و ئەو ژنانەی هۆڕمۆناتیان ناڕێكە و چارەسەریان وەرگرتووە، هەروەها ئەو ژنانەی بۆ ماوەیەكی زۆر دووگیان نەبوون یان دەرمانی ڕێگری لە منداڵ بوون بەكاردەهێنن بۆ ماوەیەكی درێژ، ئەو ژنانەی پێش تەمەنی ١٢ ساڵی كەوتوونەتە سوڕی مانگانەوە و ئەو ژنانەی لەدوای تەمەنی ٥٠ ساڵیەوە سوڕی مانگانەیان هەیە، ئەوانەی دووگیانیان دوادەكەوێت و بلوریان كردووە و دەرمانێكی زۆریان بەكارهێناوە لەحەب و دەرزی مەترسی تووشبوونیان زیاترە، هەروەها هۆكاری بۆماوەیی و كەسێكی پلە یەك لە خێزانەكەیان تووشی شێرپەنجەی مەمك بووبێت و هۆكارێكی تری شێرپەنجە قەڵەوییە، ژنانی جگەرەكێش و ئەوانەی خواردنەوەی کهولی دەخۆنەوە و جوڵەیان كەمە، ساڵ بە ساڵ ڕێژەكە زیاد دەكات.