گۆڕانی ڕەنگی لێو نهێنی دەربارەی تەندروستی دیاری دەکات

تەندروستی جەستە باش و جێگیر بێت، لایەنی دەروونی ئارام دەبێت، ڕەنگی لێوی ئاسایی پەمەییە، نیشانەیەکە بۆ ئەوەی جەستە تەندروستیەکی باشی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەندێک کات بە هۆکاری جیاواز ڕەنگە هەست بەوە بکرێت کە ڕەنگی لێو گۆڕاوە، لە زۆربەی کاتدا لەوانەیە پەیوەندی  بە ناجێگری تەندروستییەوە هەبێت، چونکە نیشانەی بەشێک لە نەخۆشییەکان لە گۆڕانی ڕەنگی لێودا دەردەکەوێت، بۆیە باشترە لەو کاتەدا کەمتەرخەمی نەکرێت و سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.

 

پەیوەندی  گۆڕانی ڕەنگی لێو پەیوەستە بە تەندروستی جەستەوە، کە  لەو کاتەدا لێو چەند ڕەنگێک  نیشان دەدات، هەر گۆڕانێکی ڕەنگی لێو ئاماژەیە بۆ چەند نەخۆشییەکی جەستە، ئەوانیش؛

 

-لێو کاتێک ڕەنگی سپی دەبێت، واتای ئەوەیە ڕێژەی خوێن لە جەستەدا کەم بووە و تووشبووی "ئەنیمیا"یت، بۆیە ئەگەر چارەسەر نەکرێت و سەردانی پزیشک نەکرێت، ئەوا سوڕی خوێن ناچالاک دەبێت و سستمی بەرگری  لەش دابەزێنێت.

 

-لێوی ڕەنگی شین باو، لە وەرزی  زستان و کەشوهەوای سارد و وشک  ئاساییە، چونکە کاریگەری سەرمایە و بۆ ماوەیەکی زۆر نامێنێتەوە، بەڵام لە وەرزی هاوین و کەشوهەوای گەرمدا ڕەنگی لێوی شین یاخود مۆر، نیشانەی ناتەندروستی دڵە، یاخود گرفتی هەناسەدانە.

 

-ڕەنگی لێو قاوەیی یاخود مەیلەو ڕەش، بەشێکی لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە جگەرە کێشن، ئەمەش لە ژناندا زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام بۆ کەسێک کە جگەرەکێش نەبێت، ئەوا نیشانەیەکە بۆ ناتەندروستی لە کرداری هەرسدا.

 

-یەکێکی تر لەوە رەنگانە کە لێوت دەریدەخات، ئاماژەیە بۆ ناتەندرورستی جەستە، ئەویش ڕەنگی سورە، ئەگەر ماوەیەک ڕەنگی لێو سوری تۆخ بوو، واتە کێشەی تەندروستی لە جگەر و سپڵدا هەیە، هەندێک کاتیش بە هۆی خواردنی تیژ یان خواردنی چەور لێوت ڕەنگی سوری تۆخ وەردەگرێت، لەم کاتەدا مەترسی نیە و پاش ماوەیەک کاڵ دەبێتەوە بۆ پەمەیی.