پزیشکێکی دەروونی باس لە کاریگەرییەکان جەنگ لەسەر ژنان دەکات
نەشمیل ڕەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان باس لەوە دەکات، کە کاریگەری جەنگ لەسەر ژنان و منداڵان دوو هێندەیە و دەڵێت: بەداخەوە ئێمە لە جوگرافیایەکدا دەژین کە سەقامگیری بوونی نییە و بەردەوام ڕووبەڕووی شەڕ و ململانێ دەبێتەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- گەلی کورد یەکێکە لەو گەلانەی بەردەوام ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکاری بووەتەوە، لە هەر شەڕێکیشدا توندوتیژی و کوشتن و ئەشکەنجە لە پلەی یەکەمدا دێت کە لەلایەن داگیرکارانەوە ئەنجام دەدرێت، ژنانیش بەرکەوتەی یەکەمی توندوتیژی و کاریگەرییەکانی جەنگن.
ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا هێرشی سەر شاری حەلەب و خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات، هەزاران کەس ئاوارە بوون و بە پلەی یەکەم ژنان و منداڵان زیانبەرکەوتووی هێرشەکانن.
نەشمیل ڕەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، لە چاوپێکەوتنێکی نوژنهادا باس لە کاریگەرییەکان جەنگ لەسەر ژنان دەکات و دەڵێت: قورسایی جەنگ بۆ ژنان دوو هێندەیە، لە ڕووە کۆمەڵایەتییەکەیەوە ئەوەیە کە ژنان دایک و خوشکن و ئەرکی خێزان و بەڕێوەبردنی ماڵیش دەکەوێتە سەر شانی، لە ڕووی دەروونیشەوە کاریگەری لەسەر ژنان نییە، بەداخەوە ئێمە لە جوگرافیایەکدا دەژین کە سەقامگیری بوونی نییە و بەردەوام ڕووبەڕووی شەڕ و ململانێ دەبێتەوە و چوار لای کوردستان بە گۆرانکارییە سیاسییەکان ڕووبەڕووی هێرش دەبینەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژنان و منداڵان هەیە، کە هەست بە دۆخەکە دەکەن، بەڵام کارلێکی گۆرانکاری دۆخە سیاسییەکان تێناگەن.
"بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەی ناوچەکە پێویستمان بە خۆ پەروەردەکردن دەبێت"
نەشمیل ڕەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەکان، ئاماژەی بەوەکرد، هەبوونی جەنگەکان کاریگەری توندی دەروونی لەسەر کۆمەڵگە و بە تایبەت ژنان جێ دەهێڵێت، ژنان بەهۆی هەبوونی بەرپرسیارێتی لە لایەنی ژیانکردنەوە کاریگەری دەروونی زۆر لەسەر جێدەمێنێت، وتی: کۆمەڵگە ترس و هەستی نا سەلامەتی بەردەوام تێیدا ڕەنگی داوەتەوە، لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هاوڵاتیان بەردەوام فشاری دەروونیان بۆ دروست دەبێت، هاوڵاتیان بەردەوام لە ڕووی ئابووریەوە مافەکانی خۆیان بەدەست ناهێنن، لە هەرێمی کوردستاندا دەبینین لایەنی پەروەردە و ئابووری بێبەها کراوە، هەروەها ژنان لە دوای تەواوکردنی خوێندن کارێکیان دەست ناکەوێت و لە ماڵەوە بەبێ بوونی ئابووری سەربەخۆ دەمێننەوە، بەڵام دەبینن کەسێکی دیکە بەبێ بوونی بڕوانامەیەک لە پۆستێکی باشدایە، ئەمە دەبێتە هۆکاری تێکچوونی دەروونی لە کۆمەڵگەدا، بێگومان ئاریشە سیاسییەکانی باشووری کوردستانە بۆتە هۆکاری تێکچوونی دەروونی هاوڵاتیان و لە ناویاندا ژنان.
ئەو پزیشکە دەروونیە ئاماژەی بەوەشدا، نەبوونی هەلی کار و دانەمەزراندنی گەنجان لە بواری پسپۆڕیەکانیاندا، بۆتە هۆکاری سەرلێشێواندن و بێ هیوابوونی گەنجان و لە ناویاندا ژنان، وتی: بۆ تێپەڕاندنی ئەو باروودۆخە دەروونیەی ژنان و گەنجانی تێدایە پێویستی بە خۆ پەروەردەکردن هەیە، ڕۆڵبینینی خێزانەکان بۆ پەروەردەکردنی تاکێکی تەندروست ئەرکێکی گرنگە، مرۆڤەکان پێویستیان بە کۆمەڵێک بەهای ڕەوشتی و پەروەردەی هەیە، لە ڕووی دینیی، ڕۆحی و کولتووریەوە هەبوونی ئەو سێکتەرانە کەسایەتی و ژیانکردنی ئێمەی تاک دیاری دەکات، ئەرکی سەر شانی هەر تاکێکە ناسنامەی خۆی بپارێزێت.