داڕمانی چاودێری تەندروستی ژیانی ژنانی یەمەن دەخاتە مەترسییەوە

چیرۆکی دڵتەزێن لەلایەن دایکانەوە لە یەمەن دەگێڕدرێتەوە، کە منداڵبوونێکی ناپارێزراو ڕۆژانە هەڕەشە لە ژیانی ژنان دەکات لە نێوان داڕمانی سیستەمی چاودێری تەندروستی و هەژاری کە دەستڕاگەیشتنیان بە چاودێری سەرەتایی سنووردار دەکات.

ڕەحمە شەنزوور

 

یەمەن- ژنان لە یەمەن ڕووبەڕووی ڕاستیەکی تەندروستی سەخت دەبنەوە، کە منداڵبوون بووەتە مەترسی ڕۆژانە بەهۆی داڕمانی سیستەمی چاودێری تەندروستی و دابەزینی ئاستی هۆشیاری و چاودێری، لەناو هەژاری و شەڕ و کەمی خزمەتگوزاریدا ئازاری دایکان لە زیادبووندایە و قەیرانەکەش لە چیرۆکە بە ئازارەکاندا بەرجەستە دەبێت کە سستی بارودۆخی تەندروستی لەدایکبوونی وڵاتەکە ئاشکرا دەکات.

 

نور محەمەد، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری تەعز، وتی: پێموابوو بە هەڵگرتنی منداڵە ساواکەم لە باوەشمدا دەگەڕێمەوە ماڵەوە، بەڵام بە هەڵگرتنی ئازارێکەوە گەڕامەوە کە بۆ هەتا هەتایە لەگەڵمدا دەمێنێتەوە.

 

چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە و وتی: کاتێک وادەی منداڵبوونم نزیک بووەوە، خێزانەکەم هەوڵیاندا، کە لە ماڵەوە منداڵم ببهێت بەبێ دەستێوەردانی پزیشکی، بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوە سەبارەت بە گرنگی چاودێری پێش لەدایکبوون، منداڵبوونەکە زۆر قورس بوو، دوای چەندین کاتژمێری درێژخایەن لە ئازار، بڕیاریاندا بمبەنە نەخۆشخانە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک گەیشتمە نەخۆشخانە دەرزی ئۆکسیتۆسینیان پێدام، دواتر کۆرپەکەم گیانی لەدەستدا، منداڵدانم پچڕا و پزیشکەکان ناچاربوون منداڵدانم دەربهێنن، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا نەمتوانیوە بۆ هەمیشە منداڵم هەبێت.

 

ڕاستیەکی تاڵ لە بێدەنگیدا

چیرۆکی نور محەمەد ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیەیە کە ڕووبەڕووی هەزاران ژنی یەمەن دەبێتەوە، لە نێوان زیادبوونی مەترسییەکانی پەیوەست بە دووگیانی و منداڵبوون بەهۆی تێکچوونی سیستەمی تەندروستی و بەردەوامی قەیرانی مرۆیی، ئەمەش وایکردووە سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) یەمەن وەک یەکێک لە مەترسیدارترین شوێنەکانی منداڵبوون لە جیهاندا پۆلێن بکات.

 

ئاماژە بەوە دەکات، کە هەزاران ژن لە دۆخێکی ناپارێزراودا منداڵیان دەبێت، لە کاتێکدا مامان و کارمەندانی پزیشکی لە ژێر فشارێکی زۆردا کاردەکەن و لە نێوان کەمیی خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکاندا، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا.

 

چەندین بەربەست... هەژاری و نەزانی و داڕمان

زهور عەلی، مامان وتی: تێکچوونی دۆخی ئابووری بووەتە یەکێک لە هۆکارە دیارەکان کە ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی پێویست بۆ ژنانی دووگیان دەکات، وتی: زۆرێک لە خێزانەکان توانای دابینکردنی تێچووی چارەسەرکردن یان تەنانەت گواستنەوەیان نییە بۆ ئەوەی بگەنە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان.

 

دووپاتی کردەوە، کە دامەزراوە تەندروستییەکان لە ناوچە گوندنشینەکان بە کەمی ماونەتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووان، ئەمەش زۆرێک لە حاڵەتەکان بە تایبەت حاڵەتە ئاڵۆزەکان ناچار دەکات لە نەخۆشخانەکانی شارەکەدا بەدوای چارەسەردا بگەڕێن، هەندێک لە ژنان لە قۆناغی پێشکەوتوودا دەگەن دوای ئەوەی لە ناوچە دوورەکانەوە ڕەوانە دەکرێن، ئەمەش ئەگەری دەستێوەردانی پزیشکی و ڕزگارکردنی دایک یان کۆرپەلە کەمدەکاتەوە.

 

زهور عەلی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کەمی هۆشیاری تەندروستی لای هەندێک لە خێزانەکان کێشەکە گەورەتر دەکات، ژن هەیە چاودێری پێش لەدایکبوون بە شێوەیەکی ڕێکوپێک وەرناگرێت، هەرچەندە چاودێری پێش لەدایکبوون یارمەتی زوو دەستنیشانکردنی ئاڵۆزییەکان دەدات، وەک پێش ژەهراوی بوونی منداڵدان، هەروەها دەرفەتی ڕزگارکردنی ژیانی هەردوو دایک و منداڵ زیاد دەکات.

 

شەڕێکی وێرانکەرو کەمیی دارایی توند

بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژانە زیاتر لە ٧٠٠ ژن لە سەرانسەری جیهاندا بە هۆکاری پێشگیری پەیوەست بە دووگیانی و منداڵبوون گیان لەدەست دەدەن، واتە لە هەر دوو خولەکێکدا ژنێک، بۆ هەر گیان لەدەستدانێک، لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ژن تووشی برینداربوون، هەوکردن، کەمئەندامی دەبن کە لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانی منداڵبوونەوە ڕوودەدەن، زۆربەیان دەتوانرێت بە چاودێری تەندروستی دروست دوور دووربکەوێتەوە.

 

لە یەمەن، ئەو ململانێیە کە ئێستا لە دەیەی سێیەمدایە، کاریگەریی وێرانکەری لەسەر کەرتی تەندروستی هەبووە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ژن و کچانی تەمەنی باڵغبوو  پێویستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان هەیە و داتاکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەر دوو کاتژمێر جارێک ژنێکی یەمەنی لە کاتی دووگیانی یان منداڵبووندا دەمرێت.

 

ناوەندی "كايس" بۆ لێکۆڵینەوەکان پشتڕاستی کردەوە، کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی کەمیی توندی دارایی و سەرچاوە تەندروستییەکان بووەتەوە، هەروەها ململانێکان دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی پەکخستووە و سنووردار کردووە، ژنانیش قورسایی ئەم قەیرانەیان لە ئەستۆ گرتووە.

 

بەگوێرەی ئەو ناوەندە، لانیکەم ٥.٥ ملیۆن ژن و کچی تەمەنی باڵغبوون پێویستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی زاوزێ هەیە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی مەترسییەکانی پەیوەست بە دووگیانی و منداڵبوون و ئاڵۆزییەکانی دوای منداڵبوون.

 

سیستەمێکی چاودێری تەندروستی کە لە داڕماندایە

ئەسما حەسەن مامان وتی: کەمبوونەوەی پشتیوانی ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ نەخۆشخانە حکومییەکان ئەو ئاستەنگانەی زیاتر کردووە کە هەم کارمەندانی چاودێری تەندروستی و هەم نەخۆشەکان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ماوەیەی کە ئەم ڕێکخراوانە پشتگیریان پێشکەش دەکرد، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان باشتر بەردەست بوون، هەندێک حاڵەتیش لەسەر حیسابی ڕێکخراوە پاڵپشتییەکان ڕەوانەی دامەزراوە تەندروستییەکانی دیکە دەکران، بەڵام ئەمڕۆ، ئێمە بەدەست کەمیی زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنین.

 

ڕوونی دەکاتەوە، نەخۆشخانەی کۆمارییەکان ڕۆژانە هەم منداڵی ئاسایی و هەم منداڵی فریاگوزاری وەردەگرێت، نەخۆشەکان پێش دیاریکردنی دەستێوەردانی گونجاو هەڵسەنگاندنی جیاکردنەوە و نیشانە گرنگەکان ئەنجام دەدەن، لە کاتێکدا حاڵەتە گرنگەکان ڕاستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ بەشی فریاکەوتن بۆ چاودێری بەپەلە.

ئەسما حەسەن وتی: کارمەندانی چاودێری تەندروستی سەرەڕای بارودۆخە سەختەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان، پێویستی دابینکردنی هاندان و موچە و پشتگیری دەروونی بۆ کارمەندانی پزیشکی دەکاتەوە، هەروەها دابینکردنی دەرمان و ئامێری پێویست بۆ نەخۆشخانەکان بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی ڕزگارکردنی ژیان.

 

ڕێژەی مردنی دایکان لە یەمەن بە شێوەیەکی ترسناک بەرز دەمێنێتەوە و ئەو وڵاتە یەکێک لە بەرزترین ڕێژەی مردنی دایکان لە ناوچەی عەرەبی تۆمار دەکات  ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی ئەم مردنانە لە ڕێگەی دابینکردنی چاودێری تەندروستی گونجاو و دەستڕاگەیشتن بە مامان و پزیشکی پسپۆڕەوە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت.

 

لە وڵاتێکدا،کە بەهۆی ململانێکانەوە وێران بووە، ئەوەی دەبوو سەرەتای ژیانێکی نوێ بێت، بووەتە شەڕێکی ڕۆژانە بۆ مانەوە بۆ هەزاران ژنی یەمەن لە نێوان کەمی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی و نەبوونی سەرچاوە سەرەتاییەکانی پێویست بۆ ڕزگارکردنی ژیان.