چۆن کاریگەری بەرزی پلەی گەرما کەم دەکەیتەوە لەسەر ئازاری جومگەکانت؟

پزیشک هەڤین کەمال شا دەربارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو کاریگەری لەسەر ئازاری جومگەکان دەلێت: انەوە لە دەرەوە لەپلەی گەرمای بەرزدا ئازاری جومگەکان زیاد دەکات و کاریگەری ئازارشکێنەکانیش کەمدەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک هەڤین کەمال شا، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری بابەتێکی بە ناونیشانی "چۆن کاریگەری بەرزی پلەی گەرما کەم دەکەیتەوە لەسەر ئازاری جومگەکانت؟" بڵاوکردووەتەوەو نووسیویەتی: لەگەڵ ئەوەی زانست لێکدانەوەی تەواوی پێنیە بۆ ھۆکاری زیادبونی ھەندێک جۆر لە ئازاری درێژخایەن بەھۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما و شێداریەوە، بەڵام ناشتوانرێت ئەم ڕاستییە فەرامۆشبکرێت.

 

زۆر لەو کەسانەی کە ئازاری درێژخایەنیان لەگەڵدایە باس لەوەدەکەن کە گۆڕانی وەرزەکان کاریگەری ھەیە لەسەر ئازارەکانیان و بەگۆڕانی پلەی گەرما و پاڵەپەستۆی ھەوا و شێداری لە ھەوادا لەوانەیە ئازارەکانیان زیاد بکات.

 

لێرەدا باس لە هەندێک ڕێگا دەکەم کەپێویستە پەیڕەویکەیت ئەگەر ئازارەکانت بە گەرمی زیادبکەن :

١- لەماڵەوە بمێنەوە: ئەگەر شێ و بەرزی پلەی گەرما ئازارەکانت زیاد دەکەن باشترە لەماڵەوە بمێنیتەوە لە بەردەم فێنککەرەوەی گۆنجاودا، مانەوە لە دەرەوە لەپلەی گەرمای بەرزدا ئازاری جومگەکان زیاد دەکات و کاریگەری ئازارشکێنەکانیش کەمدەکاتەوە.

 

٢- ئاو خواردنەوە: زیادکردنەوەی ئاوخواردنەوەو دورکەوتنەوە لە وشکبوونەوە و گۆڕانی خوێ و ئەلکترۆلایتەکان، کاریگەرییەکی باشی ھەیە بۆ ڕێگری لەو جۆرە ئازارانەی کەبەھۆی وشکبوونەوە توشمان دەبێت.

 

٣- جلوبەرگی فراوان و فش بپۆشە : لەبەرکردنی جلوبەرگی کەتان و پەموو و ھەروەھا فراوان و فش یارمەتی ساردکردنەوەی جەستە دەدەن و دەھێڵن خانەکانی لەش ھەناسەبدەن . بەڵام جلوبەرگی نایلۆن و تەسک ڕێگری لە بەھەڵمبوونی ئارەقەی لەش دەدەن و پلەی گەرمای جەستە بەرز دەکەنەوە.

 

٤- مەلەکردن : مەلەکردن ڕێگایەکی زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری جومگە و ماسولکە و لەگەڵیشیدا خۆ فێنککردنەوە لە ھاویندا. ئەنجامدانی ڕۆشتن و سووکە وەرزش لەناو ئاودا زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی ئازاری جومگەو وھەوکردنی درێژخایەنی جومگەکانیان ھەیە.

 

٥- وەرزش کردن بەشێوەیەکی ڕێک و ڕۆژانە ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار، بەڵام باشترە لە ڕۆژی گەرمای زۆردا لە ژوورەوە وەرزشەکانت ئەنجامبدەیت.

 

٦- نوستنی تەندروست: یەکێکە لەو ڕێگاچارانەی بەکاردێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار، ئەویش بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر لە شەودا.

 

٧- دوور بکەوە لەو خواردنانەی کە ئازارت بۆ زیاد دەکات، وەکو خواردنی سوێر، شەکر، کافایین، ئەو خواردنانەی مەوادی حافزەی تیادایە، خواردنی شیرەمەنیەکان بە ڕێژەیەکی زۆر لە هاویندا کاریگەری خراپی هەیە چونکە جۆرە ماددەیەک دروست دەکات لە جومگەکاندا کە بە شێداری و گەرمی هەوکردن زیاد دەکات.