بەکارهێنانی خواردنەوە وزەبەخشەکان، دەتبات بەرەو ئالودەبوون
لە ئێستادا بەکارهێنەرانی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە، هەندێک بێ ئاگان لەوەی زیانی زیاتری هەیە وەک لە سود، تا دواجار ئالودەی دەبن، بەکاری دەهێنن بەمەبەستی پێدانی وزەی زیاتر، بەڵام بە جۆرێک زیان دەگەیەنێت ئەگەری مردنی لەناکاوی هەیە.
ناوەندی هەواڵ
لە هەرێمی کوردستان خواردنەوە وزە بەخشەکان ویستی زۆریان لەسەرە، بێ ئاگا لەوە چ زیانێک بە تەندورستی مرۆڤ دەگەیەنێت، زیاتر لەناو مێردمنداڵەکان و ئەوکەسانەی وەرزش دەکەن بڵاوە، هۆکاری زیاد لە پێویستی خواردنەوە وزەبەخشەکان بەو ڕادە زۆرە دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ یاخود پێکهاتەی خودی خواردنەوە وزەبەخشەکان چین؟
وزەبەخشەکان کحول نین بەڵکو مادەی کافاین و ئەمینۆ ئەسید و ڤیتامیناتیان تێدایە، وزەیەکی زیاد لە پێویست دەدات بەو کەسەی بەکاری دەهێنێت، ئەوەی زۆر باوە لە هەرێمی کوردستان "ڕێد بۆڵ و تایگەرە"، تایگەر ڕێژەیەكی زۆر لە مادەی كافایینی تێدایە، واتە لەیەک قوتوو نزیكەی ٨٠ملیگرام كافایین لەخۆ دەگرێت كە بێگومان كافایینیش ئەچێتە چوارچێوەی خانەی ماددە هۆشبەرەكان.
هەروەها لە ڕێی خواردنی وزە بەخش گلوکۆزێکی یەکجار زۆر بە خانەکانی لەش و مێشک دەگات، بە جۆرێک خانەکان توانای شیکردنەوەی ئەو گلوکۆزەیان نەبێت، زۆر بەکارهێنانی ئەم خواردنەوانە لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی لەناکاو.
هەندێک کەسیش بە بیانووی ئەوەی کاریان زۆرە و نایانەوێ خەویان لێبکەوێت دەیخۆن، ئەو کەسانەی دەیخۆن ئەگەری هەیە ئالودەی ببن، لە ئەوروپا لە ٣٠٪ کەسانی گەورە دەیخۆن ولە ٦٨٪ی مێردمنداڵەکان دەیخۆن.
سەرەتا ئەم خواردنەوەیە لە یابان لە ساڵانی ١٩٦٠ بە فەرمی ناسێندرا و بە شێوەیەکی دیار بڵاو بویەوە و لە ساڵی ١٩٨٠ لە ئەوروپا بەناوبانگ بوو، له ئێستادا خواردنەوەیەکی باوە بە تایبەت لە گەنجان. بازاڕی ئەم خواردنەوانە گەرمن بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠١٢ داهاتەکەی ١٢ بلیۆن دۆلار بووە، هەندێک لە وەرزشوانان لە ڕێگای دەرمان وەک حەپ و دەرزی بەکاری دەهێنن.
جۆرەکانی وزەبەخش
ماددە وروژێنەرەکانی کۆئەندامی دەمار، ئەم جۆرە کاریگەرییەکەی وا دەکات کەسەکە بەردەوام ئاگاداربێت وەک" ئەمڤیتامین، کۆکاین، کافایین، ئیفدرین"
ماددە هێورکەرەوەکانی کۆئەندامی دەمار، زیاتر بۆ نەهێشتنی ئازار و سڕکردن بەکاردێت، وەک "مۆرفین، فالیۆم، کۆدین، پەسدین" زیاتر ئەو وەرزشوانانە بەکاری دەهێنن کە جوڵەی خێرای تێدا نییە وەک شەتڕەنج.
هۆڕمۆنی بنیاد، زیاتر کار لەسەر گەشەکردنی قەبارەی ماسولکەکان دەکات وەک هۆڕمۆنی تیستیرۆن.
ماددە میزڕەوەکان، یەکێکە لەو مادانەی بەکارهێنانی بۆ زۆرینەی هاوڵاتیان قەدەغەکراوە، چونکە وادەکات بەکارهێنەرەکەی ڕێژەیەکی یەکجار زۆر میز بکات و کێشی لەشی بە شێوەیەکی نا تەندروست کەم بکات.
بەکارهێنانی ماددە وزە بەخشەکان چ زیانێکیان هەیە؟
تێكچوونی شێوەی لێدانی دڵ ، لێدانی دڵ خێرا دەكات بۆ ١٥٠لێدان لەیەک خوولەكدا، بە تەنها خواردنەوەی دوو قوتو لە وزەبەخشەکان بەسە بۆ تووشبوون بەدڵەڕاوكێی دەروونی زۆر سەخت خەمۆكی، تووشبوون بەژەهروای بەهۆی پێكهاتە خراپەكانی كەتێدا بەكار هێنراوە، زۆرجار كەسی بەكارهێنەر تووشی حاڵەتی لەناكاو و ژەهراوی بوون دەبێت و پێویستە بەپەلە چارەسەری بۆ بكرێت.
دەبێتە هۆی ناشرینبوونی پێست و دروستکردنی زیپکە و پەڵە، قژ دەڕوتێنێتەوە بەڵام مووی جەستە زیاد دەکات، کاریگەری هەیە لەسە گورچیلە و ئەگەری توشبوونی بە شێرپەنجەی جگەر هەیە.
لە هەندێک حاڵەتدا دەبێتە هۆی مردنی لەناکاو.
کاریگەری کافاین و شەکرد لەناو ماددە وزەبەخشەکاندا
هەندێک لە خواردنەوە وزە بەخشەکان ڕێژەیەکی زۆر کافاین و شەکریان تێدایە، لە دوای تێپەڕبوونی ٢٠ خولەک لە خواردنەوەی ئەم جۆرە وزەبەخشە، ڕێژەیەکی زۆر شەکرد دەچێتە ناو جەستەوە و بەرزبوونەوەی شەکر لە خوێندا ڕوودەدات، دەبێتە هۆی ڕێژەیەکی نا پێویستی فڕێدانی مادەی ئەنسۆلین.
لە دوای ٤٠ خولەک لە بەکارهێنانی وزەبەخشەکە، هەموو کافاینەکان لەلایەن جەستەوە دەمژرێت، جگەر شەکری زیاتر فڕێدەداتە ناو بۆریەکانی خوێن، بەمەش ئەگەری توشبوون بە فشاری خوێن دروست دەکات.
بەڵام لە دوای ٤٥ خولەک لە بەکارهێنانی لە جەستەدا مادەی دۆپامین زیاتر دروست دەبێت، کە هەستێکی خۆش پێدەبەخشێت ئەمەوە وەک وەڵامدانەوەیەکە هەمان شێوازی وەڵامدانەوەی جەستەیە بۆ مادەی هیرۆن و ئەو مادانەی مرۆڤ ئالودەی دەبێت.
وە لە دوای ٦٠ خولەک کاریگەری کافاینەکە زۆر نامێنێ و جەستەی بەکارهێنەرەکە هیلاک دەبێت و کاریگەری لەسەر دەروون دەکات بەو شێوەیەی جۆرە بێتاقەتیەکی پێدەبەخشێت.