ژیاننامەی ئەمڕۆ: ژنە نەبەزیوەکەی زیندانی ئەمنە سوورەکە

پورە گوڵە ژنە نەبەزیوەکەی زیندانی ئەمنە سوورەکە، لەساڵی ١٩٨٩ بەهۆی چالاکیەکانی دژ بە ڕژێمی بەعس دەستگیر دەکرێت و لە زیندانی ئەمنە سورەکەی شاری سلێمانی لەگەڵ کوڕەکەی چەندین ئازاری جەستەی و دەرونی دەدرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

شەهید گوڵە کەریم ئەحمەد لە ساڵی ١٩٣٩ لە سنوری ناوچەی ڕەبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە ژیان هەڵێناوە، لە تەمەنی ٩ ساڵیدا لەگەڵ باوکی و خوشکەکەیدا ئاوارە دەبن و لە باشوری کوردستان لە شارۆچکەی قەڵادزێ نیشتەجێ بوون،  دوای ئەوەی دێنە قەڵادزێ، لە تەمەنێکی منداڵیدا باوکی دەیدات بە ژن بۆ خۆی، کە بەبێ ویست و ئاگاداری دایە گوڵە دراوەتە پیاوێک و بووەتە قوربانی لە پێناو ویستێکی پیاوانەدا کە وەک نەریتێکی ئاسای بووە لەو کاتەدا، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی هاوسەری دایە گوڵە داناوە.

 

پورە گوڵە دەبێتە دایکی سێ کچ و سێ کوڕ، وەک ژنێکی شۆڕشگێڕ لە شۆڕشەکانی ئەیلول و نوێدا بەشداری کردووە و زۆتر لە کاری ڕێکخستنەوەی ناوشار و گواستنەوەی پەیامەکانی پێشمەرگە لە شاخەوە بۆ خانەکانی ناو شارڕۆڵی بینیوە.

 

لە ٢ی ئایار/٥ی ١٩٨٩ لەلایەن سیخوڕێکی خاک فرۆشەوە ناوی دەدرێتە ئەمنەکان و لە قەڵادزێ دەستگیری دەکەن و بەهۆی زۆری چالاکیەکانیەوە دەیگوازنەوە بۆ بەشی ژنانی ئەمنەسورەکەی سلێمانی، دایە گوڵە بە شێوازێکی تر و لە ناو گۆشەی زیندانەکانی ئەمنەسورەکەوە دەست دەکات بە خەباتی کۆڵنەدەرانەی خۆی کە هەموو هێز و دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس نەیان دەتوانی ڕایبگرن لەو تێکۆشانە.

پورە گوڵە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر منداڵەکانی دروست کردووە بە تایبەت مەحمودی کوڕە گەورەی کە خوێندکاری بەشی کیمیابووە لە زانکۆی موسڵ لەوکاتەدا، ئەویش وەک دایکی ڕۆحێکی نیشتیمانپەروەرانە و ئیرادەیەکی پۆڵاینی کوردایەتی هەبووە، بۆیە بە هەمان هۆکار و بە چەند ڕۆژێک پێش گرتنی دایە گوڵە، مەحمودی کوڕیشی لە ٢٦ی نیسان/٤ی ١٩٨٩ لە زانکۆی موسڵ لە ڕێگەی سیخوڕەکانی ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر دەکرێت. دوا بەدوای ئەویش دایە گوڵە دەستگیرکراوە. ڕژێمی فاشیست و ترسنۆک بە بیرکردنەوەی خۆیان وایان داناوە کە خاڵی لاوازی دایە گوڵە مەحمودی کوڕیەتی و خاڵی لاوازی مەحمودیش دایکیەتی، بۆیە ئیتر لەو ڕۆژەوە دەستیان کرد بە بەکارهێنانی دایە گوڵە دژی مەحمودی کوڕی و بە پێچەوانەوە.

 

مەحمودی کوڕی ئەو بڵاوکراوانەی کە بە دایە گوڵەوە گیرابوون هەمووی کردە ئەستۆی خۆی بە ئومێدی ڕزگاركردنی دایکی. لەگەڵ ئەوەی ئەم دایک و کوڕە هەردووکیان هەوڵی ڕزگار کردنی یەکیان دەدا و چالاکیەکانی یەکتریان دەگرتە ئەستۆی خۆیان.

هەردوکیان لە هەوڵی ئەوەدابوون قوربانی بدەن بە گیانی خۆیان لە پێناو ڕزگار کردنی یەکتردا، لە ژێر ئەشکەنجەدا چالاکیەکانی یەکتریان گرتە ئەستۆی خۆیان. دوای چەند مانگ تەماشا پێکردنی ئەشکەنجەی یەکتر و هەڕەشەی کوشتن لە بەرچاوی یەکتردا پێداگری لەسەر کەیسەکەیان دەکەن و دان بە هیچ زانیاریەکی پارتەکەیاندا نانێن.

 

 لە شەوی ٢٥.٢٦/١١/١٩٨٩ سزای لەسێدارەدان بەسەر دایە گوڵەدا جێبەجێ دەکرێت، پێش ئەویش لەبەر چاوی دایە گوڵەدا لە ١٤/١٠/١٩٨٩ مەحمودی کوڕیشیان بە فیشەک گولەباران کرد.