ژیاننامەی ئەمڕۆ: ئەو ژنەی دەرگای ڕووناکی بۆ ژنان کردەوە

نەجیبە خانی جەلیزادە یەکێکە لە ژنە رێچکەشکێنەکان، وەک یەکەمین ژن لە شاری کۆیە دەست بە خوێندن دەکات، هەروەها بەشداری کاری ڕێکخراوەی دەکات و خاوەنی چەند پەرتووکێکی چاپکراویشە.

ناوەندی هەواڵ
 
نەجیبە خانی جەلیزادە ناسراو بە "یایا دایە" یەکێکە لە ژنە رێچکەشکێنەکان، وەک یەکەمین ژن لە شاری کۆیە دەست بە خوێندن دەکات، هەروەها لە ساڵی ١٩٤٦دا بەشداری کاری ڕێکخراوەی دەکات و لە دوای خۆشی چەند دەستنووسێک بەجێدەهێڵێت لەوانە کتێبی "مێژووی کۆیە" لە ساڵی ١٩٥٨دا چاپکراوە، مێژووی بنەماڵەی جەلیزادە، هەواڵی ڕووداوەکانی کوردستان لە کاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولی ساڵی ١٩٦١ و کۆمەڵێک چیرۆک و یاریی کوردەواری.
 
ڕووناکبیر، ڕێچکەشکێن و مێژوونووس نەجیبە خانی جەلیل زادە، کە لە بنەمەڵەکەیدا بە یایا دایە ناسراوە لە  ٨ی ئەیلولی ١٩١٧ لە گەڕەکی بایزئاغای شاری کۆیە لە دایک بووە، کچی مەلای گەورەی کۆیەیە، هەر لە سەرەتاکانی تەمەنی منداڵیدا منداڵێکی زیرەک و وریا بووە، کاتێک تەمەنی دەبێتە ٧ ساڵ واتا لە ساڵی ١٩٢٤ باوکی دەینێرێتە بەر خوێندن و دەبێتە یەکەم کچ لە شاری کۆیە کە دەست بە خوێندن دەکات لەبەر ئەوەی لەو سەردەمەدا ڕێگا نەدەدرا بە کچان و ژنان بخوێنن بۆیە هیچ قوتابخانەیەکی کچان لە ناوچەکەدا نەبوو، بەڵام باوکی توانی لەو ڕێگایەی دەستی کچە حەوت ساڵانەکەی بگرێت، کۆتای بێنێت بەو کلتورە و دژی ڕەخنەی کۆمەڵگا وەستا.
 
لە پایزی ساڵی ١٩٣٣ یەکەم قوتابخانەی ژنان لە شاری کۆیە کرایەوە و لە سەرەتاشدا نەجیبە خان بۆ ماوەی نزیکەی ٢ ساڵ سەرپەرشتی قوتابخانەکەی کردووە تا بەڕێوبەر و مامۆستای بۆ دابینکراوە.
 
دوای دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ دا نەجیبە خان لەم پارتەدا درێژە بە کار و خەباتی خۆی دەدات، هەر لە ساڵی ١٩٤٦ دا کاتێک کۆماری کوردستان لە شاری مهاباد دامەزرا، لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کورد کە لەلایەن میناخانەوە لە شاری مهاباد سەرپەرشتی دەکرا، لە شاری کۆیە لەلایەن نەجیبە خان و لە شاری سلێمانی لە لایەن حەپسەخانەوە پشتگیری ئەم ڕێکخراوە دەکرا.
 
 لە ساڵی ١٩٥٢دا بۆ درێژەدان بە خەباتی ئەو ڕێکخراوە نەجیبە خان بە نهێنی دەبێتە سەرپەرشتیاری لقی کۆیەی یەکێتی ئافرەتانی کورد، لە دوای شۆڕشی ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ چیتر ڕێکخراوەکە بە شاراوەیی کارەکانی نەدەکرد بەڵکو بەشێوەیەکی ئاشکرا دەستی بە کارەکانی کرد و نەجیبە خانیش سەرۆکی ڕێکخراوەکە بوو لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا وتاری ڕێکخراوەکەی دەخوێندەوە.
 
لەگەڵ ئەوەی نەجیبە خان کار و چالاکیەکانی لە چوارچێوەی ژن و سیاسەت دابوو، بەڵام هۆشیارکردنەوە و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و وەرگرتنی مافی ژنانیش کاری هەمیشەی بوو.
لە دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٧٥دا نەجیبە خان بۆ ماوەی دوو ساڵ ئاوارەی ئێران دەبێت.
 
ئەم ڕووناکبیرە لە ماوەی ژیاندا توانیوویەتی سێ بەرگی تەفسیری قورئان کە باوکی نووسیویەتی بە چاپی بگەیەنێت، هەروەها خاوەنی کۆمەڵێک لە دەستنووس و بەرهەمی تایبەت بەخۆیەتی کە بریتین لە "مێژووی کۆیە" لە ساڵی ١٩٥٨دا چاپکراوە، مێژووی بنەماڵەی جەلیزادە، هەواڵی ڕووداوەکانی کوردستان لە کاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەلیولی ساڵی ١٩٦١ و کۆمەڵێک چیرۆک و یاریی کوردەواری.
 
دوای ئەوەی نەجیبە خان توشی نەخۆشی ئێسکە نەرمەی پێیەکانی دەبێت و دەچێتە شاری هەولێر و لەوێ دەمێنێتەوە، ماوەیەک بە دەست خۆشیەکەیەوە دەناڵێنێت تا لە شەوی ١١ لەسەر ١٢ی حوزەیرانی ١٩٩٩ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوای دەکات، لە گۆڕستانی دەروێش خدر لە شاری کۆیە بە خاک دەسپێردرێت.
 
ت.پ