"ژن وبچە"... فیلمێک تیشک دەخاتە سەر توندوتیژی خێزانیی
فیلمی ئێرانیی "ژن وبچە" "ژن و منداڵ" باسی دۆسیەی توندوتیژی خێزانی و لاوازیی ئەو پاراستنە دەکات کە پێشکەش بە ژنان دەکرێت، هەروەها ژن دەخاتە بەردەم هەڵبژاردنی سەخت لە نێوان مانەوە لە پەیوەندییەکی زەرەرمەنددا یان جیابوونەوەو ڕاگرتنی ئازارەکانی.
ناوەندی هەواڵ
فیلمی ئێرانیی "ژن وبچە" "ژن و منداڵ" هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر توندوتیژی خێزانی، تێکچوونی پەیوەندییە خێزانییەکان و لایەنێک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام دیارە تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو نابێت لە چارەسەرکردنی ڕەگە ڕاستەقینەکانی ئەم کێشانە یان پێشکەشکردنی ڕێگەیەک بۆ دەرچوون لێیان.
سەرکەوتوو نەبوون لە هەندێک دیمەندا دیارە، کە تێیدا فیلمەکە ژنیش لە پێگەی بەشداری کردن لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژیدا لە ناو خێزاندا دەردەخات، تاوەکو لە کۆتاییدا بە گەڕانەوەی کەسایەتیی (مەهناز) بۆ لای (عەلی یار) کۆتایی دێت، کە دیسانەوە دەیباتەوە ناو بازنەی توندوتیژی و پەیوەندییە زیانبەخشەکانەوە.
ئەم فیلمەی کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٥ نمایش کرا، ژن دەخاتە بەردەم سێ هەڵبژاردنی سەخت لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە خێزانییەکانیدا کە ئەمانەن (شاراوە ڕاگرتنی ڕاستییەکە، یان جیابوونەوە، مانەوە لە ڕاستی ئێستادا)، لە کاتێکدا لەوانەیە جیابوونەوە بەدوای خۆیدا شوێنەواری دەروونی و جەستەیی و ئابووریی قورس بۆ ژن بهێنێت، مانەوە لە پەیوەندییەکی زەرەرمەندیشدا، کاریگەریی دەروونی و جەستەیی کەمتر مەترسیدار بەدوای خۆیدا ناهێنێت، سنووردارکردنی ژن لەم دووانەیە یان سێدانەیە لە هەڵبژاردنە سەختەکان دەرفەتی دۆزەرەوەی چارەسەری ڕاستەقینە کەم دەکاتەوە، هەندێکجار دەیهێنێتە سەر ئەوەی کە لە نێوان جێگرەوەکاندا کە هەموویان زیانبەخشن یەکێکیان هەڵبژێرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، نەبوونی پاراستنی یاسایی پێویست بۆ ژنان لە کێشە خێزانییەکاندا یەکێکە لەو هۆکارانەی کە قەبارەی بەربەستەکان لە بەردەمیاندا زیاد دەکات، ڕەنگە بیانخاتە سەر ئەوەی بڕیار بدەن یان هەنگاو بنێن کە لە بارودۆخی جیاوازدا نەیاندەویست، ئەمەش پرسێکە فیلمەکە بە ڕوونی سەرکەوتوو بووە لە دەرخستنیدا، هەروەها کارەکە ڕەخنەیەکی توند ئاراستەی سیستەمی پەروەردەیی دەکات، کە دەردەکەوێت ناتوانێت بەرپرسیارێتییەکانی بەرانبەر بە قوتابیان هەڵبگرێت، لە تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی نەوەی نوێ و قەیرانەکانی سەرکەوتوو نەبووە، منداڵ و هەرزەکارانی فیلمەکە لە ژینگەیەکدا گەورە دەبن کە پشتگوخستن و پەراوێزخۆستن تێیدا زاڵە، ئەمەش ژینگەیەکە کە زۆرێک لە کارەساتی ڕووداوەکان ئامادە دەکات، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پشتگوخستنی پێداویستییە سۆزداری و کۆمەڵایەتییەکانی نەوە گەنجەکان بەرەو دەرئەنجامی کارەساتبار بڕوات کە ناتوانرێت چاکبکرێنەوە.
بەڵام کاردانەوەی مەهناز پاش مردنی کوڕەکەی، زیاتر لەوەی دەربڕینی ماتەمین یان بەرپرسیارێتی دایکانە بێت، نزیکترە لە ئارەزووی تۆڵەسەندنەوەی کەس و ڕزگاربوون لە هەستی تاوانباربوون، ئەمەش بە شێوەیەکی ڕوونتر لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ کچە هەشت ساڵانەکەیدا دەردەکەوێت، کە دوای مردنی براکەی بە دەست شۆکی دەروونییەوە دەناڵێنێت، چونکە چاودێریکردنی بۆی کورت دەبێتەوە بۆ بایەخپێدانێکی ڕۆژانەی تێپەڕ، بێ ئامادەبوونێکی بەردەوام و پشتگیریکار کە چاوەڕوان دەکرێت لە دایکێک لەم بارودۆخەدا.
هەروەها فیلمەکە تێکشکانی پێوەرە ڕەوشتییەکان لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا گفتوگۆ دەکات، بڕیاری حەمید بۆ دەستبەرداربوون لە مەهناز پاش پەیوەندییەک کە دوو ساڵی خایاند، پاشان داواکردنی بۆ هاوسەرگیری لە خوشکە بچووکەکەی، ڕەزامەندیی خێزانەکە لەسەر ئەم بارودۆخە، نموونەیەک لە پەیوەندییەکان دەداتەوە کە تێیدا ئارەزووەکانی پیاو و دەسەڵاتی بەسەر پێگە و کەرامەتی ژندا زاڵ دەبێت، بە شێوازێک کە بەشداری دەکات لە دووبارە بەرهەمهێنانی پێکهاتە پیاوسالاریە زاڵەکاندا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەک لە ڕەخنەگران و سینەماکاران و چالاکوانان لە بواری دۆسیەکانی ژناندا پێیان وایە یەکێک لە دیارترین کەمکوڕییەکان لەم کارانەدا بریتییە لە ڕازیبوون بە پیشاندانی کێشەکە و هێشتنەوەی کەسایەتییەکان بە بارمتە لە ناو بازنەی قەیرانەکان و توندوتیژیدا، بێ خستنەڕووی ئاسۆیەک بۆ گۆڕان، ئەوەی لە سینەما چاوەڕوان دەکرێت، لە پاڵ وێنەگرتنی کارەساتە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەوەیە کە پێویستیی دابینکردنی ژینگەیەکی پارێزراویر بۆ ژنان و گەنجان لە ئاستە کۆمەڵایەتی و ئابووری و یاساییەکاندا دەربخات، بە جۆرێک کە مەودا بۆ گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵایەتی و چاکسازی یاسایی بکاتەوە.
لە کۆتاییدا، نابێت ژنان بە بارمتەی هەڵبژاردنەکان بهێڵرێنەوە کە هەموویان ئازاربەخشن، چارەنووسیان بە ڕاستی ئێستادا ببەسترێتەوە، چیرۆکی سینەمایی بۆ دۆسیە کۆمەڵایەتییەکان کاتێک کاریگەرتر دەبێت کە تەنها بە پیشاندانی ئازار و قەیرانەکانەوە نەوەستێت، بەڵکو بینەریش بەرەو بیرکردنەوە لە هۆکارەکانیان و لە پێویستیی گەڕان بە دوای چارەسەری ڕاستەقینەدا ڕابکێشێت کە بەشداری دەکەن لە دروستکردنی گۆڕاندا.