ئاسینات بارزانی: یەکەم حاخامی ژن
ئاسینات بارزانی لە نێوان ساڵانی ١٥٩٠ بۆ ١٦٧٠ لە شاری موسڵ لە دایک بووە، زانای ئایینی و پەروەردەکار و نووسەری جولەکە بووە، لە ناوچەی موسڵ دەژیا، سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن: ئەو بە یەکێک لە یەکەم ژنە حاخامەکانی ناسراو لە مێژوودا دادەنرێت.
ناوەندی هەواڵ
ئاسینات کچی ڕابی ساموێل بارزانی، زانای ئایینی بەڕێزی ئەو سەردەمە بوو، باوکی یەشیڤا (قوتابخانەی ئایینی)ی دامەزراندبوو، کە ناوەندێکی پەروەردەیی گرنگ بوو بۆ کۆمەڵگەی جولەکەکانی ناوچەکە، ساموێل بارزانی کە هیچ کوڕێکی نەبوو، کچەکەی بە پەروەردەیەکی ئاینی و هزری ئاڵۆز پەروەردە کرد نەوەک لە پەروەردەیەکی نەریتییدا سنووردار بێت، ئەمەش یەکێک بوو لەو هۆکارە گرنگانەی کە ژیانی ئاسیناتی لە قاڵب دا، لە تەمەنی گەنجیەوە پەروەردەیەکی توندی لە تەورات و تەلمود و کابالا، عیرفانی جوولەکە وەرگرتووە.
پرۆسەی پەروەردەیی
پەروەردەی ئاسینات بارزانی تەنها لە زانستی تیۆریدا سنووردار نەبووە، هەروەها توانای لێکدانەوە و فێرکردنی دەقە ئاینییەکانی پێبەخشی، کە ئەمەش وای لێکرد نەک تەنها خوێندکارێکی شارەزا بێت، بەڵکو مامۆستایەکیش بێت، دواتر لەگەڵ ڕابی یاقوب میزراهی کە هاوکات زانای ئایینی بوو، هاوسەرگیری کرد، هەروەها هاوژینەکەی بەڕێوەبەری یەشیڤا بووە و ئاسیناتیش لەم ماوەیەدا بەشداری لە چالاکییە پەروەردەییەکان کردووە.
بەڕێوبردن لە دژی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان
دوای مردنی هاوژینەکەی، ئاسێنات بارزانی، بە پێچەوانەی نۆرمە کۆمەڵایەتییە نەریتییەکانەوە، بەڕێوەبردنی یەشیڤای گرتە ئەستۆ، کە ئەمەش هەڵوێستێکی زۆر نائاسایی بوو بۆ ژنێک لەو کاتەدا، ئەو ژنە وانەی بە خوێندکاران دەوتەوە و وەڵامی پرسیارە ئاینییەکانی ئامادە دەکرد و ڕێنمایی سەبارەت بە پێداویستییە ئاینییەکانی کۆمەڵگە پێشکەش دەکرد،
بەو پێیەی ئەم ئەرکانە بە شێوەیەکی نەریتی ئەرکی حاخامەکانە، ئاسینات بارزانی بەو شێوەیە دادەنرێت کە "وەک حاخامێک بە شێوەیەکی دروست خزمەتی کردووە"، لە سەردەمێکدا کە دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵاتی ئایینی زۆر سنووردار بوو، ئەرکی حاخامەکەی گرتە ئەستۆ.
کەسایەتییەکی ڕۆشنبیری و ئەدەبی
ئاسێنات کەسێکی بەهرەمەندی ئەدەبی گەورە بوو، لە شیعرەکانیدا بە زمانی عیبری، هەستی ئایینی و بیرکردنەوە عیرفانییەکان و ئەزموونە کەسییەکانی دەربڕیوە، نووسینەکانی هەم باوەڕێکی قووڵ و هەم پاشخانێکی هزری بەهێز ڕەنگ دەدەنەوە، لەم ڕووەوە نەک هەر وەک زانایەکی ئایینی گرنگە، بەڵکو وەک کەسایەتییەکی کولتووری و ئەدەبیش گرنگە.
لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە ژیانی ئاسینات بارزانی نموونەیەکی گرنگی ڕۆڵی مێژوویی ژن دەخاتە ڕوو، لە ژینگەیەکی ئایینی و ئەکادیمیدا کە پیاوان زاڵن بەسەریدا، بە زانست و دەسەڵاتەکەی ڕێزی بەدەستهێنا و بەرزبووەوە بۆ پۆستی سەرکردایەتی، ئەمەش ڕێگەی دەدات نەک تەنها وەک نموونەیەک بۆ سەرکەوتنی تاکەکەسی خۆی، بەڵکو وەک نموونەیەکی مێژوویی لە توانای ژنانیشدا سەیر بکرێت.
کاریگەری ئەو تا ئەمڕۆش
هەرچەند ئاسینات بارزانی لە سەدەی ١٧دا ژیاوە، بەڵام تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکەی بەردەوامە، ئەو ژنە بە کەسایەتییەکی بەرچاو لە هەردوو مێژووی جوولەکە و کولتووری جوولەکە کوردیدا دادەنرێت، زۆرجار لە باسەکاندا باسی ڕۆڵی ژنان لە سەرکردایەتی ئایینیدا دەکرێت.
ئامادەبوونی ژنان لە بواری زانین و سەرکردایەتیدا
ئاسنات بارزانی نەک هەر زانایەکی ئایینی بوو کە سنووری سەردەمی خۆی تێپەڕاند، بەڵکو کەسایەتییەکی پێشەنگ بوو کە سیمبولی بوونی ژنان بوو لە بوارەکانی زانست و زانیاری و پەروەردە و سەرکردایەتیدا.