کریستین دی پیزان؛ یەکەم ژنە نووسەر و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا

کریستین دی پیزان لە ساڵی ١٣٦٤ لە شاری ڤێنیز لەدایکبووە، بووە یەکێک لە یەکەمین نووسەرانی پیشەگەری ژن لە مێژوودا، بە داکۆکیکردنی لە پەروەردەی ژنان و ڕۆڵی کۆمەڵایەتیدا ناوبانگی دەرکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئەوروپای سەدەی ناوەڕاستدا، قۆناغێک کە بەشداری ژنان لە ژیانی گشتیدا لە ڕادەبەدەر سنووردار بوو، کریستین دی پیزان جێپەنجەی خۆی لە مێژووی ئەدەبیدا تۆمار کرد وەک یەکەم ژن کە بژێوی ژیانی لە نووسینەوە پەیدا کرد.

 

سەرەڕای ئەوەی کریستین دی پیزان لە ڤێنیز لەدایک بووە، بەڵام زۆربەی ژیانی لە فەرەنسا بەسەر بردووە، لەوێ کارەکانی باوکی وەک پزیشک لە کۆشکی شاهانە دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساندووە کە خوێندنێکی باش وەربگرێت، فێری زمانی ئیتاڵی و فەرەنسی و لاتینی بووە و توانی بناغەیەکی ڕۆشنبیری سەرەتایی دروست بکات کە لە زۆرێک لە منداڵانی کچی سەردەمی خۆی جیا بکاتەوە.

 

لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە و لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا هاوژینەکەی لەدەستداوە، دوای ئەوەی سێ منداڵی پەروەردە کردووە، هەروەها دوای مردنی هەردوو هاوژینەکەی و باوکی لە دەوروبەری هەمان کاتدا، هەڵیبژارد هاوسەرگیری نەکاتەوە و بڕیاریدا خۆی تەرخان بکات بۆ نووسین بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی خێزانەکەی دابین بکات.

 

دووبارە سەیرکردنەوەی بڕیارەکان سەبارەت بە ژنان

کریستین دی پیزان نووسینەکانی لەسەر مێژوو و ئایدۆلۆژی و شیعر چڕکردەوە و بووە یەکێک لە نووسەرە بەرهەمدارەکانی سەدەی پانزەهەم، بەڵام کارەکانی لەسەر ژنان بووە هۆی ئەوەی شوێنێکی دیاریکراوی هەبێت، دیارترینیان "شاری ژنان" بوو کە لە ساڵی ١٤٠٥ تەواو بوو.

 

لەم بەرهەمەدا پێداچوونەوە و ڕەخنەی لە وێنە نەرێنییە باوەکانی ژنان کرد و بەرگری لە مافی پەروەردە و بەشداریکردنیان لە ژیانی گشتیدا کرد و بیرۆکەی پێشکەش کرد کە بۆ سەردەمی خۆی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش پێشکەوتنخوازانە بوون، ڕەخنەی لە ئایدۆلۆژیای باوکسالاری باو گرت.

 

پێویستی بوونی ژن لە کایەی گشتیدا

کریستین دی پیزان چەمکی "شار"ی وەک مەتافۆرێک بەکارهێنا بۆ ئەوەی نیشان بدات کە ژنان دەتوانن پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز پێکبهێنن کاتێک یەکدەگرن، جەختی لەسەر پێویستی بوونی خۆیان لە کایەی گشتیدا کردووەتەوە، بەم کارە بە یەکێک لە بیرمەندە یەکەمەکان دادەنرێت کە بانگەشە بۆ بەشداریکردنی ژنان لە گێڕانەوەی مێژوویی و مرۆیی جیهانیدا دەکات.