کلاسیکێکی سینەمایی لە ڕوانگەی ژنێکەوە: ژیانە دیلمان
فیلمی "ژیانە دیلمان" بە یەکێک لە کاریگەرترین فیلمەکانی مێژووی سینەما دادەنرێت و بە "باشترین فیلمی هەموو سەردەمێک" پێناسە کراوە، لە ساڵی ١٩٧٥ لەلایەن سینەماکاری بەلجیکی چانتاڵ ئاکێرمان دەرهێنراوە.
ناوەندی هەواڵ
فیلمی "ژیانە دیلمان" نموونەیەکی بەرچاوی سینەمای ژنانە لەناو بزووتنەوەی مینیمالیستیدا دەخاتە ڕوو، بزووتنەوەیەک کە زۆرجار دەرهێنەرە پیاوەکان زاڵن بەسەریدا، لە ماوەی نزیکەی دوو سەد خولەکدا، فیلمەکە سێ ڕۆژ لە ژیانی ژنێک دەگرێت کە هاوژینەکەی کۆچی دوایی کردووە، بە بەکارهێنانی کامێرای ئیستاتیک و گێڕانەوەیەکی سادە کە ڕێگە بە بینەر دەدات قووڵبێتەوە لە وردەکارییەکانی ڕۆتینی ڕۆژانەییدا.
کارەکانی ڕۆژانە(بازاڕکردن، ئامادەکردنی خواردن، ڕێکخستنی ماڵ و هاوبەشکردنی ژەمەکان لەگەڵ کوڕەکەی) بنچینەی چیرۆکەکە لە فیلمی "ژیانە دیلمان"دا پێکدەهێنن، ئەم ئەرکە ڕۆژانەیانە تەنها وردەکاری نین، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاون لە سووڕی ژیانی ئەودا و جێگەیەکی ناوەندی لە گێڕانەوەکەدا داگیر دەکەن.
دیالۆگی سنوورداری فیلمەکە زیاتر سەرنجی بینەر لەسەر هۆشیاری و ژیانی ناوەوەی کارەکتەرەکان چڕدەکاتەوە نەک لەسەر ڕووداوە دەرەکییەکان، دێلفین سیریگ لە ڕۆڵی سەرەکیدا، نمایشێکی سروشتی و بەهێز پێشکەش دەکات کە بەشدارییەکی بەرچاو لە کەشوهەوای فیلمەکەدا دەکات.
"ژیانە دیلمان" تەنها ژیانی ڕۆژانەی ژنێک نیشان نادات، هەروەها پرسیاری قووڵ لەبارەی کاری ماڵەوە، ڕۆڵی کۆمەڵایەتی، تەنهایی و پەیوەندی تاک لەگەڵ خۆیدا دەوروژێنێت، کۆتایی فیلمەکە چیرۆکەکە دەباتە ئاستێکی تەواو جیاواز، ڕێگایەک بۆ بینەر دەکاتەوە بۆ ئەوەی بیر لە کاریگەرییەکانی ئەو شتانە بکاتەوە کە شایەتحاڵی بوون.
ئەم فیلمە کە لەسەر بنەمای ئەزموونی ژنان دروستکراوە و بە کارێکی سەرەکی لە سینەمای ژنان دادەنرێت، ئەزموونێکی بەرچاوی بینین پێشکەش دەکات بۆ هەر کەسێک کە ئارەزووی مێژووی فیلمی هەیە، بۆ ئەوانەی کە ڕەنگە بەهۆی درێژیی فیلمەکەوە دوودڵ بن، کورتە شیکاری و پێداچوونەوەکانی بەردەست دەتوانن وەک خاڵی دەستپێکی باش بێت.