جێسی تاربۆکس بیڵز: پێشەنگێکی فۆتۆگرافی ڕۆژنامەگەری کە دەرگای پیشەکەی بەڕووی ژناندا کردەوە
جێسی تاربۆکس بیڵز وەک یەکەم ژنە فۆتۆگرافی ڕۆژنامەنووس کە کارەکانی لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوکرایەوە، جێگەی خۆی لە مێژووی ڕۆژنامەگەری ئەمریکیدا چەسپاند.
ناوەندی هەواڵ
جێسی تاربۆکس بیڵز بە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی مێژووی ڕۆژنامەگەری و فۆتۆگرافی لە ئەمریکا دادەنرێت، بووە یەکەم ژنە فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی کە وێنەکانی لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوبکرێتەوە و یەکەم ژنیش بوو کە لە وڵاتەکەدا مەشقی وێنەگرتنی شەوانە بکات، گرنگی دەستکەوتەکەی نەک تەنها لە پێشەنگایەتی پیشەیی خۆیدایە، بەڵکو لە توانایدا هەیە بۆ ئەوەی بچێتە ناو بوارێکەوە کە پیاوان زاڵن بەسەریدا، بەرامبەر سنووردارکردن و ئەو جیاکارییە کۆمەڵایەتیانەی کە ژنان لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕووبەڕوویان بووەتەوە، وەستایەوە.
جێسی تاربۆکس بیڵز کە ناوی لەدایکبوونی جێسی ڕیچمۆند تاربۆکس بووە، لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٨٧٠ لە شاری هامیلتۆن لە کەنەدا لەدایکبووە، لە خێزانێکی دەوڵەمەنددا چێژێکی زۆری لە منداڵییەکی سەقامگیر وەرگرتووە، بەڵام لەدەستدانی سامانی خێزانەکەی باوکی بەهۆی وەبەرهێنانێکی شکستخواردووەوە، ڕەوتی ژیانی گۆڕی و ناچاری کرد لە تەمەنێکی بچووکدا پشت بەخۆی ببەستێت. ئەم ئەزموونە بەشداری کرد لە پەرەپێدانی کارەکتەری خۆپەرست و کۆڵنەدەرەکەی.
لە ڕووی ئەکادیمییەوە سەرکەوتوو بوو و لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە دەستی بە کارکردن کرد وەک مامۆستا، لەم ماوەیەدا پەیوەندییەکەی لەگەڵ جیهانی فۆتۆگرافیدا دوای بەدەستهێنانی کامێرای گۆڤاری "هاوڕێی گەنجان" دەستیپێکرد، ئەم خەڵاتە بوو بە خاڵی دەستپێک بۆ پیشەیەکی ناوازە. زۆری نەخایاند کامێرایەکی پێشکەوتووتری بەدەستهێنا و یەکەم ستۆدیۆی فۆتۆگرافی لە ویلیامزبێرگ لە پارێزگای ڤێرجینیا دامەزراند، بەم شێوەیە دەستیکرد بە بونیادنانی ناوی خۆی لەو بوارەدا.
سەردانەکەی بۆ پێشانگای جیهانی کۆڵۆمبیا لە شیکاگۆ لە ساڵی ١٨٩٣ خولیای فۆتۆگرافی زیاتر کرد، لە کاتێکدا هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ ئەلفڕێد تێنیسۆن بێڵز لە ساڵی ١٨٩٧ لاپەڕەیەکی نوێی ژیانی بوو، کە ئەمەش یارمەتی دا، پەرە بە توانا تەکنیکییەکانی لەگەڵ کامێرادا بدات، لە ساڵی ١٨٩٩ یەکەم دەرفەتی پیشەیی خۆی وەرگرت کاتێک ڕۆژنامەی بۆستن پۆست ڕاسپێردرا بۆ وێنەگرتنی زیندانێک، بەم شێوەیە دەستی بە کاری فۆتۆگرافی ڕۆژنامەگەری کرد.
لە ساڵی ١٩٠١ بەدواوە وەک فۆتۆگرافی ڕۆژنامەنووس لە شاری بوفالۆی پارێزگای ڤێرجینیا کاری کردووە و بەهۆی ڕووماڵکردنی بوێرانەی ڕووداوەکانەوە ناسرا، درێغی نەدەکرد بە دزییەوە بچێتە ناو هۆڵەکانی دادگا بۆ وێنەگرتن، لە کاتێکدا ئەو جۆرە کارانە نائاسایی بوون، هەروەها سەرنجی ڕاکێشا بەهۆی ڕووماڵکردنی پێشانگای جیهانی ساڵی ١٩٠٤ لە سانت لویس، کە تێیدا وێنەکانی پێشکەش کرد کە لە گۆشەی داهێنەرانە گیراون، ئەمەش پێگەی خۆی وەک یەکێک لە دیارترین ڕۆژنامەنووسانی فۆتۆگرافی لەو سەردەمەدا چەسپاند.
ئەو ژنەی مێژووی فۆتۆگرافی ڕۆژنامەگەری لە ئەمریکا گۆڕی
لە ساڵی ١٩٠٥ ڕووی لە نیویۆرک کردووە و ستۆدیۆی تایبەتی خۆی کردووەتەوە و کارەکانی فراوانتر کردووە و لە ڕێگەی هاوێنەی خۆیەوە لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ئەمریکای بەڵگە کردووە، وێنەی کەسایەتییە گشتیەکان و پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل و ژیانی کولتووری گوندی گرینویچی گرتووە، هەروەها گەڕەکە هەژارەکانی شارەکەی و ڕاستی کۆمەڵایەتییەکانی بەڵگە کردووە، تۆمارێکی بینراوی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دروستکردووە.
لە ساڵی ١٩١١ کچەکەی بەناوی نانێت لەدایک دەبێت، بەڵام ژیانی دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی وەرچەرخانێکی بەخۆیەوە بینی، ناچار بوو بۆ بژێوی ژیانی خۆی و کچەکەی کاری جیاواز بکات، تەنانەت بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی پەنای بۆ نمایشکردنی نمایشی جادەو برد، سەرەڕای ئەم بارودۆخانە، بەردەوام بوو لە کارە پیشەییەکانی، لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٠دا ڕووی لە وێنەگرتنی دیمەنی سروشتی و باخچە کرد.
لە ساڵانی دواتردا جێسی تاربۆکس بیڵز تووشی کێشەی دارایی و کێشەی تەندروستی بووەوە، بەڵام ئەم سەختییانە کاریگەری بەرچاوی لەسەر مێژووی ڕۆژنامەگەری و فۆتۆگرافی کەم نەکردەوە، لە ٣١ی ئایاری ١٩٤٢ لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و میراسێکی پیشەیی بەرزی بەجێهێشت کە وای لێکرد ببێتە یەکێک لە پێشەنگەکانی فۆتۆگرافی ڕۆژنامەگەری، هەروەها بەشداری کرد لە کردنەوەی ڕێگا بۆ نەوەکانی ژنان و چوونە ناو ئەم بوارە و سەلماندنی بوونی خۆیان لەو بوارەدا.