فیلمی ئەمڕۆ: میوانی حەلەبی بۆ ئیستەنبوڵ

فیلمی "میوانی حەلەبی بۆ ئیستەنبوڵ" باسە لە گەشتی کچێکی هەشت ساڵان بە ناوی لینا، کە لە شەڕی سوریادا ئەندامانی خێزانەکەی لەدەستداوە لەگەڵ خوشکە بچووکەکەی و کۆچبەرانی دراوسێیان کە لە شەڕی سوریا هەڵهاتوون و لە ڕێگاکەیاندا دەیانەوێت وەک پەنابەر بچن بۆ تورکیا، هەموویان بە چەندین شێواز دەچەوسێنرێنەوە، لە فیلمەکەدا باسی لەو دۆخە کردووە کە هەموو پەنابەرانی دیکە ڕۆژانە لەسەر سنوور ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

لەکاتێکدا لینا بەڕاستی دەیەوێت بگەڕێتەوە ماڵەوە بۆ نیشتیمانەکەی، هیوای مەریەمی پەنابەر ئەوەیە بگاتە ئەوروپا و سەرباری ئەو ئاستەنگییانەی دێتە ڕێگەیان بەردەوام هیوا دەدەن بە خۆیان و فێری گرنگیپێدان بە یەکتر و خۆشەویستی دەبن.

 

دەرهێنەری فیلمەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ پەنابه‌رانی ناو کەمپەکانی سەر سنوور ژیاوە، یەکێک لە ئەکتەرەکانیش لە کەمپەکانی سەر سنووری یۆنان دەژی.

 

دەرهێنەر: ئەنداچ هەزەندارئۆغڵو

لە ڕۆڵگێڕانی: سەبا موبارەکە، بەڵێم سێرین بۆزۆگلو، سێبنم دۆنمێز