"فاطمة البن"... چیرۆکی ژنێکی یەمەنی بۆ پاراستنی درەختی قاوە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی کەشوهەوا بووەتەوە
فیلمی "فاطمة البن" تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنانی گوندنشین لە پاراستنی ژینگەداو گرنگی پشتیوانیکردن لە چاندنی قاوەی یەمەن لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا دەکاتەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی فیلمەکە جێگەی خۆی لە فێستیڤاڵی فیلمی سەوزی ئەسکەندەریە بەدەستبهێ
یەمەن
فیلمی "فاطمة البن" باس لە چیرۆکی فاتمە دەکات کە ١١ ساڵە لە کێڵگەی قاوەیی باوکی لە ناوچەی گوندنشینی پارێزگای تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن کاردەکات، ئەو خۆی تەرخان کردووە بۆ پێشخستنی چاندنی قاوە و پاراستنی کوالیتی قاوەی یەمەن، سەرەڕای زیادبوونی ئاستەنگە ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی بەردەم ئەم کەرتە.
فیلمەکە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر چاندنی قاوە بەڵگە دەکات، لەوانە کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی، شێوازی بارانبارینی ناڕێک و دەرکەوتنی مێروو زیانبەخشەکان کە هەڕەشە لە دار قاوە دەکەن، لە بەرامبەر ئەم ئاڵەنگاریانە، فاتمە هەوڵدەدات هاوکاری ئەندازیارانی کشتوکاڵی بکات بۆ پەرەپێدانی بیرۆکە و پڕۆژە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی ئاو و دۆزینەوەی چارەسەری پراکتیکی بۆ گرنگیدان بە دارەکانی قاوە و باشترکردنی خۆڕاگرییان.
هەروەها فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە بەربەستە هەرە بەرچاوەکانی بەردەم چاندنی قاوە لە یەمەن، ئەویش چاندنی بەربڵاوی ”قات” لەسەر حیسابی زەوییە بەپیتەکانی کشتوکاڵی.
فاتمە هەوڵدەدات جوتیارانی ”قات” ڕازی بکات کە بیگۆڕن بۆ چاندنی قاوە، بەڵام زۆربەیان بەهۆی گەڕانەوەی خێرای داراییەوە خۆیان بە ”قات”ەوە چاسپاندووە، لەکاتێکدا قاوە پێویستی بە ساڵانێک چاودێری هەیە پێش ئەوەی قازانج بەدەستبهێنێت، درەختی قاوە لە ساڵێکدا تەنها یەک دروێنە بەرهەم دەهێنێت، بە بەراورد بە دوو دروێنە یان زیاتر بۆ دارێکی ”قات”.
فیلمەکە بە پەیڕەوکردنی گەشتەکەی فاتمە، هەروەها ئەو کارە نەریتییانە پیشان دەدات کە جوتیاران بۆ پاراستنی دارەکانی قاوە لە ئافاتەکان بەکاریدەهێنن.
گرنگی فیلمەکە لە تیشک خستنە سەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر کەرتی کشتوکاڵی یەمەن و پیشاندانی هەوڵە ناوخۆییەکانی جوتیاران بۆ گونجاندن لەگەڵ ئەم ئاڵەنگاریانەدا، داوا لە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان دەکات بەرپرسیارێتی خۆیان لە داڕشتنی پلان و وەڵامدانەوەی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئەستۆ بگرن.
ئامانجی فیلمەکە لە هەردوو ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا هاندانی وەبەرهێنانە لە چاندنی قاوەی یەمەن، کە یەمەن بۆ چەندین سەدە بەناوبانگە پێی، هەروەها سەرنجی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ گرنگی پشتیوانیکردن لەم کەرتەدا ڕادەکێشێت، باس لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بڵاوبوونەوەی چاندنی ”قات” لەسەر حیسابی قاوە دەکات، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنانی گوندنشینی یەمەن لە پاراستنی ژینگە و گەشەپێدانی کشتوکاڵیدا، وێنەیەکی جیاواز لە ژنانی گوندنشین وەک یاریزانی سەرەکی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و دروستکردنی گۆڕانکاری دەخاتە ڕوو.
فیلمی دیکۆمێنتاریی یەمەنی "فاطمة البن"، لە نووسینی ڕۆژنامەنووس و دەرهێنەر ڕانیا عەبدوڵا، پەیامنێری ئاژانسی ”NUJINHA” ”نوژنها”، بۆ بەشداریکردن لە چاپی دووەمی فێستیڤاڵی سەوزی ئەسکەندەریە هەڵبژێردرا، ئاماژەیەکی تایبەتی لە بەشی فیلمە نایابەکاندا وەرگرت، کە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی بوونی فیلمە یەمەنییەکانە کە لە ڕێگەی چیرۆکە مرۆییە ناوخۆییەکانەوە باس لە پرسە ژینگەییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا و گەشەسەندنی بەردەوام دەکەن.