ئۆجالان: زیلان فەرماندەیە و ئێمەش شەڕڤانی ئەوین
چالاکییە گیانبازییەکەی شەهید زیلان چەندین ژنە شۆڕشگێڕی دروستکرد، توانی گەلەکۆمەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەناو ببات و قۆناغێکی نوێی خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازی بوو.
سلێمانی
لە مێژووی کوردستان و لە سەردەمە جیاوازەکاندا هەمیشە ژنی کورد پێشەنگایەتی سەردەمەکانیان کردووە، لە چوار پارچەی کوردستاندا نمونەی قارەمانێتی ژنانی کورد هەیە و ئەمڕۆش بە شێوەیەکی ڕێکخستنکراو هێڵی نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازیی ئەو ژنانە لە هەموو کوردستان بەردەوامە، نمونەی یەکێک لەو ژنانەش زەینەب کناجیانە.
زەینەب کناجی- ناسراو بە زیلان، له ساڵی ١٩٧٢ له گوندی ئهلمالی سهر به شاری مهڵاتیای باکووری کوردستان لهدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە ئەلمالی تەواو کردووە و پاشان لە بەشی ڕاوێژی دەروونی لە زانکۆی ئینۆنوی مەلاتیا درێژەی بە خوێندن داوە.
خەباتی شاخ کاریگەری لەسەر کەسایەتی زیلان هەبووە
خانەوادەکەی زیلان لە زۆر ڕووەوە تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانیان پاراستووە، بۆیە هەستی نەتەوەیی ئەویش بەهێز بووە، لە خوێندنگای ئامادەیی لەگەڵ بیری چەپ و کوردەواری ئاشنا دەبێت و دواتر مەیلی بە بەشداریکردن لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە یەکلایی دەبێتەوە، ساڵی ١٩٩٤ بەشداری خەباتی ڕێکخستنی گەل دەبێت، بەوەش ڕازی نابێت و دەیەوێت لەناو ڕیزەکانی گەریلا جێبگرێت و ساڵی ١٩٩٦ دەچێتە ڕیزی گەریلاکانەوە لە دەرسیم، لەو نامەیەی کە جێیهێشتووە، باسی ئەو دوو قۆناغە دەکات و دەڵێت: کاتێک لەناو خەباتی گەل بووم نەمدەتوانی گۆڕانکاریی پێویست پێکبێنم، هەرچەند هەوڵمدەدا بەڵام نەمتوانی لەو ئاستەدا سەرکەوتنێک بە دەست بێنم، بەڵام کاتێک بەشداری گەریلا بووم، توانیم تا ئاستێک خۆم و کەسایەتیم بناسم و لە بابەتی بڕیارداری، مۆراڵ و یەکلایی بووندا توانیم خۆم بەهێز بکەم.
زیلان لە ماوەی ژیانی کورتی گەریلایەتی خۆیدا لە چیاکانی دەرسیمدا گۆڕانکارییەکی گەورە لە کەسایەتی خۆیی دروست دەکات و دەتوانیت بە تەنیا لەدژی هێرشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بڕیارێکی گرنگ بۆ چالاکی بدات، حەزکردنێکی گەورە لە زیلان لەسەر بیری ئۆجالان دەربارەی ئازادیی ژن و ئازادیی کوردستان دروست دەبێت و دەیەوێت ئەوەندەی تێگەیشتووە ئەنجامی بدات و هێرشەکانی دژی ڕێبەری گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان لەناو ببات.
بە چالاکییەک گەلەکۆمەیەک لەناودەبات
ساڵی ١٩٩٥ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پێکهێنانی ئاگربەست هەوڵدەدات، بۆ ئەوەش دانوستان لەگەڵ هەندێک لە کاربەدەستانی تورکیا دەکات، لەو کاتەدا حکومەتی هاوپەیمانی نەجمەدین ئەربەکان و تانسۆ چیللەر لەسەر کاردایە، چیللەر بە دوژمانایەتی کورد ناسراوە، لە کاتی دەسەڵاتداری ئەودا ژمارەیەکی زۆر لە کارسازان، ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارانی کورد بە شێوازی جیاواز دەکوژرێن، بەڵام ئەربەکان بۆ دانوستان هەوڵ دەدات و دەیەوێت پەیوەندیی دروست بکات، بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو ئاشتی بنرێت.
بەڵام دەوڵەتی تورک بە سەرکردایەتی تانسۆ چیللەر، بۆ تێکدانی ئەم قۆناغە، ئاکادیمیای دیمەشقی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکاتە ئامانج، چونکە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەو کاتە لەوێ نەبووە، هێرشەکە پوچەڵ دەبێتەوە، زیلان لەو گەلەکۆمەیە ورد دەبێتەوە و بە چالاکییەکی کاریگەر ئەو گەلەکۆمەیە لەناو دەبات.
بەر لە چالاکییەکەی پەیامی جیاجیا بۆ گەل و ڕێبەری گەلی کورد جێدەهێڵێت
زیلان بەر لە ئەنجامدانی چالاکییەکە لە چەند نامەیەکدا پەیامەکانی جێدەهێڵێت، لە بەشێکی نامەکەیدا دەڵێت: دوژمن بە تەواوەتی هێرشمان دەکات، پێویستە ئێمەش بە هەموو هێزی خۆمانەوە دوژمن بکەینە ئامانج، کاتێک چاو لە مێژووی تێكۆشانی پەکەکە دەکەین، پڕ لە قارەمانەتی، بەرخۆدان و ڕەنجە، بەرخۆدان بووەتە کاری بنەماییان، پێویستە خاوەنداری لەم میراتە مێژووییە بکەین و ئەرکی قۆناغەکە بەجێبهێنین، بۆیەش قۆناغەکە چالاکیی گیانبازیی جێبەجێ دەکات، ئەم چالاکییە دەبێتە هۆی تێکچوونی مۆراڵی دوژمن.
زیلان لە نامەیەکدا کە بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نووسیویەتی، دەڵێت: ڕێبەری من، خۆم بۆ چالاکیی گیانبازی هەڵبژاردووە، ئێمە لە بەرامبەر ڕەنج و هەوڵدانە بێسنوورەکانتان گیانی خۆشمان بدەین بەش ناکات، خۆزگە شتێک لە گیانم بەقیمەتتر بووایە تا فیدام بکردایە، ئێوە گەرەنتی دواڕۆژی هەموو گەلی کوردستان و مرۆڤایەتین لە جیهان.
زیلان بەو چالاکییە ڕێگە لە قۆناغێکی نوێ دەکاتەوە
زەینەب کناجی لەتەمەنی ٢٤ ساڵیدا و کەمتر لە ساڵێک دەبێت کە بەشداریی ڕیزەکانی گەریلای کردووە، ڕۆژی ٣٠ حوزەیرانی ١٩٩٦ لەو کاتەی سەربازانی دەوڵەت سەرقاڵی مەراسیمی ئاڵا دەبن، بۆمب لە جەستەی خۆی دەبەستێت و بەرەو مەیدانی کۆماری 'جمهوریەت' لەناو شاری دەرسیم بەڕێدەکەوێت، خۆی لەناو مەراسیمی ئاڵای سەربازی سوپای تورک دەتەقێنێتەوە، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا هەشت سەربازی تورک کە زۆربەیان فەرماندەن دەکوژرێن و ٢٩ سەربازی دیکەش بریندار دەبن، زیلان بەو چالاکییە ڕێگە لە قۆناغێکی نوێ دەکاتەوە.
لە ڕێگەی چالاکییەکەی ویستی تۆڵەکردنەوەی کۆمەڵکوژی گەلی زیلانی هەبووە
زیلان نازناوی خۆی زۆر بە زانابوون هەڵدەبژێرێت و دەیەوێت بەو چالاکییە تۆڵەی کۆمەڵکوژییەکەی گەلیی زیلان کە تاوانی دژە مرۆڤایەتی لەسەر کوردان ئەنجامدرا، بکاتەوە، کۆمەڵکوژی گەلیی زیلان یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی گەلی کوردە کە دوای سەرهەڵدانی ئاگری لە ١٣ی تەمموزی ١٩٣٠ـدا دەوڵەتی تورک لە ناوچەی ئەردێشی وان لە باکووری کوردستان لە گەلیی زیلان ١٥ هەزار مرۆڤی کوردی بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژ دەکات، کە ژن و منداڵ و کەسی بەتەمەنیشیان تێدابووە، لەناو ئەو کەسانەی کۆمەڵکوژکران ژنی دووگیانیش هەبوون کە لەگەڵ منداڵەکانی سکیانەوە دڕندانە کوژراون، زیلان بەو چالاکییە نەتەنیا تۆڵەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کردەوە هەروەها تۆڵەی کۆمەڵکوژییەکەی دەرسیمیشی کردەوە.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چی لەسەر شەهید زیلان وتووە؟
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە زۆرێک لە کتێبەکانیدا باسی واتای چالاکییەکەی زیلان دەکات و زیلانی وەک فەرماندەی خۆی بە ناو دەکات و دەڵێت: زیلان یاسای ژیانی ئازادە، خواوەندی ئازادییە، زیلان فەرماندەیە و ئێمەش شەڕڤانی ئەوین، تاکە ڕێبەری ڕاستەقینەمان زیلانە، ژنبوونیشی بەهاکانی زیاتر دەکات، ئەرکی هەموومانە بە جۆرێک بین، شایەنی ئەو بەهایانە بین.
زەینەب کناجی، لە مێژووی پەکەکە و بزوتنەوەی ئازادیی ژنانی کورددا وەک هێڵێک پێناسە دەکرێت، ژنانی تێکۆشەر لە وەڵامی چالاکییەکەی زیلان-دا خۆیان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی و گەلەکۆمەکان بە ڕێکخستن کرد و لە دژی سیستمی دەسەڵاتداری پیاو و دەوڵەت، لە دژی لەناوبردن و داگیرکردنی بوونە قەڵغان، بۆیەش ئەم ئایدۆلۆژیایە و ئەم بیرە ئێستا خۆی لە هەموو کوردستان و دەرەوەی وڵات بە ڕێکخستن کردووە.
چالاکییە گیان فیداییەکەی زەینەب کناجیان چەندین شۆڕشگێڕی دروستکرد
دوای چەندین ساڵ ڤیان جاف و دەستینا قەندیل لە باشووری کوردستانەوە و ئارین میرکان لە کۆبانێ و ئاڤێستا لە عەفرین دژی داگیرکاری جەستەی خۆیانیان کردە قەڵغانی خاکی خۆیان و بوونە پێشەنگی بەرخۆدان، هەروەها قۆناغێکی نوێی بەرخۆدان و گیانفیدایی سەریهەڵدا، چونکە هەمووان دەیانەوێت وەک زیلان ببنە سمبولی ژیانەوە و نەمریی بەدەستبهێنن، هەربۆیە دەیان زیلانی دیکە ڕوودەکەنە شاخ و بەشداریی ڕیزەکانی گەریلا دەکەن، بە سەدان زیلان-یش لە هەر چوار پارچەی کوردستان لەدایکبوون، لەدوای ساڵی ٢٠٠٠ ئەکادیمیایەک بەناوی 'زەینەب کناجی' دامەزراوە و ساڵانە دەیان ژنی شۆڕشگێر لەو ئەکادیمایەدا پەروەدەی فکریی وەردەگرن، گۆڤارێک بەناوی زیلان دەردەچێت، کە گۆڤارێکی مانگانەیە و جیا لە بابەتە زانستیی و فەلسەفیی و تەکنەلۆجییەکان، گرنگییەکی تایبەت بە ژن و پرسی ژن دەدات.