پیرەمێرد هۆنراوەی "نەورۆز"ی بۆ ناهیدە سۆفی نووسیوە

 

نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژووی خۆی، خاوەنی ژنانی شۆڕشگێڕ و بەرخۆدەر و بوێر بووە، کە دەگەرێینەوە بۆ سەدەکانی پێش خۆمان، هەمیشە ناوی ژنانێک لە سیدرای خەباتدا خۆر بووە، هەرچەندە ناوی چەندین ژنانیش ون بوون و خەباتیان لە ئەرشیفدا نەماوە یاخود پیاوانێک خاوەندارێتی توانا و دەستکەوتەکانی کردوون. یەکێک لە ژنە کوردە جوانەکانی مێژوو، {ناهیدە سۆفی} بووە.

 

ناهیدە سۆفی، ساڵی ١٩٣٢ لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٣٩ دەچێتە بەر خوێندن لە قوتابخانەی سەدیقەی کچان. ئەگەرچی تا قۆناغی ٥ی سەرەتایی خوێندووە، بەڵام ژنێکی خوێندەوار و پێشکەوتووخواز بووە، خوێندنەوەیەکی زۆری کردووە لە بوارەکانی ئەدەب و زانست و هونەر. ناهیدە، ژنێکی چەپ بووە و وتەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێت: "خۆشترین و بەلەزەتترین خواردن لەگەڵ نانەڕەقە، دوای چەند کاتژمێرێک دەبن بە یەک، بۆیە مرۆڤ نابێت نابێت ویژدان و باوەڕ بە خۆشگوزەرانی و تیکەیەک نان بگۆڕێتەوە."، هاوکات هاندەرێک بووە  بۆ سەرپێخستنی خوێندنی ژنان و هاوکات ئەو پەیامەش بدات کە خوێندن و فێربوون و چوونە خویندنگا بۆ هەردوو ڕەگەز دەبێت وەک یەک بێت و بە یەک ئاست تەماشا بکرێن.

 

لە بنەماڵەکەیەوە بەرەو کوێ ئاڕاستەکراوە؟

ناهیدە سۆفی، بە هزرێکی چەپڕەو پەروەردە دەکرێت و دەبێتە گەنجێکی پێشەنگی سەردەمی خۆی و بەشداری کاری ڕێخراوەیی دەکەن، دەشبێتە ئەندام لە حیزبی شیوعی ئێراقی، دەستپێکی ئەم خەباتە دەبێتە هۆی وازهێنانی ناهیدە لە قوتابخانە و پاشناوی {سۆفی} لە ناو حیزبی شیوعی دابنێت. لە ساڵی ١٩٤٨ یەکەم ژن بووە کە لەو بەشەی کوردستاندا بە جلی مۆدەوە بەشداری خۆپیشاندانەکانی بەردەرکی سەرای کردووە و هاوکات یەکەم ژنە زیندانی سیاسیش بووە لە باشووری کوردستاندا. ئەو ڕۆژە ناهیدە سۆفی، ڕابەرایەتی خۆپیشاندانەکەی کردووە و کەسانێکی زۆر پێی سەرسام بوون، یەکێک لەوانەش پیرەمێدی هۆنەر بووە کە گەواهیدەری ئازایەتیەکەی بووە.

 

هۆنراوەی نەورۆز، بۆ ناهیدە سۆفی نووسراوە

ناهیدە سۆفی، بۆتە ئیلهامێک و هۆکاری لەدایکبوونی یەکێک لە هۆنراوە نەمرەکانی مێژووی قوتابخانەی ئەدەبی کوردی، ئەویش لە نووسینی هۆنەر پیرەمێرد و بەناوی {نەورۆز} کە تا ئێستاش لە تەواوی قوتابخانە و بۆنە کوردیەکاندا دەوترێتەوە و دەخوێندرێتەوە و دەناسرێتەوە.

 

نەورۆز

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە

جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە

چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێ پەست بوو تا کو پار

هەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار

ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد

مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد

نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە

لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە

وا ڕۆژ هەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە

خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە

تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا

قەڵخانی گوللە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا

پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین

نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین...

(هاوار، ١٩٧٠)

 

ناهیدە سۆفی، کە لەو سەردەمەدا خاتوونێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵ بوو، ئەو ڕۆژە ڕابەرایەتی خۆپیشاندانەکەی ساڵی ١٩٤٨ی بەردەرکی سەرای کرد، لە دژی ڕێکەوتنامەی (پۆڕتمۆس) وەستانەوە، کە ساڵح جەبر، سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکومەتی بەڕیتانی پێکەوە واژۆیان کرد هەر لە بەرەنگاری ئەوەشدا خۆی لە خۆپیشاندانەکەدا دەبینێت کە چۆن ناهیدە سۆفی سیمبولی ئەو ڕۆژە دەبێت و پێشەنگایەتی ژنانی شار دەکات.

 

ناهیدە سۆفی هەمیشە وتوویەتی "دیوەخان و ئاین نابێت دەست وەربداتە ژیانی مرۆڤەکان"، کە ئەم بیکردنەوەیە بۆ ژنێک لە ٧٠ ساڵ پێش ئێستادا، تاک بووە. لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکی نەتەوەیی بووە و هەموو شارەکانی کوردستانی گەورەی بە یەک ئاست تەماشا کردووە.

 

ئەم شۆڕشگێڕە، لە ژیانیدا ٤ جار زیندانی کراوە و لە یەکێک لەو جارانە لە زیندان، ئەفسەرەکە پێی دەڵێت: "حاشا لە کوڕە پێشمەرگەکانت بکە، ئێمە ئازادت دەکەین." ناهیدەش لە وەڵامدا دەڵێت: "کاتێک حاشا لە کوڕەکانم دەکەم، کە ببن بە جاش"

 

بەداخەوە وەک یاسایەکی دەستکارینەکراوی ژیان، مردن بەرۆکی ئەم ژنە ئازایەش دەگرێت و لە دوای ٦٢ ساڵ ژیان کردن، هەر لە سلێمانی کۆچی دوایی دەکات.