پەرسيبوليس؛ شایەتحاڵی هونەریی بۆ شۆڕشی ئێران و خەباتی نەوەکان

پەرسيبوليس بەڵگەیەکی هونەری و سیاسییە بۆ قۆناغێکی سەرەکی لە مێژووی ئێراندا، کە لە چاوی منداڵێکی کچەوە دەگێڕدرێتەوە کە لە جیهانێکی خێرا لە گۆڕاندا گەورە دەبێت، فێری ئەوە دەبێت کە ئازادی لە قسەکردنی ڕاستییەکانەوە دەستپێدەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

پەرسيبوليس بە یەکێک لە دیارترین بەرهەمە سینەماییەکان دادەنرێت کە باس لە شۆڕشی ئێران و گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دواتر دەکات، لە ڕێگەی گێڕانەوەی بینراوەوە کە هەم سادە و هەم قووڵە.

 

ئەم فیلمە لە دەرهێنانی هونەرمەندی ئێرانی-فەرەنسی مەرجان ساتراپی و بۆ یەکەمجار لە فێستیڤاڵی فیلمی کان لە ساڵی ٢٠٠٧ نمایشکرا و لەسەر بنەمای ڕۆمانی گرافیکی بەناوبانگ بە هەمان ناوە، ژیاننامەیەکی جوڵاوی منداڵێکی کچی ئێرانی دەخاتە ڕوو کە لە ژێر سیستەمێکی سیاسی گۆڕاو و سەرکوتگەردا گەورە دەبێت.

 

ئەم فیلمە لە ڕۆمانی گرافیکی پەرسيبوليس وەرگیراوە، گەشتی "مەرجان" منداڵێکی کچی خێزانێکی لیبڕاڵ دەگێڕێتەوە، لە کاتێکدا ئەزموونی شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ و ڕووخانی ڕژێمی شا و سەرهەڵدانی دەسەڵاتی خومەینی دەکات، لەگەڵ گۆڕینی دەسەڵات، وڵات لە خەونی ئازادییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ڕاستی ستەم و سەپاندنی باڵاپۆشی و گۆشەگیریی ناڕازییان، مەرجان خۆی دەبینێتەوە لە نێوان دوو گێڕانەوەی دژ بەیەکدا گیری خواردووە: گێڕانەوەی ئازادی لە ماڵەکەیدا، گێڕانەوەی دەسەڵات لە خوێندنگە و لەسەر شەقام.

 

فیلمەکە ئەنیمەیشنی ڕەش و سپی بەکاردەهێنێت، ئەمەش کوالیتییەکی سیمبولی بەهێزی پێدەبەخشێت کە ڕەنگدانەوەی تاریکی ئەو سەردەمەیە، پشت بە یادەوەریەکانی منداڵی دەبەستێت بۆ بترهێنانەوەی منداڵی و ئەو سەردەمە، مەرجان لەنێواندا چیرۆکی زیندانیانی سیاسی دەزانێت، دیارترینیان مامی کە دەبێتە سیمبولی بەرخۆدان و هیوا.

 

فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر کاریگەریی دوو کەسایەتی سەرەکی ژیانی مەرجان: مامی، کە لە ژێر دەستی شادا زیندانی کراوە و دواتر لە سەردەمی خومەینیدا لە سێدارە دراوە، بەرجەستەکردنی ئەو ڕاستییەیە کە ستەم سەرەڕای گۆڕانی ڕژێمەکان وەک خۆی ماوەتەوە، داپیرەی کە بەهاکانی ڕاستگۆیی و نیشتمانپەروەری لە نەوەکەیدا دەچێنێت و ڕەهەندێکی گەرم و مرۆیی بە فیلمەکە دەبەخشێت، ئەم دوو هێڵی چیرۆکە بڕبڕەی پشتی گەشەسەندنی کارەکتەری مەرجان پێکدەهێنن و قووڵایییەکی سۆزداریی دیاریکراو بە فیلمەکە دەبەخشن.

 

لەگەڵ توندتربوونی سەرکوت و سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و عێراق، خێزانی مەرجان بڕیاریاندا بۆ پاراستنی بنێرن بۆ نەمسا، بەڵام دەربەدەربوون لاپەڕەیەکی نوێی ململانێی کردەوە، بەو پێیەی ڕووبەڕووی هەڵاواردنی کولتووری بووەوە و بەرگەی ئەزموونی توندی گرت کە بووە هۆی تێکچوونی دەروونی و هەوڵی خۆکوژی، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە ئێران.

 

مەرجان گەڕایەوە بۆ وڵاتێکی گۆڕاوی توند و خۆی بینیەوە کە ڕووبەڕووی پۆلیسی ڕەوشت دەبێتەوە، کە لە نێوان ئارەزووی ئازادی و ڕاستی ئەو سنووردارکردنانەی بەسەر ژناندا سەپێندرابوو، لە کۆتاییدا بۆی دەرکەوت کە داهاتووی لە ئێراندا نییە، بۆیە بڕیاریدا کۆچ بکات بۆ فەرەنسا، لە ماڵئاوایییەکی گاریگەردا لەگەڵ داپیرەی، کە پێی دەڵێت: ڕاستگۆبە لەگەڵ خۆت.

 

سەرەڕای ڕووداوە تاریکەکان، فیلمەکە پێداگری لەسەر چاندنی تیشکێکی هیوا دەکات، دووپاتی دەکاتەوە، کە گۆڕانکاری دڵنیاییە و مرۆڤەکان توانای وەرگرتنەوەی ئازادی خۆیان هەیە، هەرچەندە ماوەیەکی زۆری پێبچێت، هەر لەبەر ئەمەشە کە فیلمەکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ژنان لە ئێران بە توندی سەری هەڵدایەوە و بوو بە سیمبولی بەرخۆدانی ژنان لە دژی ستەمکاری.