”باندی پەمەیی” لە هیندستان... ساری پەمەیی و داری قامیش دژی توندوتیژی
ە هیندستان باندی پەمەیی ئاماژەی بزووتنەوەیەکی مافخوازانەیە کە بەرەنگاریی توندوتیژی و هەڵاواردن دژی ژنان لە ڕێگەی خۆپاراستنەوە و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆوە، ساری پەمەیی و دارەی قامیشیان وەک ئامڕازی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن کاتێک یاساکان نەبن.
ناوەندی هەواڵ
لە ئاوتار پرادێش کە یەکێکە لە هەژارترین پارێزگاکانی هیندستان، بزووتنەوەیەکی ژنان بە سەرۆکایەتی سامبات بال دێڤی لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستیپێکرد، سەرەتا تەنها لە پێنج ژن پێکهاتبوو، سەرکەوتنەکانی سامبات بال دێڤی لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بە خێرایی لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەنگی دایەوە.
بزووتنەوەی "باندی پەمەیی" لە ئاوتار پرادێش لەلایەن چالاکوان سامبات بال دێڤیەوە دامەزراوە، کە تەنها لە پێنج ژنەوە دەستیپێکردووە، هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی گۆڕا بۆ بزووتنەوەیەکی بەرخۆدانی بەرفراوان و دەیان هەزار ئەندامی بۆ خۆیان ڕاکێشا، ئەمڕۆ بزووتنەوەکە شانازی بە سەدان هەزار ئەندامەوە دەکات، کە دایکان و داپیرە و ژنانی گەنجی تەمەن ١٨ بۆ ٦٠ ساڵن، ساری پەمەیی گەشاوەی نەریتی لەبەر دەکەن وەک یەکپۆشی خۆیان و ئاماژەیەک بۆ هاوپشتی ژنان، بە لەبەرچاوگرتنی بێلایەنی ڕەنگەکە و نەبوونی پەیوەندی بە هیچ گروپێکی سیاسی یان ئایینی وڵاتەوە.
لە کۆمەڵگەی هیندستاندا زاراوەی "ژنانی پەمەیی" ئاماژەیە بۆ بزووتنەوەیەکی مافخوازانە کە لە ئاستی جیهانیدا دەنگی داوەتەوە، ئەم باندە کە بە باندی پەمەیی ناسراوە، توندوتیژی دژ بە ژنان لە ڕێگەی شێوازی خۆپاراستنەوە لەو ناوچانەی کە بەدەست نەبوونی دادپەروەرییەوە دەناڵێنن، بەرەنگاری دەکەنەوە.
خەبات دژی سیستەمی کاستی و توندوتیژی
بارەگای سەرەکی بزووتنەوەی ژنانی پەمەیی دەکەوێتە شاری بادۆسا باندا لە پارێزگای ئاوتار پرادێش کە یەکێکە لە پارێزگا هەرە پڕ دانیشتوو و هەژارەکانی هیندستان، زیاتر لە ٢٠٪ی ١.٦ ملیۆن دانیشتووی شاری بەندا کە لە ٦٠٠ گونددا دەژین، کەوتوونەتە ژێر سیستەمی کاستی ڕەقەوە.
لەم ناوچەیەدا، کە هاوسەرگیریی منداڵان و ژنکوژی و دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی دژی ژنان بەربڵاوە، باندی پەمەیی هەنگاوی ڕاستەوخۆ بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان دەگرنەبەر، بزووتنەوەکە خۆی وەک هێزێک جێگیر کردووە کە بەرەنگاری سیستەمی کاستی نەریتی و پێکهاتەی پیاوسالاری باڵادەست دەبێتەوە.
ئەندامانی باندی پەمەیی دارێکی درێژی قامیشیان پێیە کە پێی دەوترێت لاتی، کاتێک پۆلیس و دادگاکان شکست دەهێنن، یان کاتێک ژنان پەراوێز دەخرێن، بە ئاشکرا پیاوە توندوتیژەکان و بەرپرسە گەندەڵەکانی حکومەت ئاشکرا دەکەن، لەکاتی پێویستدا بابەت دەخەنە دەستی خۆیان و دارەکانیان بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری.
ماڵی هەر ژنێک لەناو بزووتنەوەکەدا وەک ناوەند و خاڵی کۆبوونەوە کاردەکات، لەم ماڵانەدا ژنان باس لە کێشەکانیان دەکەن و هاودەنگی پتەوتر دەنێن و ڕاهێنانی بەرگریکردن لە خۆیان وەردەگرن، ئەم ژنە بوێرانە کە ئێستا ژمارەیان سەدان هەزارە، ئیلهامبەخش بوون بۆ ئەدەب و سینەما، بوونەتە یەکێک لە گرنگترین ئاماژەکانی بەرخۆدانی ژنان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە هیندستان.