ژیان حسێن: ساڵی نوێ دەبێتە ساڵی پێكهێنانی هیواکانی ژنان و تێکشکانی داگیرکاری

ژیان حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کاری ساڵێکی کۆمەڵەکەیانی هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا، "هەموو ساڵێک دەستکەوتی نوێ بەدەستدەهێنین بەتایبەتی لە گۆڕینی عەقڵییەتی پیاواندا، گرنگە ژنان لە سیاسەتدا ڕۆڵی گرنگیان هەبێت.

 

ڕۆژ هۆزان

قامیشلۆ- سەبارەت بە کاروخەباتی ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ساڵی ٢٠٢١دا ژیان حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پلان و هەڵمەتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی ڕاگەیاند.

 

سەرکەوتنی خەباتی ژنان وەڵامە بۆ داگیرکاران

ژیان حسێن هەڵسەنگاندنی کارەکانی ساڵی ٢٠٢١ی بە یەکەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکرد و وتی: لە مانگی حوزەیراندا یەکەمین کۆنگرەی ئەنجومەنمان بەست، لەو دۆخە هەستیارەدا کە هێشتا هەرێمەکەمان لەژێر هەڕەشەی داگیرکاریدایە و ژنان بەتایبەتی دەکرێنە ئامانج و دەمانویست کۆنگرەکەمان ببێتە وەڵامێک بۆ دوژمنانی ژنان، بۆیە چەند بڕیارێکی سەرەکی دران و کاری لەسەرکرا، لەوانە چەندین دیدارمان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان سازکرد، دیدارمان لەگەڵ ژنانی بیانی لەسەر بەرنامەی کاری پێشوەختە ڕێکخست، چەندین پانێڵ و سیمیناریش لەسەر ڕەوشی ژنان لە هەرێم و چارەسەریی بەڕێوەبرد.

 

ژیان باسی لەوەکرد کە یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانیان بەهێزکردنی ژنانە، چونکە لە ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١دا بوونە جێی ئامانجی دەوڵەتی تورکیا بەتایبەت ژنانی پێشەنگی شۆڕش، ڕێکخراو و ڕۆشنبیران، داواشیان لێکرا دەستی هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بگرن و ڕیزەکانیان لە دژی دوژمن بەهێز بکەین، " ئەنجومەنەکەمان بۆ ڕۆژی جیهانی ئاشتی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان لیژنەیەکیان پێکهێنا و بەیاننامەیەکی هاوبەشمان بڵاوکردەوە، بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی تێکۆشان دژی توندوتیژیدا، لە ٢٠ی تشرینی دووەمەوە تا ١٠ی کانوونی یەکەم زنجیرەیەک چالاکیمان ئەنجامدا، وەک ڕێپێوان، سەدان پانێڵ، سیمینار و گردبوونەوە و سەرنجڕاکێشترین شت ڕێپێوانی پیاوان لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا".

 

هەموو ساڵێک ژنان لە شۆڕشی ژناندا دەستکەوتی نوێ بەدەستدەهێنن

ژیان پێشکەوتنەکانی ژنانی لە ئەنجومەنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵسەنگاند و وتی: ئێمە هەموو ساڵێک دەستکەوتی نوێ بەدەستدەهێنین، بەتایبەتی لە ڕووی گۆڕینی عەقڵییەتی پیاوانەوە بە شێوەیەک کە لە ئاستی باڵادا بەشداربن لە بۆچوونی هەبوونی ژن لە پێشەنگایەتیکردنی کۆمەڵگەدا، هەمیشە کارەکانمان لەگەڵ دامەزراوە گشتییەکاندا کە هەردوو ڕەگەز تێیدا هاوسەرۆکن بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی ژنان، بەهێزدەکەین، گرنگ ئەوەیە کە ژنان لە سیاسەتدا پێشبکەون، چونکە تا ئێستا ژنان لە دەربڕیندا تووشی زەحمەتی دەبن و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە سیاسەت، ڕۆڵی ژنان لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا زۆر پێشکەوتووە، بەڵام لەناو پارتە سیاسییەکاندا هێشتا پیاوان ڕێگە نادەن ژنان ڕۆڵی پێشەنگی خۆیان ببینن.

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەن باسی لەو ڕێگایانە کرد کە بۆ پێشخستنی ژنان لە سیاسەتدا گرتوویانەتە بەر، "ویستمان ئەکادیمیایەکی سیاسی بۆ ژنان بکەینەوە تا ڕۆڵی خۆیان لە سیاسەتدا ببینن، بۆ ئەمە پێویستی بە کات و ئامادەکاری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ویستمان شاندەکانمان بنێرین بۆ دەرەوەی وڵات بۆ پەروەردەکردنی سیاسی تا سوود لە ئەزموونی ئەو وەربگرن، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەو پڕۆژەیەمان ئاستەنگی بۆ دروستبوو، بەڵام هەر جێبەجێی دەکەین، چونکە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمەیە کە ژنان لە گۆڕەپانی سیاسیدا بڕیاربدەن، کاتێک دەڵێین سوریا بەرەو دەستوورێکی نوێ دەڕوات پێویستە یەکسانی ژنان و ئیرادەی ژنان بگرێتەخۆ، ئێمە لە ڕاپۆرتێکیشدا بۆچوونی خۆمان بۆ داڕشتنەوەی دەستوور ئامادەکردووە و ناردوومانە بۆ کۆمیتەی دەستور تا ئالۆزییەکانی سوریا چارەسەر بکرێت و بۆ ئەمەش پێویستی بە هەوڵدانی جدی هەیە.

 

پلانی ئەنجومەنەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٢

ژیان حسێن، پلان و پڕۆژەی ساڵی ٢٠٢٢ی بەمشێوەیە ئاشکرا کرد، "یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانمان کارکردنە بۆ یاساکانی تایبەت بە ژنان، لە کاتی کۆنگرەدا، کۆمیتەی یاسایمان لەسەر ئاستی هەرێمی جەزیرە ئاواکرد و کارەکانیان بەڕێوەدەبەن، لە هەڕێمە ئازادکراوەکانی عەرەب وەک تەبقا، ڕەقا، منبج، دێرەزۆر یاساکان پەیڕەو ناکرێن، چونکە لەو هەرێمانەدا سیستمی عەشیرەتی بەڕێوەدەبرێت، ژنانی ئەو هەرێمانە داوامان لێدەکەن کە بە شێوەیەکی چالاک یاسای ژنان جێبەجێبکەین، ئاستەنگی دێتە بەردەممان چونکە گۆڕانکارییه لە ئەقڵییەتە و شۆڕشی پێویستە، هەروەها یاساکانمان، هاوسەرگیری پێشوەختە و نادادپەروەری بەسەر ژناندا ڕەتدەکاتەوە و مافی ژنان دەدات.

 

هەروەها پڕۆژەی دیکەی ئەنجومەنی خستەڕوو کە خولێکی پەروەردەی سیاسی دەکەنەوە و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان فراوانتر دەکەن، کۆنفرانسێکیش دەربارەی دۆخی ژنان لە دژی داگیرکاری دەبەستین کە سەرانسەری سوریا بگرێتەوە و میوانی بیانیش تێیدا بەشداربن.

 

هیوای ساڵی نوێ

ژیان هیوای خواست لە ساڵی نوێدا ئازادی ژنان بەدیبێت و وتی: " هیوادارین ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئازادی ژنان و بەدیهێنانی هیواکانیان، هەروەها ناوچەکانمان لە ژێر داگیرکاریی دەوڵەتی تورکدا ئازاد بکرێن و خەڵک بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان، ئەمساڵ دەبێتە ساڵی گەشەکردنی هێز و بوونی هەموو ژنان".

 

ت.پ