ژیان دێرک: هیچ داهێنانێک بەبێ ژن ڕوونادات
ژیان دێرک، ڕاوێژکاری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا دەڵێت: هیچ داهێنانێک بەبێ ژن ڕوونادات، پێویستە سیستمی هاوسەرۆکایەتی دابمەزرێت بۆ ئەوەی سووریایەکی دیموکراتیک و فیدراڵی دابمەزرێت و ژنانیش بە ناسنامە و دەنگ و ڕەنگی خۆیان بەشداربن.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- تەڤگەری ژنان یەکەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری لە ٧ی کانوون دووەم بە دروشمی "بە هاوپشتی ژنان سووریایەکی دیموکراتیک بونیاد دەنێین" بە هاوکاری لەگەڵ تەڤگەرەکانی ژنان لە ناوچەی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدرا، سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا، مەترسییەکانی سەر دەستکەوتەکانی ژنان کە بەهۆی کردەوەکانی گروپی جیهادی هەتەشە دروست بووە، خەباتی ژنان لە وەڵامی ئەمەدا چۆن دەبێت، ژیان دێرک، ڕاوێژکاری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، کە ئامادەی راوێژکارییەکە بوو، باسی ئەو پرسانەی کرد و لەڵایەن دەزگاکەمانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا.
ژیان دێرک ڕایگەیاند، ساتەکانی ڕووخانی ڕژێمی بەعس دوای بەرخۆدانی بەردەوامی ژنان هات کە بۆ ماوەی ١٤ ساڵ بەردەوام بوو، و وتیشی: بۆ ماوەی ٥٤ ساڵ خەونی سوورییەکان ڕوخاندنی سیستمی ڕژێمی بەعس بوو، هەمووان بەشی خۆیان لە ستەم و توندوتیژی ئەم سیستمە بەرکەوتووە، زیندانیکردن و دەربەدەری و مردن ئەو شتانە بوون کە ئەم سیستمە سەپاندبووی، دوای ١٤ ساڵ بەرخۆدان و تێکۆشان و ماندووبوون بە پیشەنگایەتی ژنان، ڕژێمی ستەمکار ڕووخا.
"ژنانی سووریا هێز و ئیرادەی خۆیان لە زەنوبیا وەرگرتووە"
ئاماژەی بەوەدا لە سووریا خەونی هەر ژنێک لە سووریایەکی نوێدا ئەوەبوو کە ڕۆڵی ژن لە مێژوودا بناسێندرێت و وتی: لە سووریا لەکاتی پڕۆسەی شۆڕشدا دەتوانین بڵێین لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا شۆڕشی ژنان هەبوو دەستیپێکرد، لەم شۆڕشەدا زۆرێک لە دەستکەوتەکانی ژنان لە ماوەی ١٤ ساڵی شۆڕشدا بە زەحمەت و ئازار و خۆڕاگری و کۆچ و قوربانیدان بەدی هات. دەتوانین بڵێین شۆڕشی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تەواوکردنی شۆڕشەکانی ژنان بوو لە سەرانسەری جیهاندا. زۆرێک لە خوداوەندە ژنەکان بە درێژایی مرۆڤایەتی جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژوو بەجێهێشتووە، لە سووریا شاژن زەنۆبیا و خەولە هەبوون، کە بەهۆی ماندووبوون و هێزی خۆیانەوە ناسرابوون و تا ئێستاش وەک ژنانی پێشەنگ لە سووریا سەیر دەکرێن، زەنوبیا پێشەنگ بوو و ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە کایەی سیاسی و سەربازیدا، کە بە بەرگریکردن لە خۆی و گەلەکەی ناسراوە، ئەمڕۆ خەونی هەموو ژنێکی سووری ئەوەیە کە پێش هەموو کەسێک جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژووی ژنان بەجێبهێڵێت.
"پیشکەوتنی ژنان بە درێژایی مێژوو بەردەوام بووە"
ژیان دێرک ڕایگەیاند کە سووریایەکی نوێ بە زانین و دانپێدانانی ئەو ژنە خوداوەندانەی کە جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژوو بەجێهێشتووە بونیاد دەنرێت و وتی: حکومەتی کاتی، پێش هەموو شتێک، لەسەر ئەو کەرەستانە بونیاد دەنێت کە پێویستن، بۆ داهاتووی خەڵک و پێکهێنانی نەوەی نوێ، دەیەوێت مێژووی ڕاستەقینەی ژنان لە مێشکی کۆمەڵگە و گەنجان و ژنان بسڕێتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٥ وەزیری دادی سووریا فەرمانی لەسێدارەدانی دوو ژنی دەرکرد و هەردوو ژنەکەش لەسێدارە دراون، دوای ئەوە، لە گۆڕانکارییەکانی پرۆگرامەکانی خوێندندا، ژنانی پێشەنگ و مێژوونووسانی ناودار لە مێژوو دوور دەخرێنەوە، بەتایبەتی ژنانی وەک زەنوبیا، کە لەسەر نەریتی ئەو کۆمەڵەیەی ژنانی زەنوبیا دامەزرا و ڕێکخرا.
"سووریا بە ڕۆحی خەباتی ژنان ئاوەدان دەکرێتەوە"
ژیان دێرک، وتی: ژنانی عەرەب، سریانی، چەرکەسی، کورد و ئەرمەنی پێشەنگی شۆڕشیان لە ناوچە ئازادکراوەکان لە ژێر چەتری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیادا گرتووە، وتی: ماوەیەک لەمەوبەر لە مەنبج سێ ژنی کورد و عەرەب کە ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا بوون کرانە ئامانج، ئەو ژنانەی ڕادەست نەبوون و سەریان بەرزکردەوە، شەهیدان قەمەر، ئایشە ئیمان و میزگین، کرانە ئامانج، بەڵام زانست و هێز و ئیرادەی زەنوبیا لە کەسایەتی ژنانی تێکۆشەردا زیندووە و بەو ڕۆحەش سووریایەکی نوێ بونیاد دەنرێت.
"بەبێ ژن، هیچ داهێنانێک بوونی نییە"
ژیان دێرک ئاماژەی بەوەدا کە پەیامێکیان هەیە بۆ حکومەتی کاتی وپەیامەکەی بەناوی هەموو ژنانەوە بەم شێوەیە دەربڕی: پێویستە بەباشی بزاندرێت کە هیچ داهێنانێک بەبێ ژن ڕوونادات، پێویستە زانیاری و ئامادەبوونی ژنان لە دەستوور و لە هەموو بوارەکانی سووریادا جێگیر بکرێت، دەبێت سیستمی هاوسەرۆکایەتی دابمەزرێت بۆ ئەوەی سووریایەکی دیموکراتیک و فیدراڵی دابمەزرێت و ژنانیش بە ناسنامە و دەنگ و ڕەنگی خۆیان بەشداری تێدا بکەن.