ژنانی سیاسەتمەدار هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە پێشێلکردنی بنەما نێودەوڵەتییەکان دەزانن

ژنانی چالاکوان و سیاسەتمەدار دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان و ئاماژە بەوە دەکەن پێویستە حکومەتی هەرێم و عێراق بێنەدەنگ و سنورێک بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دابنرێت تا ئۆپەراسیۆنەکان بۆسەر هاوڵاتیان بەردەوام نەبێت.

 

شنیار بایز

سلێمانی- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان لە ٢٣ی نیسانەوە بەردەوامە و نارەزایەتی هاوڵاتیان تا دێت زیاد دەبێت، ژنانیش ڕەخنە لە بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرن و پێیان وایە دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان خاوەن لە خاکەکەیان دەرناکەون بۆیە ئۆپراسیۆنە یەک لەدوا یەکەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە.

مەهاباد شێخ محەمەد، چالاکوانی بواری ژنان و ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکیتی نیشتمانی کوردستان، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئیدانە دەکات و دەڵێت: "لە دوو ساڵی ڕابردوودا تورکیا هێرشی یەک لەدوایەکی بەرامبەر بە خاکی کوردستان ئەنجام داوە، بۆیە پێویستە ئیدانەی ئەو هێرشانە بکرێت و چیتر ڕێگە بە دوژمنان نەدرێت بەردەوامی بە هێرشەکانیان بکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد، "باشوری کوردستان لەدوای بوونی بە هەرێمێکی سەربەخۆ پێویستە پارێزگاری لێبکرێت و ڕێگە نەدرێت دوژمنان ئەم هەرێمە و ناوچە کوردییەکانی دیکە داگیربکەن، بەڵام لە ئێستادا بێ گوێدانە کورد و گوندنشینان، تورکیا هێرش دەکاتە سەر گوندەکان و کوشتارێکی زۆری دروستکردووە".

 

"تەنها تاوانی کورد، کوردبوونیەتی"

مەهاباد بە پێویستی دەزانێت پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵوێستی جدیان هەبێت دەربارەی ئەو داگیرکاریانە و سنورێک دیاری برێت تا داگیرکار چیتر  نەیەنە ناو خاکی کوردستان، وتیشی: "دەبێت هەموومان هەوڵی پاراستنی کوردستان بدەین، چونکە تەنها تاوانێک کە کورد هەیەتی کوردبوونیەتی، بەرخۆدانیەتی بەرامبەر داگیرکاران کە دەیەوێت خاکی کوردستان داگیر بکات، ئەوەش تاوان نییە".

"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا پێچەوانەی یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکانە"

تەلار لەتیف، پارێزەر و ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سەبارەت بە لەشکرکێشیەکانی دەوڵەتی تورکیا، بۆ ئاژانسی ژنها دوا و وتی: ئەو هێرش و داگیرکارییانە پێچەوانەی هەموو یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە دەبێت پەرلەمان و هەموو ڕێکخراو و تەنانەت کونسوڵەکانی ناو هەرێمی کوردستانیش کار لەسەر ئەو هێرشانە بکەن و ڕێگری لێبکەن، چونکە تەنها زیانگەیاندن نییە بە مادی و جەستەی ئینسانەکان، بەڵکو خاکی کوردستان داگیردەکرێت لەلایەن دوژمنانەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پارێزەرە وتیشێ: عێراق دەبێت ڕۆڵی جدی ببینێت بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی داگیرکاران بۆ ناو خاکی کوردستان، چونکە ئەو هێرشانەی تورکیا ئەنجامی دەدات دوورە لە هەموو پرەنسیپەکانی ڕێککەوتنی نێوان دوو دەوڵەت.

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەنەکە پێی وایە ئەو هەنگاوانەی تورکیا دەینێت دووبارە بوونەوەی پەیماننامەی لۆزانە، بۆ ئەمەش دەبێت حکومەتی عێراق بە جدی هەنگاو بنێت چونکە دیاریکردنی سنووری نێوان ئەم دوو دەوڵەتە لە دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق و تورکیا دایە.

لەکۆتایدا تەلار لەتیف ئاماژەی بەوەدا: هەڵوێستی پەرلەمانی کوردستان و عێراقیش دەبێت جدیتر بێت، تەنها لە چوارچێوەی بەیاننامەدا نەبێت، بەڵکو بەدواداچوون بکرێت لەلایەن وەزیر و لیژنەکانەوە، تاوتوێی دۆسیەیەکی لەم جۆرە بکرێت و چارەسەری بنەبڕی بۆ دابنرێت.

 

ت.پ