"خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان، کلیلی چارەسەری گەلی کوردە" - ١

هاوژین شەهید فەخرەدین، چاودێری سیاسی باس لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و گرنگی یەکدەنگی گەلی کورد بۆ پشتیوانی لە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت: "خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان، کلیلی چارەسەری گەلی کوردە".

نەرمین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە درێژەی شەڕ و هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر شاری حەلەب لە ٢٧ تشرینی دووەم و ڕووخانی ڕژێمی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەسەد، هەزاران کورد بۆ جاری دووەم ڕووبەڕووی کۆچبەری بوونەوە و هاوشانی ئەوان دانیشتووانی شاری حەلەبیش ڕوویان لە ناوچە سەلامەتەکانی ژێر چەتری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، ئەمە لە کاتێکدایە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بەردەوامن لە کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان. لە بارودۆخی ئیستادا پرسیار ئەوەیە کە چارەنووسی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان چۆن دەبێت و بەرپرسیارێتی و ئەرکی لایەنەکانی دیکە چییە؟

 

سەبارەت بەم بابەتە لە بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، هاوژین شەهید فەخرەدین، چاودێری سیاسی، باسی لە داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان و بارودۆخی ئیستای گەلی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

 

هاوژین شەهید فەخرەدین، ئاماژەی بە تیکۆشانی سەدان ساڵەی نەتەوەی کورد و خەبات و بەرخۆدانییە بەرفراوانەکەی بۆ گەیشتن بە ئازادی وەک پێویستییەک بۆ هەموو مرۆڤایەتی کرد و وتی: نەتەوەی کورد، نەتەوەیەکە بە درێژایی مێژوو بە دەستی دەوڵەتانی ناوچەکە و دەرەوە کراوەتە ئامانج و چوار پارچە کراوە، بەڵام کوردان بەردەوام لە هەوڵی بە دەستخستنی سەربەخۆیی خۆیان بوون، کە بتوانن ژیانێکی شایستە بژین.

 

"پێویستە هەموو گەلانی ناوچەکە و کورد یەکگرتوو بن"

هاوژین شەهید فەخرەدین تیشک دەخاتە سەر هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: لە ئێستادا دۆخێکی هەنووکەیی هاتووەتە ئاراوە و کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە قەیرانێکی مرۆیی، سیاسی و سەربازیدان، هەر بۆیە پێویستە هەموو گەلانی ناوچەکە و کورد بتوانن لەم ساتەدا یەکگرتوو بن کە بتوانن ئەم قەیرانە تێبپەڕێنن. گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و بە تایبەت ژنان لە سەر ڕێگای کۆچبەرییدا ڕووبەڕووی زوڵم، کوشتن و دەستدرێژی دەبنەوە، هەر بۆیە پێویستە گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و هەمەوو گەلی جیهان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن، کە بتوانین پشتگیری لە نەتەوەکەمان بکەین.

 

''گەلی ڕۆژئاوای کوردستان پێشەنگایەتی شۆڕشێکیان کردووە کە لە جیهاندا بێ وێنەیە"

هاوژین شەهید فەخرەدین باس لە سیستەمی خۆبەڕێوەربەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکات کە لە ئەنجامی بەرخۆدان و تێکۆشانی گەل بەدیهاتووە و دەڵێت: گەلی ئێمە لەو ناوچەیانەدا پێشەنگایەتی ئازادی، بەرخۆدانی و شۆڕشێکیان کردووە کە لە مێژووی جیهاندا بێ وێنە بووە و بەرەنگاربوونەوەی هێزێک وەک داعشیان کردووە. دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا بەردەوام لە هەوڵی گۆڕانی دیموگرافیای ناوچەکە و جینۆسایدکردنی گەلەکەماندا بووە.

 

"خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان، کلیلی چارەسەری گەلی کوردە"

هەروەها سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان باس لە ڕۆڵی سیاسەتمەداران دەکات و دەڵێت: بۆ گۆڕانکاری ئەم دۆخە پێویستە دەستی یەک بگرین، چونکە دەوڵەتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، ئیسرائیل وبەریتانیا و هتد، دەیانەوێت دیموگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕن، بۆیە گەلی کورد دەبێت بزانێت هیچ وڵاتێکی زلهێز تا کۆتایی دۆستی نییە. دەبێت ژیرانە لەگەڵ ئەم دۆخە مامەڵە بکەین، پێویستە پەیوەندی پارتە سیاسییەکان بە شێوازێک بەڕێوە ببردرێت کە گەلی کورد تێیدا سەرکەوتوو بێت و سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە کلیلی چارەسەری گەلی کوردە، بە کەمترین زیان قەیرانەکان تێپەڕ بکات.

 

بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی کورد

ئەم چاودێرە سیاسییە نیگەرانی خۆی بۆ گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و بە تایبەت ژنان، کە لەم وەرزە ساردەدا دووبارە کۆچبەر بوونەتەوە دەربڕی و وتی: لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگابوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەوەی لە ئێستادا لە ڕۆژئاوادا دەبینڕیت، نەک تەنها توندوتیژییە لە بەرامبەر ژنان، بەڵکو توندوتیژییە بەرامبەر هەموو مرۆڤایەتی. دەبینین کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا چۆن شەو و ڕۆژ ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکات، لە ڕێگای چەتەکانیەوە سوکایەتی بە مرۆڤەکان و ژنان و منداڵانی ناوچەکە دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەوەی کە بە نەتەوەی کورد دەکرێت بێدەنگە. دیاریش نییە کە ئەم جەنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا تا چ ئاستێک لە سنوورەکانی عێراق، تورکیا و ئێران دوور دەبێت.

 

هاوژین شەهید فەخرەدین باس لە چارەنووسی گەلی کورد لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سووریا دەکات و دەڵێت: پێویستە گەلی ئێمە هۆشیار بێت لەو سیاسەتەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەڕێوە دەچێت، لە دواییدا دژی گەلی کورد پێچەوانە نەبێتەوە. دەبینین کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تەنها بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە نەوەستاوە و ڕۆژانە باشووری کوردستان بۆردوومان دەکات، هاوڵاتییان تووشی قەیرانی ئابووری دەکاتەوە و ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە، کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان گەمارۆ دراوە، هەر بۆیە پێویستە ڕۆژئاوای کوردستان لە ئاستی نێونەتەوییدا، وەک ناوچەیەک خۆبەڕێوەربەر کە خۆسەری خۆی هەیە بناسێنرێت، کە هەموو گەلانی بندەست و نەتەوە جیاوازەکان بتوانن لە سیستەمێکی کونفدراڵیدا، ئازاد ژیان بکەن. پێویستە گەلی کورد لەم نەخشە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگای خۆی بدۆزێتەوە.

 

هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا باس لە پشکداربوونی پارتە سیاسییەکان سەبارەت بە ئەم هێرشە کۆتاییانە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت: من هیوام وا بوو کە پارتە سیاسییەکان هەواڵی جینوسایدی گەلەکەمان بە درۆ بخەنەوە، لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نابینیت کە پارتێکی سیاسی هەڵگری دروشمی نەتەوایەتی بێت، بەڵام هاوکار بێت بۆ جینۆسایدی نەتەوە و هاونیشتمانییەکانی.

 

هەروەها وتیشی: لە ڕۆژی ئەمڕۆدا ئەو پلانانەی کە بەسەر نەتەوەکەماندا دەسەپێنرێت لە ڕۆژئاوادا، لە ئەنجامی سیاسەتی پەرتەوازبوونی گەلی کوردە. قسەی من بۆ پارتە سیاسییەکان ئەوەیە کە ئەرکی نیشتیمانی، نەتەوایەتی و ئەخلاقییان لە سەر شانە و پێویستە ئەرکەکانیان بەجێبهێنن.