ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران؛ ٢٠ ڕۆژ لە پچڕانی ئینتەرنێت و نۆژەنکردنەوەی سنووردار
دوای زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ بێدەنگی و پەکخستنی بەربڵاوی کەناڵە جیاوازەکانی پەیوەندیکردن، ئینتەرنێت گەڕاوەتەوە، هەرچەندە بە شێوەیەکی سنووردار و پچڕپچڕە، ئەم شێوازی پەیوەندیکردنە تا ئێستاش بە نادڵنیایی و نیگەرانکەر ماوەتەوە.
سیا محبی
ورمێ- لە لوتکەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و دوابەدوای پچڕانی ئینتەرنێت، وڵات بێدەنگ بوو، ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ دوای ئەم پچڕانە و نائارامییە بەربڵاوە، پەیوەندییەکان گەڕێندراونەتەوە، هەرچەندە بە شێوەیەکی سنووردار و پچڕپچڕە،ئەم دۆخەش ڕەنگدانەوەی گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی دۆخێکی نائاساییە.
بەپێی ئەو داتا و ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک "نێت بلاکس" و "كلادفلير" بڵاوکراونەتەوە، ئەوەی ئێستا لەبەردەستی بەکارهێنەراندایە هیچی تر نییە جگە لە تۆڕێک کە بە سنووردارکردنی توند دەورە دراوە، لەگەڵ چەندین چین لە فلتەرکردن و پچڕان کە دەتوانێت ڕۆژانە یان تەنانەت کاتژمێرێک بگۆڕێت.
ئەم ڕاپۆرتە پێداچوونەوە بە ڕووداوەکانی پەیوەست بە ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان دەکات لە یەکەم ڕۆژ تا ساتەوەختی ئێستا، لەگەڵ مانەوەی داهاتوو بە نادڵنیایی و پێناسە نەکراو.
''سەرەتای ئەشکەنجەدانی سپی"
لەگەڵ پچڕانی ئینتەرنێت لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەوی ٨ی کانوونی دووەم، خزمەتگوزاری هێڵی زەمینی و مۆبایل بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ پچڕا، تەنانەت تا ١٧ی کانوونی دووەم ناردنی نامەی کورت قورس بوو، خەڵکی ناوەوە و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەم پچڕانە یان وەک "بیرێکی قووڵ و تاریک" پێناسە کردووە، لە کاتێکدا ڕەخنەگران بە نموونەی "ئەشکەنجەدانی سپی" بە کاریگەرییە دەروونییە بەربڵاوەکانی لەسەر کۆمەڵگە دەزانن.
سانیا. خ، دانیشتووی شاری مهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باسی ڕۆژانی سەرەتای پچڕانی ئینتەرنێت دەکات و وتی: وەک ئەوە وابوو لە بیرێکی تاریکدا گیریمان خواردبێت، لە دەوروبەری کاتژمێر ٦ یان ٧ی ئێوارە تەلەفۆنەکان لە کار دەکەوتن، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ هیچ هەواڵی کەسوکارمان لە شارەکانی دیکە نەدەزانی تەنها دەمانتوانی لە ڕێگەی کەناڵە سەتەلایتەکانەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکان بکەین، بەڵام دەنگمان نەدەگەیشتە کەس.
بەپێی میدیا ناوخۆییەکان، ئینتەرنێت تا ١٠ی کانوونی دووەم بە تەواوی لەکارکەوتووە، دوای ئەوە بەرنامە ناوخۆییەکان تووشی پچڕانی بەردەوام بوون.
''کۆکردنەوەی سەحنی مانگی دەستکرد و پچڕانی ستارلینک''
لە ١٠ی کانوونی دووەم، هەڵمەتەکان لە تاران دەستیان پێکرد بۆ کۆکردنەوەی سەحنی مانگی دەستکرد و وەرگرەکانی ستارلینک، پاشان بڵاوبوونەوە بۆ شارەکانی دیکە.
ئاوان. ح، دانیشتووی شاری سنە وتی: ئەوان لە دەرگای شوقەی دراوسێکانیاندا و بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە بەرەو سەربان چوونە سەرەوە، هەموو سەحنەکانی مانگی دەستکردیان برد، دانیشتووانی خانووە دابڕاوەکان دەرگاکانیان قفڵ کرد و پەردەیان دادایەوە و گڵۆپەکانیان کوژاندەوە، لە ترسی ئەوەی لە دەرگای ماڵەکە بدەن یان پێیانوابێ خانووەکە چۆڵ بێت.
بەشێک لە دانیشتووان بە تایبەت لە شوقەکاندا، سەحنەکانی مانگی دەستکردەکانیان لە سەربانەکانەوە گواستەوە بۆ باڵکۆنەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری دەستنیشانکردن، لە شارەکانی وەک سەردەشت، هێزەکانی ئاسایشی بۆ چوونە سەربان و باڵکۆنی بەشێک لە ماڵەکان سودیان لە کرێن وەرگرت، لە مهاباد، بانە، سەققز و ناوچەکانی دیکەش، هەواڵی چوونە ژوورەوەی زۆرەملێ و شکاندنی پەنجەرەی شوقەکان بۆ گەیشتن بە سەربانەکان هەبوو.
یەکێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران بە هاوکاری چین توانی خزمەتگوزاری ستارلینک پەکبخات.
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە ڕۆژانی سەرەتاوە پچڕانی پشتڕاستکردەوە و وتی: هەندێک کەس بە یارمەتی کەناڵی مانگە دەستکردەکان ئامێرەکانیان دووبارە دەستپێکردەوە، بەڵام تەنها کاتێک بەکاریدەهێنن کە زۆر پێویست بێت و بە وریایییەکی زۆرەوە بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی دەستنیشان نەکرێن.
"ئێمە لە ژیانداین"
ڕژێم لە ١٤ی کانوونی دووەم ڕێگەی بە بانگەوازی یەکلایەنە بۆ جیهانی دەرەوە دا، ئەو پەیوەندییانەی کە زۆربەیان تەنها دوو یان چوار خولەک دەخایەنن و گران بوون، نەسرین. م وتی: بە درێژایی پەیوەندییەکە گوێم لە دەنگە دەنگ بوو و تەنها شتێک کە دەمتوانی بە براکەم بڵێم ئەوە بوو: ئێمە لە ژیانداین.
دوای نزیکەی بیست ڕۆژ لە قەدەغەکردنی پەیوەندییەکان لە دەرەوەی وڵات بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە ٢٦ی کانوونی دووەمەوە، دەتوانرا پەیوەندی تەنها بە هێڵی زەمینی بکرێت، لە ژێر سانسۆرێکی تونددا.
’’هێڵی سنووری بۆ جیهان’’
نەبوونی هەواڵ لە لایەن ئازیزان و ترس لە زیانی زیاتری بازرگانی و بەرنامە، بەشێک لە خەڵکی بەرەو ناوچە سنوورییەکان بردووە، سەرەتا ڕۆمینینگ بە سیمکارتە ناوخۆییەکان قەرەباڵغی بۆ سنوورەکان ڕاکێشا، بەڵام بەهۆی تێکچوونی، بازاڕی سیمکارتی بیانی و گەشتە کورتەکان بۆ سنوورەکان گەشەی کردووە.
کەژاڵ. ک، لە مەریوانەوە وتی: لە دەروازەی سنووری باشماخ لەڕادەبەدەر قەرەباڵغ بوو بۆ ئەوەی خەڵک بپەڕنەوە و سیمکارتی قاچاخ بکڕن، سیمکارتێکی عێراقی کە ٢ گێگابایت ئینتەرنێتی تێدابوو بە ٢٠ ملیۆن تمەن دەفرۆشرا، خزمەتگوزاری ''ئای سیم'' لە سنوورەکە بە باشی کاردەکات، هاوڕێکەم دوو ڕۆژ جارێک دەچووە بانە یان سەردەشت بۆ ئەوەی پەیوەندی بە براکەیەوە بکات لە دەرەوەی وڵات، بەڵام زۆری نەخایاند سنوورەکە بووەوە، کە پڕ بووە لە کارمەندانی ئاسایش کە بەدوای فرۆشیارانی سیمکارت و ڤی پی ئێندا دەگەڕێن.
پەریسا. ش، کە چاوەڕێی ئیمەیڵێکی گرنگ بوو لە زانکۆیەکی بیانییەوە، ناچار بوو سنوور ببڕێت، وتی: شۆفێرەکە لە ورمێوە تا دەروازەی سنووری ڕازی ٤ ملیۆن تمەنی وەرگرتووە، دوای ئەوەی پارەی دەرچوون و چوونە ژوورەوەی بۆ تورکیا داوە، لە وێستگەی شەمەندەفەری وان ئیمەیڵەکەم پشکنینی بۆکراوە و دوای سەعاتێک گەڕامەوە ئێران.
''سنووردارکردن: لە ئامرازێکی پەیوەندی باشەوە بۆ ئامرازێکی سیخوڕی''
ئینتەرنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بە تەواوی وابەستەی سنووردارکردن بووە، هەندێک بەرنامەی دابینکەرانی داتا لە بازاڕدا بەردەست کراون، کە تا ١٥ ملیۆن تمەن یان زیاتر دەفرۆشرێن، بەڵام پەیوەندییەکە جێی متمانە نەبووە.
بازاڕەکە چالاکە، بەڵام فرۆشیارەکان مسۆگەری پەیوەندییەکی جێگیر ناکەن، هەروەها خەڵک لە ڕێگەی ئەم ئامڕازانەوە متمانەیان بە ئاسایشی پەیوەندییەکانیان نییە و بەردەوام بەدوای جێگرەەوەیەکی باشتردا دەگەڕێن.
ڕژێم پەرە بە ئەپڵیکەیشنەکانی ناوخۆیی ئازاد و ناپارێزراوی وەک "بلە"، "ئایکیب" و "ئیتا" دەدات لە هەوڵێکدا بۆ دەستگەیشتن بە داتای چالاکی بەکارهێنەران، لە ناوخۆی وڵاتدا بەکارهێنەران ناتوانن کۆدی دەستگەیشتن بۆ ئەپڵێکەیشنەکانی نێودەوڵەتی وەک تێلێگرام و واتسئەپ بەدەستبهێنن.
''بەڵێنی درۆ و ئینتەرنێتی سنووردار''
لە ماوەی دوو هەفتەدا ئینتەرنێت سنووردار بوو بۆ کەمتر لە ٢٪ی دانیشتووان، گەڕاندنەوەی پەیوەندی ئینتەرنێتی جیهانی لە ناوەڕاستی هەفتەی دووەمەوە تا کۆتایی دواکەوت و لە هەفتەی سێیەمیشدا زانیارییە هەڵەکان دەستیان بە بڵاوبوونەوە کرد، هەروەها بەرزبوونەوەی نائاسایی هاتوچۆ ئاماژەی بە فراوانبوونی لیستی سپی دەکرد؛ واتە ڕژێم تەنها بۆ دۆمەینە هەڵبژێردراو و ڕێگەپێدراوەکان دەستی پێ کردەوە، لە کاتێکدا ئینتەرنێتی ئازاد بە سنووردار مابووەوە.
کازیە. س، سەختی پەیوەندیکردن لە ماوەی هەفتەی سێیەمدا باس دەکات، وتی: بۆ هەر چەند خولەکێکی پەیوەندیکردن، ئێمە فلتەرێکی جیاواز و ئۆپەراتۆرێکی جیاوازمان تاقیدەکردەوە، نەدەکرا پەیوەندی دەنگی یان ڤیدیۆیی بکەین یان فایل بنێرین، چونکە سەخت بوو.
لە سەرەتای هەفتەی چوارەمی پچڕان، خەڵک هێشتا دەستڕاگەیشتنێکی جێگیریان بۆ ئینتەرنێتی جیهانی نەبوو، شارەزایان دووپاتی دەکەنەوە. کە بەم زووانە ئینتەرنێت ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران کار لەسەر دروستکردن یان ڕێکخستنی سیستەمێکی نوێ دەکەن بۆ ڕێگریکردن و کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆ بەپێی پێویست.