ڕیحان لۆقۆ: چەتەکانی داعش ڕوی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورکن
ڕیحان لۆقۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوا هێرشەکانی داعشی لە حەسەکە بەم شێوەیە هەڵسەنگاند: "دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە ڕێگەی چەتەکانی داعشەوە پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتی خۆبەڕێوەبەری و ئاسایشی هەرێمەکە ببەزێنێت".
ئاڤێستا حەسەن
قامیشلۆ- ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەم چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر زیندانی غوێران کە پێنج هەزار چەتەی داعشی تێدایە کە لە ئۆپەراسیۆنی هەسەدەدا بۆ ڕزگارکردنی باغۆز لە شاری دێرەزۆرر دەستگیرکرابوون، لەو هێرشەدا چەتەکانی داعش بە هاوکاری دەوڵەتی تورک هەوڵیان دا کە چەتەکان لە زیندان دەربکەن و خەلافەتی بزووتنەوەی ئیسلامی خۆیان ڕابگەیەنن، بەڵام وەڵامی توندی ئەو هێرشە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکانی ژنانەوە درایەوە و تائەم ساتەش بەردەوامە، ڕیحان لۆقۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوا دەربارەی ئەم بابەتە قسەی کرد.
"داعش و دەوڵەتی تورک یەکن"
ڕیحان لۆقۆ ڕایگەیاند، کە شەڕێکی بێسنوور لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بەڕێوەدەچێت و وتی: "کە چەتەکانی داعش ڕووی دەوڵەتی تورکیان، ئێمە بەرخۆدانی هێزەکانی خۆمان وەک هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایشی ژنان دەبینین کە بە شەو و ڕۆژو لە سەرمادا ئێمە دەپارێزن، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا شەڕێکی دیپلۆماسی و سیاسی و سەربازی و ئابووری لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرپا بووە چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٣دا لە سوریا و عێراق خۆیان چالاککرد و هێرشێکی توندیان بۆ سەر شاری سەرێکانی ئەنجامدا هاوکات لە ساڵی ٢٠١٤دا هێرشیان کردە سەر شاری کۆبانێ، لە شەڕی چەتەکانی داعشدا دەرکەوت کە دەوڵەتی تورک فێریان دەکات دەتوانین بڵێین کە چەتەکانی داعش ڕوی راستەقینەی دەوڵەتی تورکیان".
"دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەری ببەزێنن"
ڕیحان لۆقۆ لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی: "ئامانج لە هێرشەکان تێکشکاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە و بە هێرشەکەی چەتەکانی داعش دەرکەوت کە ئامانجی سەرەکییان لەناوبردنی ناسنامەی خەڵک بووە، هەروەها دەیانەوێت ئارامی و ئاسایش لە ناو هەرێمەکاندا تێک بدەن بۆ ئەوەی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە نائارامی بژین، ئێمە هەموو ساڵێک دەبینین کە دەوڵەتی تورک بە هاوکاری چەتەکانی داعش بە شێوازی جیاواز هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانمان و بەرپرس و پێشەنگانی کۆمەڵگەکەمان، ئەمساڵ دەوڵەتی تورک ویستی ئەو چەتانەی کە لە زینداندا بوون بە پیلانگێڕی ڕزگاریان بکات، لە زیندانی غوێران پێنج هەزار چەتە هەن و ئەم پیلانگێڕی و پلانەش لەلایەن دەوڵەتی تورک و سیخوڕی ڕژێمی بەعسەوە ئامادەکراوە بەو پیلانگێڕییە دەیانەوێت ئیرادەی گەل و پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتی خۆبەڕێوەبەری ببەزێنن بەڵام ئامانجیان ناگاتە لوتکە، چونکە هێزەکانمان لە دژی چەتەکانی داعش بەرخۆدانی گەورە دەکەن".
"ئێمە دەستکەوتەکانمان دەپارێزین"
ڕیحان لۆقۆ لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، کە ئەوان لە دژی هەموو هێرشەکان دەسکەوتەکانیان دەپارێزن و وتی: "پڕۆژەکەمان لەسەر بنەمای یەکسانی و ئازادی و دیموکراسییە گەلی ئێمە دەیان ساڵە مەشقیان پێکراوە و خەڵکی ئازاد هەرگیز ڕێگە نادەن ئەو جۆرە کەسانە سەقامگیریی شارەکانمان لەناو ببەن گەلەکەمان بەردەوام تێدەکۆشن و پیلانگێڕانی دوژمن هەرگیز سەرناکەوێت، داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین کە ڕێکخراو و یەکڕیزی و یەکپارچەیی وڵاتەکەیان بپارێزن ئێمەش دەستکەوتی خۆمانمان دەبێت و ڕێگە بە دوژمن نادەین کە گونجاندنێک لە نێوانماندا دروست بکات هەتا کۆتایی بەرگری دەکەین و دەسکەوتەکانمان دەپارێزین".