لە غەززە ژنان لە ڕیزبەندی ئەو گروپانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە

ژنان لە ڕیزبەندی ئەو گروپانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە کۆمەڵگەدا لە کاتی شەڕدا، بەڵام دوورخستنەوەیان لە دانوستانەکاندا ئەم زیانە گەورەتر دەکات، لە غەززە، ژنان قورسترین باجیان داوە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بەردەوامە.

ڕەفیف ئیسلیم

 

غەززە- ئەو توندوتیژییە سیاسیانەی کە لە کەرتی غەززە بە درێژایی هێرشەکە بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدراون، بەشدارییان کردووە لە دووبارە داڕشتنەوەی کۆمەڵگە، بەپێی ئەو هەلومەرجەی کە کۆمەڵگەی وێران کردووە و ئەو ڕاستیە نوێیانەی کە لەم قۆناغانەدا سەریان هەڵداوە، وەک ئاوارەبوون و برسێتی و دانوستانەکان کە تێیدا ژنان بە تەواوی دوور خراونەتەوە، هەروەها کۆمەڵگەیەکی نوێ سەریهەڵداوە، کۆمەڵگەیەک کە ژنان پێی نامۆن.

 

بەدرێژایی شەڕەکە، پیاوان قۆرخکاری دانوستان و کۆنگرەکانیان دەکرد، یەک ژنیشیان لەم کامپانەدا نەبوو، سەرەڕای ئەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لانیکەم لە ٣٠٪ نوێنەرایەتی ژنانی دیاریکردبوو، ئەمەش جەخت لەسەر سستی هەموو دەرئەنجامێک دەکاتەوە دوای وەدەرنانی نیوەی کۆمەڵگە.

 

خیتام عەودە، توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونناس و چالاکوانی مافی ژنان جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان زۆرترین توێژی کۆمەڵگەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و قورسترین باجیان داوە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییە، هێرشەکە لە دۆخێکی ناخۆش و بەرگە نەگیراودا کەوتنە بەردەم چەندین پێشێلکاری لە بابەتە تەندروستی و لەدایکبوون و دامەزراندن و هەروەها لە سادەترین وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا، کە لەم ماوەیەدا هەموو جۆرە ئاسوودەییەکانیان لەدەستدا.

 

دووپاتی دەکاتەوە، کە ژیانی پێش ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ وەک دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ نییە، بەتایبەتی سەبارەت بە ژیانی سیاسی، وتی: ئەمڕۆ هەمان جۆش و خرۆش لەنێو ژناندا بۆ بەشداریکردن نادۆزیتەوە، ژیانی ڕۆژانە بووەتە یەکەمایەتی، واتە دەستەبەرکردنی ئاو و خۆراک، یەک لایەنی سیاسی سەریهەڵنەدا کە بەرپرسیارێتی بەرگری لە هاوڵاتیانی مەدەنی یان جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی نیشان بدات.

 

پێی وایە ژیانی سیاسی فەڵەستین، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە دەرەوەی کەرتی غەززەدا دەکرێتەوە، بە هەموو لایەنەکانییەوە- دانوستان، کۆنگرە و دەرکەوتەکانی دیکەی لەو شێوازە- تەنانەت لە یەک ژنیش بێبەشە، هیچ ژنێک بەشداری ناکات لە داڕشتنی داهاتووی غەززە، نە لە کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوە، ژنان لە سیاسەتدا تەنها بۆ کۆکردنەوە بەکاردەهێنرێن نەک بۆ بەشداریکردن لە بڕیاردانی چارەنووسساز یان بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانیان.

 

"دووبارە داڕشتنی پێکهاتەی کۆمەڵگە"

خیتام عەودە، هەموو ئەو بارودۆخانەی پێشتر باسمان کرد، کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگە هەبووە، کەمترین ئاوارەبوون کە ژنان ئاوارە بوون لە کەرتی غەززە پێنج جار بووە، واتە هەر جارێک دەست دەکات بە ئاوەدانکردنەوەی ژیانی خۆی، تووشی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبێت- نەک تەنها سیاسی، ئابووری، جەستەیی و دەروونی- بەڵکو هەموو جارێک، ژنێک لە خۆی دەپرسێت، ئایا من لەگەڵ خێزانەکەمدا ئاوارە دەبم، یان لێیان جیا دەبمەوە؟ گرنگترین شت ئەوەیە شوێنێک بدۆزیتەوە کە جێگەی بگرێتەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی لەگەڵ کێدایە.

 

ڕوونیشیکردەوە، کاتێک لەگەڵ ژنانی ناو کامپەکاندا دەژیا، تووشی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیستەمی کولتووری جیاواز بووە، لە هەموو ناوچە و شارۆچکەکانی کەرتی غەززەوە وەرگیراون، لە دووری باکوورەوە تا دووری باشوور، لە ئەنجامدا پەیوەندی کۆمەڵایەتی نوێ و جیاواز سەریهەڵدا، ژنان بەشداری ژیانی ڕۆژانەیان کرد و کۆبوونەوەی نوێ کە لە نانەواخانەکان و خاڵەکانی کۆکردنەوەی ئاو دەستیان کرد بە دەرکەوتن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێش ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای بنەماڵەی خۆی و خێزانی فراوان هەبووە، بەڵام لە کاتی هێرشەکەدا تەنها خێزانی خۆی زاڵ بوون، چونکە شێوازی چادرەکە ڕێگە نادات زیاتر لە خێزانێک لەناو یەک چادردا نیشتەجێ بن، تەنانەت ڕەنگە تاکە خێزانێک لە چەندین چادردا بژین لە هەوڵێکدا بۆ وەرگرتنەوەی بەشێک لە تایبەتمەندییە لەدەستچووەکان، جگە لەوەش سەردانە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی وەستان بەهۆی زۆری تێچووی گواستنەوە و مەودای نێوان کامپەکانی ئاوارەبوون.

 

هەرچەندە هەندێک خێزان لە کاتی هێرشەکەدا هاودەنگییان نیشان دا، پشتیوانی و هاوکارییان بە شێوەی جیاواز پێشکەش کرد، بەڵام هەندێکی دیکە بە وتەی خیتام عەودە، بە زۆر جیاکرانەوە، بە تایبەت کاتێک نیوەی خێزانەکە لە غەززە مانەوە و نیوەکەی دیکە بە زۆر ئاوارە بوون، ئەمەش پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی نوێی بەسەر کۆمەڵگەی غەززەدا سەپاند، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ژنان هەبوو، کە ئێستا پێویستیان بە چارەسەرکردنی ئەم دۆخە هەیە.

 

"ژنانی فەڵەستینی توانای گۆڕینی کۆمەڵگەیان هەیە"

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە چاکسازی لە دۆخی ئێستادا، دەتوانن گۆڕانکاری لە ناو خێزانەکەدا و لە ڕێگەی کارەوە و بە ڕێگەی ترەوە دروست بکەن، وتی: ئەگەر ژنانی فەڵەستینی دەسەڵاتیان پێبدرێت، ئەوا کۆمەڵگە دەگۆڕن لەڕێگەی گروپی پشتیوانی بۆ ژنانی پەراوێزخراو لە سەرانسەری هەموو چینەکاندا، هەروەها پەیوەندییان لەگەڵ چیرۆکی سەرکەوتنەکان و پێشخستنیان دەکرد، لە هەمان کاتدا بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن هاودەنگی کۆمەڵایەتی بگەڕێننەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە لە کەرتی غەززە دەبێت پلانی فریاگوزاری بگەڕێندرێتەوە بە دابینکردنی کیتی پەناگە و فریاگوزاری سەرەتایی دەروونی، لەگەڵ دروستکردنی شوێنێکی پارێزراو لەناو کامپەکەدا کە تایبەتە بە ژنان، جەختی لە گرنگی پێشکەشکردنی پشتیوانی دەروونی کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی ژمارەی بریندار و کەمئەندامان، زۆر گرنگە زیاتر گرنگی بە پەروەردە بدرێت، چونکە کلیلی پێشکەوتنە لە زۆر بواردا، بەتایبەتی لە بواری کۆمەڵایەتیدا.

 

خیتام عەودە، توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونناس و چالاکوانی مافی ژنان، جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانیکردنی ئەو نەوەیە کردەوە کە لە کاتی هێرشەکەدا لەدایک بوون، تۆڕکردن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، فێربوونی چۆنیەتی بەڵگەنامەکردن ڕاپۆرت و شایەتحاڵی زیانبەرکەوتووەکانە کە تووشی نادادپەروەری بوون و لە کاتی هێرشەکەدا مافەکانیان پێشێل کراوە، وتی: گرنگە خۆڕاگری ژنان بەهێز بکرێت بە گرنگیدان بە بەهێزکردنی ئابووری، دابینکردنی هەلی کار، یان قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە زیانەکانیان لەم بوارە تایبەتەدا، بۆ ئەوەی توندوتیژی سیاسی نەهێڵرێت و کۆمەڵگەیەکی باشتر بونیاد بنرێتەوە.